هاووڵاتیانی هەولێر لە دژی داگیرکاریی دەوڵەتی تورک ڕژانە سەرشەقام

بە ئامانجی ئیدانەكردنی هێرشی داگیرکارانەی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، هاوڵاتیانی هەولێر بە شێوەیەکی گرسەیی ڕژانە سەر شەقام و لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان گربوونەوە و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان ئیدانەکرد.

کاتژمێر ١٤:٣٠ خولەکی پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

خۆپیشاندانەکە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و خۆپیشاندەران دروشمی''نابۆ كۆمەڵكوژیی و تیرۆری ڕۆژئاوای كوردستان'' و "تیرۆرست ئەردۆغان"یان دەوتەوە و داوایان کرد، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕێگریی لە پەلامار و كۆمەڵكوژیی دەوڵەتی تورک بگرێت.

لەو خۆپیشاندانەدا هەموو توێژە جیاوازەکان بەشدارییان کردبوو، تەنانەت خاوەن پێداویستیی تایبەت بە کورسیی کەمئەندامییەکەیەوە پێشی چالاکوانان کەوتبوو.

خۆپیشاندەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامونووسییدا یاداشتێکیان خوێندەوە، کە ئاڕاستەی نەتەوە یەکگرتووەکانیان کردبوو.

تەواوی یاداشتەکە:

بۆ بەڕێز : بەڕێوەبەری نەتەوە یەكگرتوەكان لە هەرێمی كوردستان

بەڕێز نوێنەرایەتی خاچی سوری جیهانی لە هەرێمی كوردستان

پەلامارو و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆسەر گەلی ڕۆژئاوا بە كورد و سریان و عەرەب و ئەرمەنی بە هاوكاریی گروپە تیرۆریستییەكانی قاعیدەو داعش، دوابەدوای بڕیاری كۆشكی سپی ئەمریكا و كشانەوەی هێزەكانیان لە ناوچە سنورییەكانی ڕۆژئاوای كوردستاندا دەستی پێكردووە و بە ئاشكرا بانگەشەی كۆمەڵكوژیی و گۆڕینی دیمۆگرافیای هەرێمەكە دەكەن.

بۆ بەرگرتن بەم تاوانە نێو دەوڵەتیانە و مەترسی ئەنجامدانی هەموو تاوانە نێو دەوڵەتییەكانی وەك تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی عدوان لە ئارادایە و دەستپێكی تاوانەكەش بە فڕۆكە باران و تۆپبارانی ناوچە مەدەنییەكان دەستی پێكردووە .

لێرەوە داوا لە نەتەوە یەكگرتوەكان دەكەین هێزی خۆی بەكار بهێنێت بۆ بەرگرتن بەم تاوانە و راگرتنی هێرشەكان و داگیركاری و پاراستنی هاوڵاتیانی سڤیل لە كاتی جەنگدا , رێگا بدرێت هاووڵاتیانی ناوچەكان ئارزوومەندانە شێوازی حوكمڕانی خۆیان دیاربكەن كە تیایدا مافی مرۆڤ و مافە سەرەتاییەكانیان بە پێی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و یاسای جیهانی مافی مرۆڤ پارێزراو بێت .

تكایە بەر بە شەڕ و كۆمەڵكوژی و جینۆساید بگرن .