لە ڕۆژی ٤١هەمینی بەرخۆدانی ئامەد: مافی کوردان پێشێل دەکرێت
لە شاری ئامەد چالاکی ئێشکگری دیموکراسی لەدژی دەسبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە لە ڕۆژی ٤١هەمینی خۆیدایە.
لە شاری ئامەد چالاکی ئێشکگری دیموکراسی لەدژی دەسبەسەرداگرتنی شارەوانییەکانی هەدەپە لە ڕۆژی ٤١هەمینی خۆیدایە.
لە شاری ئامەد ئێشکگری دیموکراسیی هەدەپە لە ڕۆژی ٤١هەمینی خۆیدا بەردەوامە. چالاکییەکە وەکوو هەموو ڕۆژێک لە شەقامی لیسە لە ناو گەمارۆی هێزەکانی پۆلیسی تورکدا بەڕێوەدەچێت. ئەندامانی کۆنسەی ناوەندی ژووری پزیشکان تورک(TTB ) ، ئەندامانی یەکێتی بۆ دیموکراسی (DÎB ) بەشدارییان لەچالاکییەکەدا کرد و پشتگیری خۆیان بۆ چالاکییەکە دەربڕی.
ئاپۆڕای جەماوەرکە پێکهاتبوون لە هاووڵاتیان، پەرلمانتار، بەڕێوەبەرانی هەدەپە، دایکانی ئاشتی و توێژەکانی تری کۆمەڵگە بە وتنەوەی دروشم دانانی قەیومەکانیان ئیدانەکرد.
لە چالاکییەکەدا سینان چیفتیورەک سەرۆکی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان قسەیکرد و وتی، لەدژی قەیومەکان بەرخۆدانی ئەوام بەردەوام دەکات.
ئەردۆغان ئایدین مێژووناس لە چالاکییەکەدا قسەیکرد و ئاماژەی بەوەکرد کە مافی کوردان لە هەڵبژاردنەکاندا پێشێلدەکرێت و وتی، " ئێوە ئیستا نە تەنها بۆ دەسبەسەرداگرتنی ئیرادەی خۆتان لێرەن ، بەلکوو ئێوە هاوکات بۆ بەرزکردنەوەی ئالای یەکسانی و بەرابەری لە تورکیا تێکۆشان دەکەن. مافی هەرە دیموکراتیکی ئێوەیان زەوت کردووە. ئەمەش نیشانەی دیکتاتۆری و زۆردارییە."
سینان ئادیامان سەرۆکی ژووری پزیشکان لەچالاکییەکەدا ئەوەی خستەڕوو کە ژیانی هاووڵاتیان بە تەندرووستیی بە ئاشتی و ئازادی کۆمەڵگا مسۆگەردەبێت و وتی، تەندرووستی تەنها نەخۆشین نییە. تەندرووستی سەلامەتی کۆمەڵگەیە. هەتاکوو ئازادی، یەکسانی، دیموکراسی و ئاشتی جێگیر نەبێت ئەوا دۆخی تەندرووستیش باش نابێت.
چالاکییەکە دوای ١٠ خولەک دانیشتن کۆتایی هات.
ک-ش