هەڵۆکانى خواکورک

گەریلاکان لە دژى هێرشى فڕۆکە جەنگییەکان بە بەردەوامى و هەر ٢٤ کاتژمێرى شەو و رۆژ ئێشکگرى دەکەن. ئەو گەریلایانە لە بەرزترین خاڵى جوگرافیاى کوردستاندا ژیانێکى تایبەتیان بۆ خۆیان خوڵقاندووە.

گەریلاکان لە دژى هێرشى فڕۆکە جەنگییەکان بە بەردەوامى و هەر ٢٤ کاتژمێرى شەو و رۆژ ئێشکگرى دەکەن. ئەو گەریلایانە لە بەرزترین خاڵى جوگرافیاى کوردستاندا ژیانێکى تایبەتیان بۆ خۆیان خوڵقاندووە.

سەنگەری دۆشکا بە بەرزترین خاڵ و سەنگەری گەریلاکان دەناسرێت. بینینى ئەو سەنگەرانە کارێکى ئاسان نییە. دەبێت مرۆڤ بۆ بینینى دەستەیەک لە دۆشکەوانەکان رێگایەکى باش ببڕێت و عارەقێکى چاک بڕێژێت. بۆ دۆشکاوانى جەستەى بەهێز، وردبینى و نیشانەشکێنیى باش و باڵادەستیى جوگرافی پێویستە. دواى ئەوەى دەوڵەتى داگیرکەرى تورکیا لە ١٤ى کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ٢٣ى سەرماوەز، دەستیکرد بە هێرشى داگیرکاریى بۆ سەر باشوور، من رۆیشتم بۆ خواکورک و ماوەیەکى زۆر لەوێ ماممەوە. سەربارى هەلومەرجى قورسى زستان، ئێستا دەچمە سەر ئەو گردانە، کە پێشتر لەبەر دۆخى ئەمنى نەمدەتوانى بڕۆمە سەریان.

دواى بڕینى رێگایەکى ٧ کاتژمێرى گەیشتمە سەر گردەکە

سەربارى ئەوەى ڕێگاکە زۆر سەختە و مرۆڤ بە باشى هیلاک دەکات، بەڵام دەمەوێت هەڵۆکانى ئازادی و ئەو گەریلایانە ببینم، کە بۆ خەونی کوردستانێکى ئازاد شەڕ دەکەن. دواى ٧ کاتژمێر لە ڕێگا رۆیشتن، گەیشتمە سەر ئەو گردەى کە بۆى دەڕۆیشتم. گەریلا بە سڵاوێکى گەرمەوە پێشوازیم لێدەکەن.

کاتێک مرۆڤ لەسەر ئەو گردە سەیرى دەورووبەرى خۆى دەکات، بەشێک لە هەرێمە ناکۆتاکانى پاراستنى مەدیا دەبینت. جوانى و سروشتى ئەو زنجیرە چیایەیە شایانى ئەوەیە بە باشى لێى وردبیتەوە.

کۆڵیتى سەر لوتکەى چیا

کاتێک گەریلاکان لەسەر گردەکە سەیرى ئەو جوگرافیا جوانە بێهاتایە دەکەن، گەریلا کۆچەرین کە شاڵێکى سەوزی لە گەردنى ئاڵاندووە و بڕوا و ورەى لێدەبارێت، بەرەو لام دبێت. دەمبات بۆ شوێنێک بۆ ئەوەى پشوویەکى تیادا بدەم. ئەو شوێنەى کە پشووى تیادا دەدەم، کۆڵیتێکە لەسەر لوتکەى چیاکە، کە لە ژێر گوڵی پشکوتوى دارەکاندا داپۆشیراوە. لە کۆڵیتەکەدا وێنەى ژمارەیەکى زۆر لە شۆڕشگێڕە نەمرەکانیان هەڵواسیوە.

