ناسر یاگیز: ئەگەر گەل پێداگر بێت کۆتایی بە گۆشەگیری دێت
ناسر یاگیز کە لە ۱۰۰مین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن دایە ڕایگەیاند: "پێویستە گەل خاوەنداری لە داخوازی مانگرتووان بکات و ئەگەر پێدار بن ئەوا ساڵی ۲۰۱۹ دەکەینە ساڵی ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ".
ناسر یاگیز کە لە ۱۰۰مین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن دایە ڕایگەیاند: "پێویستە گەل خاوەنداری لە داخوازی مانگرتووان بکات و ئەگەر پێدار بن ئەوا ساڵی ۲۰۱۹ دەکەینە ساڵی ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ".
ناسر یاگز ئەندامی نوێنەرایەتی هەدەپەی لە باشوری کوردستان، لە دژی گۆشەگیری سەختکراوی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و بۆ پشتیوانی له مانگرتنی لەیلا گیوڤەن پارلەمانتاری هەدەپە و هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکراتی، بە شێوەی بێوادە مانگرتنی لە خواردن ئەنجام داوە.
مانگرتنەکەی ۱۰۰ ڕۆژی پڕکردەوە
مانگرتنەکەی ناسر یاگیز لە ڕێککەوتی ٢١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە بارەگای نوێنەرایەتی هەدەپە لە باشوری کوردستان لە شاری هەولێر بە دروشمی (گۆشەگیری بشکێنە، فاشیزم لەناو بەرە و کورردستان ئازاد بکە، ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین) دەستی پێکردوە و ئەمڕۆکەش ڕێک ۱۰۰ ڕۆژی پڕکردوەتەوە. یاگیز جەخت دەکاتەوە:" ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر ڕێبەر ئاپۆیە پێویستە تێبشکێت و لەگەڵ ڕیبەر ئاپۆ بە ئازادیی بژین، پێویستە گەلەکەمان خاوەنداریی لە چالاکوانانی زیندان بکەن، چونکە فشار زۆریان لەسەرە، پێش ئەوەی کەسێک شەهید بێت، پێویستە گەلەکەمان ڕابن و ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان بەجێبهێنن".
یەکێک لەو کەسانەی هەر لە ڕۆژی یەکەمی مانگرتنەکەیەوە لەگەڵ ناسر یاگز بووە، موزەیەن گونەش هاوسەرۆکی نوێنەرایەتی هەدەپەیە لە باشوری کوردستانە و ئەو وەها باس لە بڕیاردانی یاگز بۆ دەست پێکردنی مانگرتنەکەی دەکات و دەڵێت: "لە ڕۆژی دەستپێکەوە تا ئێستا کە دەبێتە ١٠٠ ڕۆژ، ناسر بە پێداگرییەوە بەردەوامە لە مانگرتنەکەی. هەر کاتێ کە ناسر دەهات باسی لەوە دەکرد کە مانگرتنئەنجام بدات، ئێمەش پێمان-دەمانوت؛ بڕۆ باش بیری لێبکەرەوە، چونکە ئەوە بڕیارێکی سەختە. بەڵام ناسر بە پێداگرییەوە دەیوت' پێویستە دەنگم بخەمە پاڵ دەنگی لەیلا گیوڤەن و پێکەوە ئەو گۆشەگیری ئیمرالی بشکێنین و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ بە ئازادیی بژین'، کاتێک ئێمە لە نوێنەرایەتیی هەدەپە دەستمان بە چالاکیی مانگرتن بەشێوازی ئێشکگری کرد، ناسریش بەشداریی تێداکرد، بەڵام ئەو بڕیاری خۆی دابوو، کە بە شێوازی بێوادە و بێسنوور مان لە خواردن بگرێ و وایشی کرد.
