هێرشكرایه‌ سه‌ر یاریزانانی یانەی سەردار-ی شاری بۆکان

لە شاری بۆکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دوای به‌ڕێوه‌چوونی یارییه‌ك، هێرش کرایە سەر یاریزانانی یانەی سەردار-ی شاره‌كه‌.

ڕۆژی چوارشەممە ٧ی شوبات/ ١٨ی ڕێبەندان، تیپی تۆپی پێی-ی یانەی سەردار لە شاری بۆکان و یانەی ئیستیقلالی ئەلئەحواز له‌ یاریگه‌دا ڕوووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه‌. یارییه‌‌كه‌ به‌ ئه‌نجامی ٢-١ لە قازانجی یانه‌ی سه‌رداری بۆكان كۆتایی هات. دوای یارییه‌كه‌ گرووپێك هێرشیان كرده‌ سه‌ر ڕاهێنه‌ر و یاریزانانی یانه‌كه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ بۆكان به‌ ANFی ڕاگه‌یاند؛ دوای كۆتایی هاتنی یارییه‌كه‌، خەڵکی شاری بۆكان بۆ دەربڕینی خۆشی، چوونه‌ یاریگه‌ی کۆنی شارەکە لە شەقامی وەرزش. به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی ڕاهێنه‌ر و یاریزانانی یانه‌كه‌ بچنه‌ نێو ئاپۆڕای هاوڵاتیان و پێكه‌وه‌ ئاهه‌نگ بگێڕن، گرووپێکی ٣٠ – ٤٠کەسی لە شوێنێ حەوانەوە و پشوودانی یانەکە، هێرشیان كرده‌ سەر ڕاهێنه‌ر و یاریزانانی یانه‌كه‌ و ئازارێكی زۆریان داون. سه‌رچاوه‌كه‌ وتیشی چه‌ند یاریزانێكی یانه‌ی سه‌رداری بۆكان بەهۆی ئەو هێرشەوە به‌شێكی جه‌سته‌یان شكاوه‌.

یانەی سەردار-ی بۆکان، لە ئاستی پله‌ دووه‌كانی ئێراندا یاری دەکات و لە هەوڵی گەیشتن بە ئاستی پله‌ نایابه‌كان دایه‌. ئەو یانەیە ماوه‌یه‌كی زۆر نییه‌ دامه‌زراوه‌، بەڵام به‌هۆی پشتگیرییه‌كانی خەڵکی بۆکان بەتایبەتی و گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی، بۆتە یەکێک لە هەرە یانە پڕ لایەنگرەکانی ئێران.

«ئەو یانەیە لە سەرەتای پێشکەوتنەکانی لە ئاستی یاریکردندا، بۆتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێی بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران. یانه‌كه‌ بە دەیان جار ڕووبەڕووی هێرش و گوشار بۆتەوە. ساڵی ڕابردووش، لە لایەن کەسانێکی نێو فیدراسیۆنەکە کە هەموو شتێک بە بواری ئەمنییەوە دەبەستنەوە، هەڕەشە لە سەرپەرشتیار و ڕاهێنەرانی یانەکە کرابوو کە بە هیچ جۆرێک بۆیان نییە یاری کۆتایی ببەنەوە و دەبێ خۆیان بە دۆڕاندن بدەن.»

«ئەو هەڵوێستەی فیدراسیۆنه‌كه‌، ڕووبەڕووی ڕەخنە و گازندەی تووندی لایەنگرانی یانەکە ببووه‌وه‌ و هەتا گەیشتە ئاستێک کە یەکێک لە ڕەخنەگران و ڕۆژنامەنووسانی وەرزشی شاری بۆکان به ناوی «لوتفی» بە شێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەستدا. دەگوترێت کە ئەم ساڵیش، جارێکی دیکە یانه‌كه‌ ڕووبەڕووی هەمان هەڵوێستی بەرپرسانی وەرزشی پارێزگه‌ و بەشی ئەمنیی فێدراسیۆنەکە بووەتەوە و پێیان گوتوون کە بۆتان نییە لە یاریی کۆتاییدا براوە بن. هەر بۆیە گەلی شارەکە، هێرش کردن بۆ سەر یاریزانان به پیلانی بەرپرسانی ئەمنیی و وەرزشی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەزانێت.»

