ناوی کومەڵکوژیی کورد؛ هەڵەبجە

ڕژێمی بەعس بە ئامانجی لە ناوبردنی گەلی کورد لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨ هەڵەبجەی بە گازی کیمیاویى بۆردومان کرد، بەڵام ڕژێم بۆ خۆی لە ناو چوو و گەلی کوردیش هەرماوە و هاووڵاتییانی هەڵەبجەش بە شێوازی جیاواز جیاواز یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە.

لە ١٦ ئاداری ١٩٨٨ حکومەتی عێراق بە ئامانجی لە ناوبردنی گەلی کورد شاری هەڵەبجەی کیمیابارانکرد. لە دوای ئەو کۆمەڵکوژییە هەڵەبجەیەکان و کەسوکاری شەهیدان ئەو کۆمەڵکوژییە بەبیر دێننەوە. دوێنێ لە یادی ٣١ ساڵەی ئەو کۆمەڵکوژییەدا هەڵەبجەیەکان ڕەشیان پۆشی بە چەندین مەراسیمی جیاواز ئەو کۆمەڵکوژییەیان بەبیر هێنایەوە و یادی شەهیدانیان بەرزراگرت.

غەفور سەعید ئەحمد قوربانییەکی کیمیابارانەکەیە و بە هۆی ئەو ڕووداوەوە چاوێکی لە دەستداوە و دەڵێت: کاتی ڕوداوەکە ئێمە بۆ پاراستن خۆمان لە ناو ئاوەڕۆی شار شاردەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەش کاریگەریی لەسەرم کرد چاوێکم لە دەستدا، بە تەنها چاوێکەوە بەرەوە چیاکان ڕام کرد تاکو خۆم گەیاندە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

ئەو قوربانییەی چەکی کیمیاویی وتیشی، بەهۆی کیمیابارانەکەوە ٨ کەس لە کەسوکارم شەهید بوون.  هاوکات  غەفور سەعید ڕەخنە لە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەێوندیدارەکان دەگرێت و دەڵیت، ئێمەی قوربانیان قەربوو نەکراوینەتەوە و هاوکاریمان ناکرێت وەک پێویست.

زارای عەلی ڕەحیم دایکێکی هەڵەبجەییە و جلی ڕەشی لەبەر کردبوو بە خەمباری لە مەراسیمەکدا ئامادە بوو. کاتێک دواندم بە چاوی پر فرمێسکەوە باسی ئەو ڕۆژەی بۆ کردم و وتی: کاتێک کارەساتەکە ڕوویدا من لە ناوچەی عەنەب لەگەڵ براکانم بووم، بەڵام بە هۆی بۆردوومانەکەوە لەگەڵ براکانم دابڕام بەرەو ڕۆژهەڵاتی کودستان کۆچمان کرد. کاتێک چووم بۆ ڕۆژهەڵات زانیم دوو برا و خوشکێکم شەهێد بوون. یەکێک لە براکانم ٦ منداڵی هەبوو تەواوی منداڵەکانیشی شەهید بوون. بە گەشتی بەهۆی ئەو کۆمەڵکوژییەوە ١١ کەس لە کەسوکارم شەهید بوون. ئێمە ویستمان زیاتر بیدوێنین و زانیاریمان پێ بدات لەسەر ئەو کۆمەڵکوژییە، بەڵام لە بەر هەستیاری و دڵپڕیی نەیتوانی قسەمان بۆ بکات. 

لە مۆنەمێنتی هەڵەبجە چەندین نمایش و کاری هونەری ڕیكخرابووون بۆ بیرهێنانەوەی ئەو كۆمەڵكوژییە. جەلیل ئەحمد و پێشەوا مەهدی دوو وێنەگری گەنجی شاری هەڵەبجەن. ئەو دوو وێنەگرە بە ٣١ تابلۆ وەک ئاماژەیەک بە یادی ٣١ ساڵەی کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە بەشداری ئەو مەراسیمان کردووە.

 جەلیل ئەحمدی وێنەگەر دەربارەی پێشناگایەکەیان وتی: من ئەو وێنەنام کۆکردووەتەوە، کە لە ساڵی ١٩٨٨ لە کاتی بۆردوومانەکەدا گیراون. لە ئیستادا من وێنەی هەمان ئەو شوینانەم گرتووەتەوە و وێنە کۆن و تازەکانم پێکەوە نمایشم کردووە. دەمەوێت بە وێنەکانم ئەو پێشان بدەم کە ڕاستە کۆمەڵکوژی کرا و گەلێک خەڵک بوونە قوربانی، بەڵام هەڵەبجەیەکان جارێکیتر ژیانیان ئاوا کردووەو  ئیستا ئەو ناوچانە ئاوادانە.

هەر لە مۆنەمێنتی هەڵەبجە ئەو فڕۆکەیە نمایش کراوە، کە لە ١٦ ئاداری ساڵی ١٩٨٨ هەڵەبجەی پێ بۆردوومان کرا و ڕژێمی بەعس هەوڵی قڕکردنی گەلی کوردی پێدەدا، بەڵام حکومەتی بەعس ڕووخا و گەلی کوردیش کۆتای پێنەهات، بەڵکو  لە دوای ٣١ ساڵ ئیستا منداڵانی کورد لەسەر پشتی فڕۆکەکانی ڕژێم بەعس یاری دەکەن، هاووڵاتییانی هەڵەبجەش دەڵێن: با ئەو ڕووداوە ببێتە وانە بۆ هەموو ئەو ڕژێمانەی، کە ئینکاری گەلی کورد دەکەن هەوڵی قڕکردنی دەدەن.

ر.م