لە هەرێمی کوردستان و کەرکووک داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردن دەکرێت

سەرکردەکانی شەش پارت ولایەنی سیاسی هەڕێمی کوردستان ، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلمانی عێراق، ڕەتکردنەوە و داوای دووبارە کردنەوەی هەلبژاردن لە پارێزگاکانی هەریمی کوردستان و کەرکووک دەکەنەوە.

 

دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی  لوتکەی سەرکردەکانی هەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان، یەکگرتوو ئیسلامی ، کۆمەڵی ئیسلامی، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریی، حیزبی شیوعی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی، لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ، لەبارەگای ئەکگرتووی ئیسلامی لە شاری هەولێر کۆبەنەوە و کۆتاییدا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەیان ئاشکرا کرد.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، سەلاحەدین بەهادین، بەیاننامە هاوبەشەکەی هەر  شەش حزبەکەی خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: بەداخەوە پرۆسەی هەڵبژاردن ڕووبەڕووی دەستێوەردان و ساختەکارییەکی بەرنامە بۆداڕێژراو بووەوە.

هەر لە بەیاننامەکەد ، شەش خاڵ وەک بڕیاری کۆبوونەوەکە خرابووە ڕوو، کە بریتین لە:

١- ڕەتکردنەوەی ئەنجامە بەراییەکان و کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن ، بەهۆی زەوتکردنی ئیرادەی جەماوەری کوردستان دزینی دەنگەکان.

٢- داوای دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان دەکەینەوە، لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک و ناوچە دابڕێندراوەکان بەگشتیی، لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیی و بەزووترین کات.

٣- ئامانجی ڕاستەقینەی لایەنەکانی بەشدار لە کۆبوونەوەکە، بریتییە لە بەرگریکردن و گەڕاندنەوەی پشکی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی گەلەکەمان.

٤- بۆ ئەم مەبەستەی سەرەوە، هەموو ڕێکارە ساسیی و یاسایی و مەدەنییەکان دەگرینەبەر، دوور لە هەموو توندوتیژییەک.

٥- پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە هەماهەنگیی لەنێوان ئەم شەش لایەنە، بۆ بەدواداچوون و گێڕانەوەی دەنگە دزراوەکانی جەماوەر، دەرگاش کرایەوە لەبەردەم هەر سیاسی دیکە، کە ئامادەبێت بەرگری لە مافی دەنگدەرانی گەلەکەمان بکات.

٦- داوا لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین، کە بەخێرایی بەدەم داواکارییەکانمانەوە بێت.

دوابە دوای ڕاگەیاندنی بەراییە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانی پەرلمانی عێراق کە لە ڕێکەوتی ١٢ ئەیار/٢٢ی بانەمەڕ بەرێوە چوو ناڕەزایەتی بەرفراوان لە ئەنجامەکان دروست بوو.

ئەم لایەنانە ئامادە نین بە هیچ شێوازێک  ئەنجامەکان قبوڵ بکەن و داوای دوبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان دەکەنەوە. تا ئیستا کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق هیچ وەڵامێکی بەم لایەنە ناڕازییانە نەداوەتەوە.

ک-ش