تەندروستیی نالەبارە بەڵام ئیرادەی بەهێزە
گونەش ئاماژە بەوە دەکات کە ناسر تەندروستیی زۆر نالەبارە، سەر ئێشە و کێشەی بینایی هەیە، ئێسکەکانی دەپوکێنەوە و تووشی هەندێک نەخۆشیی دیکە بووە، بەڵام سەرەڕای ئەمانە، ئیرادە و مۆراڵی زۆر بەرزە و سەرەڕای ئەوەش مۆراڵ بە هەڤاڵانیشی دەدات و دەڵێت 'زۆر خۆشحاڵم کە لەگەڵ هەڤاڵ لەیلا پێشەنگایەتیی ئەو ڕێگایە دەکەم'، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادیی و سەرفرازی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. پێویستە گەلی کورد لە مانگرتنەکان مۆراڵ وەربگرێت و چالاکییەکان زیاتر بکات. بەگشتی هەرچەند دۆخی تەندروستیی ناسر نالەبار و خرابە، بەڵام ئیرادە و ورەی زۆر بەهێزە.
ساڵی ٢٠١٩ بە بەرخۆدان دەنەخشێنین
گونەش بەردەوام دەبێت و دەڵێت: "بە هاتنی ساڵی تازە ئیرادە و مۆراڵی ناسر بەرزتر بوویەوە، ناسر دەیوت 'ساڵی ٢٠١٩ دەکەینە ساڵی بەرخۆدان'، زۆر دڵخۆشین بە چالاکییەمان و چالاکییەکەمان بە سەرکەوتن دەنەخشێنین، ئەوانەی بۆ پشتیوانی سەردانمان دەکەن نابێت بە دڵسووتاوی و بەزەییەوە تەماشامان بکەن، چونکە ئێمە لە پێناوی ئازادیی گیانیمان بەخت دەکەین، لەوانەیە ئێمە شەهیدیش بین، بەڵام هیچکات پەشیمان نابینەوە لەو ڕێگەیە کە هەڵمانبژاردووە، دەبێت شانازیمان پێوە بکەن، چونکە ئەو ڕێیەی هەڵمان-بژاردووە ڕێگای حەقیقەت و راستی گەلی کورددە، ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی گەلی کورددە، ئێمە ساڵی ٢٠١٩ دەکەینە ساڵی بەرخۆدان و بەو بەرخۆدانە دەنەخشێنین".
دەبێت هەمووان پشتیوانی مانگرتوون بن
هەروەها، مزگین ئاری، ئەندامی ئەنجومەنی هەدەپە، کە ئەویش لەسەرەتای چالاکییەکەوە لەگەڵ ناسر یاگز-دا بووە و بەشداریی چەند خولێکی مانگرتنی بەشێوەی نۆبەتی و ئێشکگری کردووە، دەڵێت: "تا دێت ڕەوشی مانگرتوان زیاتر مەترسیدارتر دەبێت، بۆ ئەوەی حاڵەتی شەهید بوون ڕوونەدات، پێویستە تا زووە داخوازییەکانیان جێبەجێی بکرێن. بو ئەوەیش دەبێت هەمووان کار و خەباتی جددی بکەن. دەبێت یادەکانی ئازار و نەورۆز و ٨ی مارس بکەینە دەرفەت بۆ ئەوەی ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە نەمێنێت و هەر ڕۆژە و لە دەرفەتێکدا چالاکیی جۆراو جۆرمان هەبێت".
گۆشەگیری تەنها لەسەر ڕێبەر ئاپۆ نییە
ئەو ئەندامەی هەدەپە، ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە لە ئێستادا باکوری کوردستان و تورکیا لە زیندانێک دەچێت بۆ ئەو کەسانەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن و دەنگیان بەرزدەکەنەوە، تورکیا نایەوێت گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەنگ و کاریگەریی هەبێت، بۆیەش ئەمڕۆ ئەو گۆشەگیرییەی لەسەر ڕێبەر ئاپۆ هەیە، بە تەنها لەسەر ئەو نییە، بەڵکو ئەو گۆشەگیرییە لەسەر تەواوی گەلی کورد و ئازادیخوزانبوونی هەیە. بۆیە دەبێت بە هەموو توانامانەوە لە کوردستان و دەرەوە تێبکۆشین تا ساڵی ۲۰۱۹ بکەینە ساڵی بەرخودان و سەرفرازی و ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان".
هـ.هـ