دەرباری داگیرکاریی دەوڵەتی تورک لە سەریکانی و گرێ سپی و گۆڕینی دیموگرافیای ناوچەکە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە و ساڵیادی دەستپێکردنی پیلانگێریی نێونەتەوەیی دژ بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، نورشەن حسێن هنوێنەری بەرێوبەرایەتی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ( ڕۆژئاوای کوردستان) لە باشووری کوردستان بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) قسەی کرد.
داگیرکاری بە هاوکاریی ئەمریکا بەڕێوە چوو
نورشەن حسێن وتی: "ساڵیک تێپەڕ دەبێت بەسەر داگیرکاریی هەر یەک لە شارەکانی گرێ سپی و سەرێکانی دا، کە دەوڵەتی تورک بە هاوکاریی چەتەکانی داگیریان کرد، بێگومان ئەو داگیرکارییە بە هاوکاریی ئەمریکا بەڕێوەچوو، کە لە بەشێک لە خاکی سوریا پاشەکشەی کرد و پەیمانی لەگەڵ تورکیا بەست لەسەر بنەمای پاراستنی ئەمنی و نەتەوەیی، دەوڵەتی تورک بپارێزێت، لەو چوارچێوەیەدا هێرشیکی فراوان بۆ سەر سەرێکانی و گرێ سپی دەستیپێکرد، بەهانەی تورکیا ئەوە بوو، کە شەڕی تیرۆر دەکات و ئەمنیەتی سنووری خۆی دەپارێزێت و سیستمێکی نوێ دروست دەکات، بەڵام لە دوای ساڵێک ڕووی ڕاستی پلانەکە بە تەواوەتی ئاشکرا بوو، کە ئەوشتانەی دەیگووت تەنها بەهانەیەکی داگیرکارییە، بەڵکو لە ڕاستیدا پلانی داگیرکارییەکەی بۆ گۆڕینی دێموگرافیای ناوچەکەیە، تورکیا کار لەسەر داگیرکاریی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست دەکات و پلانێ چەپەڵ بەڕێوە دەبات و ئامانج لێی دروستکردن و زیندوکردنەوەى پەیماننامەی میساقی میللیی تورکە".
"لە سەرێکانی تیرۆری دەوڵەتی تورک بەڕێوە دەچێت"
نورشەن حسێن هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا وتیشی: "لە سەرێکانی ئەوەی دەیبینین ژیانێکی نا ئاشتییایە و ژیانێکی تێرۆر و وەحشیانە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە بەڕێوە دەچێت، کردەوەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی سەر بەو دەوڵەتە لەسەر بنەمای چۆڵکردنی سەرێکانییە لە هاووڵاتییەکانی ئەو شارە و لەجیاتی ئەو هاووڵاتییانە گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان جێگیر دەکات و لە ڕاستیدا ئەو گروپانە هیچ پەیوەندییەکیان بە ئیسلامەوە نییە، بەڵکو گروپی چەتە و تیرۆرستن,
سەرێکانی کە بە فرە ڕەنگی و پێکەوە ژیان دەناسرا، بە نەتەوەکانی وەک کورد، عەرەب و ئەرمەن بەرێوبەرایەتیی خۆسەر و ئیرادەی ئازادی دەناسرا لەسەر بنەمای نەتەوەی دیموکراتیکی برایەتیی گەلان ژیان بنیاتنرابوو، بەڵام لە ئێستادا هەموو شت پێچەوانە بووەتەوە ژیانێکی بەدەر لە هەموو پێوانەکانی مافی مرۆڤ سەپێنراوە، هەموو کردەوەیەکی وەحشیانە بەرامبەر هاووڵاتییان بەڕێوە دەبرێت، لەلایەن تورکیاو و گروپە چەتاکانی سەر بەو دەوڵەتە، کە لە بەدەرن لە هەموو پێوانەکانی مافی مرۆڤە."