به‌پێی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فورات، قایممەقام و بەرپرسانی شارەکە لە دوای ئەو ڕووداوە لەگەڵ بەرپرسانی یانەکە كۆبوونه‌ته‌وه‌ و پێیان ڕاگه‌یاندوون كه‌ ئەوان بۆ خۆیان بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەن، داوایان لێ كردوون؛ یانەکە هەڵوێستێکی فەرمی لەسەر ئەو ڕووداوه‌ نەبێ و بێدەنگی لێ بکات و خەڵک و مێدیای لێ ئاگادار نەکەنەوە بۆ ئەوەی کێشەی ئەمنی لە شارەکە درووست نەبێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ ئاژانسی هه‌واڵی فورات ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد؛ ئەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر یانەکە کەسانێکی ناسراوی شارەکەن کە تاوانەکانیان لە لایەن بەرپرسانەوە پەردەپۆش دەکرێت. خه‌ڵكی شارەکە پێیانوایە ئەوانە لە لایەن دەزگایەکی ئەمنی شارەکەوە پشتگیرییان لێ دەکرێت بۆیە وا بە ئاسانی دەتوانن هێرش بكه‌نه‌ سەر یاریزانان.

«کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر پێشکەوتنێکی شارە کوردنشینەکان لە هەر ئاست و قۆناغێک دا بێت بەگومانە و هەوڵی ڕێگری کردنی دەدات. پێیان وایە کە بوونی لایەنگری زۆری یانەیەک لە یەکێک لە شارە کوردییەکان، دەتوانێ لە بابه‌ته‌ جیاجیاکاندا کێشەی ئەمنی درووست بکات و ڕۆحییەتی نەتەوەیی گەلی کورد بەرز بکاتەوە. ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ده‌ڵێت؛ ئەو بابه‌ته‌ ته‌نها تایبەت بە کورد نییە، بەڵکوو بۆ یانەی شارە ئازەرینشینه‌كانی وەک تەورێز-یشە. بە شێوەیەک کە یانەی «تراکتۆرسازی»ی ئەو شارە و لایەنگرانی بە دەیان جار تووشی کێشە کراونەتەوە و چەندین جاریش لە کاتی دەربڕینی خۆشیدا لایەنگرانی سەرکوت کراون.»

«کۆماری ئیسلامیی ئێران لەنێو خۆیدا تووشی داڕمان بووە و هەموو جووڵەیەک وەکوو هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی وه‌ڵات (ڕژێم) دەبینێت و گوشارەکان لەسەر یانەی سەردار-ی شاری بۆکان-یش لەو چوارچێوەیە دایە.»

گەلی بۆکان، لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی ڕابردوودا کە شاری عەفرین لە ڕۆژاوای کوردستان کەوتۆتە بەر پەلامار و دڕندەیی سوپاکەی ئەردۆغان و چەتەکانی هاوپەیمانی، بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێرشە نامرۆڤانەیە و پشتگیری کردن لە قارەمانێتی شەڕڤانان و گەلی عەفرین، دوێنێ له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و یارییه‌دا، له‌ یاریگه‌دا بۆ جاری دووه‌م به‌ هەزاران کەس درووشمی «مردن بۆ فاشیست ئەردۆغانی تیرۆریست»، «بژی یەپەگە/یەپەژە» و «بژی بەرخۆدانی عەفرین» دەڵێنەوە. ئەوەش خۆی لە خۆیدا بە مانای یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستیی گەلی کورد دێت کە کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستانی تووشی شڵەژان کردووە.

 

ش. م