مەخەدەشە لەبارەی ڕێککەوتنی بەغدا – هەولێر ڕاگەیەنراوێکی بڵاکردەوە

ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) ڕایگەیاند، هەر بڕیارێک کە ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدی لەبەرچاو نەگرێت ناگاتە ئەنجام و وتی، "گوڕانکاریەکان و گفتوگۆکان بێ ئێمە قبوڵ ناکرێن."

ئەنجومەنی خۆسەری دیموکراتیکی شەنگال (مەخەدەشە) لەبارەی ڕێککەوتنی هەرێمی کوردستان و بەغدا لەسەر شەنگال ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەی مەخەدەشەدا هاتووە، "لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا بە ئامانجی جینوسایدکردنی گەلی ئێزدی دوای ڕادەستکردنی شەنگال لە لایەن پەدەکەوە و خاوەندارینەکردنی حکومەتی عێراق، داعش هەوڵیدا گەلەکەمان بە گشتی کۆمەڵکوژ بکات، بەڵام دوژمن ئامانجەکەی نەپێکا و دۆخەکە پێچەوانە بووەوە. کۆمەڵگای ئێزدی هێز و ئیرادە و بەرخۆدانی خۆی پیشاندا. باجی گەورەیدا و ڕێگای لە دوژمن گرت. بەرلە ٢٠١٤ ئیرادە و سیاسەتێکی پارتە سیاسیەکان لەسەر ئێزدیەکان دەسەپێنرا، بەڵام دۆخەکە تێپەڕی و ئێستاش نە کۆمەڵگا کۆمەڵگای جارانە و نە سەردەمەکەش سەردەمەکی جارانە."

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هەروەها ئاماژە بە ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی شەنگال کراوە و باسی ئەوە دەکرێت، "هەر گفتوگۆ و دانوستانێک بۆ چارەسەر شەنگال و هەر پڕۆژە و بڕیارێک بە بێ وەرگرتنی بۆچوونی کۆمەڵگای ئێزدی و سەپاندنی هەندیک سیاسەت، بێئەنجام دەبن. ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی بپارێزرێت و ستاتوی شەنگال هەمیشەیی ببێت، بگەینە بۆچوونێکی هاوبەش کە ئیرادە و هەبوونی کۆمەڵگاکەمان بە ئازادانە لەبەرچاو بگیرێت."

مەخەدەشەدا دەشڵێت، " ٦ ساڵە شەنگال لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیەکەمانەوە بەڕیوە دەبرێت و هیچ کێشەیەکیش ڕووینەداوە و ئێمە خزمەتی گەلەکەمان دەکەین و لە خزمەتکردنیش بەردەوام دەبین.

لەبەرئەوەش هیچ هەوڵێک و بڕێارێک لە دەرەوەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزدیمان، سەرکەوتوو نابێت."

لە کۆتاییدا مەخەدەشە داوای کر پێکهاتەکانی شەنگال کرد لە بەرانبەرئەم جۆرە بڕیارانە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان هەبێت.

ف.ق