هەڵبژاردنی ٩ی تشرینی یەکەم رێککەوت نەبوو
ئەو بەرپرسەی باکور و ڕۆژەهەڵاتی سوریا سەرنجی ڕاکێشایە سەر هەڵبژاردنی ڕۆژی دەستپێکردنی داگیرکاری بۆ سەر سەرێکانی وتی: "هەڵبژاردنی ڕۆژی ٩-ی تشرینی یەکەم (ئۆکتۆبەر) وەک دەستپێکردنی داگیرکاری بۆ سەر سەرێکای بە رێککەوت نەبوو، چونکە ئەو ڕۆژە لە بیرواڕی گەشتیی گەلی کورد وەک ڕۆژێکی ڕەش و پڕ لە ئێش دەناسرێت، لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژە ڕۆژی دەستپێکردنی پیلانگێریی نێونەتەوەیی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد و فەیلەسوفی ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان، لە ڕۆژێکی وەهادا لە ساڵی ١٩٩٨ بە پیلانگێڕییەکی نێوەنەتەوەیی بە سەرۆکایەتیی هێزە هەژموونگەراکانی جیهان و ئەمریکاش یەکێک لەو هێزانە بوو پیلانگێڕییان لەسەر ڕێبەری گەلی کورد پێکهێنا و ڕێبەر ئاپۆ ناچار کرا سوریا بەجێبهێڵێت و لە ئەنجامدا ڕێبەری گەلی کورد بەو پیلانگێڕییە لە ١٥ شوباتی ١٩٩٩ دیلکرا، بێگومان گەلی کورد ئەو پیلانگێڕییە بە دژی خۆی دەبێنیت.
هەروەها ناوبراو لە درێژەی قسەکانی باسی لە ڕۆڵی فیکریی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد کرد لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتی: "سیستمی پێکەوە ژیانی گەلان کە ئێستا لە باکور ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێشتر لە عەفرین و سەریکانیش بنیاتنرابوو لە ژێر چەتری ئازادی و ئاشتی و پێکەو ژیانی گەلان، گەلانی ناوچەکە بە شێوازێکی دیموکراتییانە دەژین، هەمووی بەرهەمی فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆیە، فەلسفەی نەتەوەی دیموکراتی و برایەتیی گەلانە، بێگومان ئەو فەلسەفەیە لە بەرامبەر سیاسەتی هەژموونگەرای جیهانی و سیستمی سەرمایەداری بەدیلێکی زۆر گرینگە، فەیلوسوف بیرمەندەکانی جیهانیش ئەوە دەزان و دەی نرخێنن، بۆیە پەیوەستبوونێکی زۆر هەیە لە نێوان ڕۆژی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی داگیرکاری بۆ سەر سەرێکانی و پیلانگێڕی لەسەر ڕێبەری گەلی کورد، بێگومان دەوڵەتی تورک بە تایبەتی کار لەسەر ئەوە دەکات و ئەو ڕۆژانە هەڵدەبژێرێت، ئەوەشمان بیر نەچێت پێشترێش دەوڵەتی تورکیا لە رۆژی ٢٥ حوزەیران دا، کە ساڵیادی لە سێدارەدانی شێخ سەعیدی پیران بوو بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد دەرکرد، بەڵام خۆشبەختانە ئەوە پێکنەهات."
تورکیا بۆ پاکتاوکردنی کوردان پلانی دڕندانە و هۆڤانەی هەیە
نورشەن حسێن جەختی لەوەکردەوە، کە تورکیا هەمیشە بۆ پاکتاوکردنی گەلی کورد پلانی وەحشییانەی هەیە و لە بەردەوامیی قسەکانیدا وتی: "هەموو کەس ئەو ڕاستییە دەزانێت، هەم گەلی کورد هەم کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، نەتەوە یکگرتوەکان لە ماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی لەسەر پێشلکارییەکانی دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر گەلی کورد بڵاو کردەوە، هەرچەندە ڕاپۆرتەکە کورتیش بێت، بەڵام ئەوە دەردەکەوێت، کە دەوڵەتی تورکیا هاتووەتە ئاستێکی وا، کە هەموو پیلانەکانی ئاشکرا بوون، لە هەموو شوێنێک دەستوەردان دەکات. گەلێک بەرەی شەری کردووەتەوە، لە لیبیا، لە ئازربایجان، لە سوریا و عیراق، هەموو هەوڵەکانیشی ئەوەیە کە باڵادەستیی فاشیزمی خۆی لە ناوچەکەدا بڵاوبکاتەوە."
نورشەن حسێن هاوسەرۆکی نوێنەرایەتیی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کۆتایی قسەکانیدا، بانگەوازی بۆ یەکێتی و یەکڕێزیی نەتەوەی و لایەنە سیاسییەکانی گەلی کورد کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی پلانە مەترسیدارەکانی دەوڵەتی تورک و هەڵمەتی ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ، داواشی کرد ئەو یەكێتییە لە ناو ماڵی کوردی دروستبووە لە ڕۆژئاوای کوردستان ببێتە هەوێنێک بۆ یەكێتیی نەتەوەیی گشتی، جەختی لەوەش کردەوە، بە بێ ئازادیی ڕیبەر ئاپۆ ئاشتی و ئازادی بۆ ناوچەکە بەدینایەت.
ژ.ت/ ڕ.ح