هەڵوەکان بەرەو ئازادى دەفڕن

لە کۆڵیتەکەوە سەیرى دەرەوەى دەکەم و ٣ هەڵۆ، کە بەسەر ئەو چیایەدا دەسوڕێنەوە دەبینم. هەڵوکان بەرەو ئازادى دەفڕن و کاتێک خۆیان بەرەو دۆڵەکان بەردەدەنەوە، دیمەن و قورساییەکى سەیر لە خۆیان نیشان دەدەن. من سەیرى فڕینى شکۆمەندانەى ئەو هەڵویانەم دەکرد، کە گەریلایەک بە ناوى ئارژین وتى 'خواردن ئامادەیە'. خواردنەکە لە قارچک و کوزەڵە و سیرک و کوڕادە و چەند رووەکێکى تر دروستکرابوو.

گەریلاکان بە بەردەوامى ئێشکگرى دەکەن

ئەو بایەى لە دواى خواردنەکە هەڵیکرد، ساردبوو و کەمێک سەرمامان بوو. گەریلایەک بە ناوى فیداکار چاى بۆ هێناین. سەربارى ئەوەى کە کەمی ماوە وەرزی هاوین بێت، بەڵام لەو چیایانەدا هەوا زۆر ساردە. گەریلاکان دەڵێن بە زستانیشدا لەم چیایانەدان. تا ئێستا بەفر بەسەر چیاکەوەیە، بەڵام لە زستاندا چەند مەتر بەفر سەرتاسەرى ئەم چیایە دادەپۆشێت. گەریلاکانى کوردستان بە بەردەوامى لەگەڵ بەفر و گەردەولودا لە سەر ئەم چیایانەدان و بۆ بەرەنگاربوونەوەى هەر جۆرە هێرشێک بە بەردەوامى ئێشکگرى دەکەن.

 دوو گەریلاى دۆشکاوان

لەبەر ئەوەى دۆشکاوانەکان خاوەنى لوتکەى چیاکەن، قسەکانی ئێمەش لەسەر هێرشەکانى سوپاى تورکیاى داگیرکەر و بەکارهێنانى تەکنەلۆژیاى شەڕ و فڕۆکە جەنگییەکانیانە. قسە لەسەر رۆڵى دۆشکاوانەکان لە دژى هێرشەکان دەکەین. دۆشکایەک کە لولەکانى درێژن و فیشەکە گەورەکانیشی لە زنجیردا ئامادە و ریزکراون، بۆ کەسێک کە ئاشناى چەک نەبێت، بە چەکێکى ترسناک دێتە بەرچاو.

ئەوەم بۆ روون بوویەوە، کە دۆشکاوانەکانى ئەم گردە گەریلاکانى یەژئاستار، ئارژین و کۆچەرینن. هەر دوکیان راهێنانى چەکى قورسیان بینیوە. لەبارەى تایبەتمەندیى دۆشکاکەوە دەپرسم. پێم دەڵێن، دۆشکاکەیان ١٤.٥ ملمە و بەلانیکەمەوە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کیلۆگرامیش قورسە. پێم دەڵێن، ئەوان بە دەستەکانى خۆیان و هەڤاڵەکانى تر ئەو چەکانەیان بردووەتە سەر چیاکە. باسى بەشەکانى دۆشکاکە و دوربینەکەى و قۆناغەکەى و میلکشانەوەکەى دەکەن.

بۆ ئەوەى مرۆڤ بەسەر دۆشکاکەدا باڵادەست بێت، پێویستە ماوەى چەند مانگێک راهێنان و کاری پێ بکات. تایبەتمەندیى سەرەکیى دۆشکا ئەوەیە، کە لە کاتى هێرشدا دەبێت لەسەرخۆ و ئارام بیت.

گەریلاى سەنگەری چەکە قورسەکان

بەپێى وتەکانى ئارژین و کۆچەرین، لە کاتى هێرشى ئاسمانى بۆ سەر گەریلاکان، ئەو چەکەی کە خێرا بەرەنگارى هێرشەکان دەبێتەوە چەکى قورسى دۆشکایە. ئەوەش بەو مانایە دێت کە دۆشکا دەتوانێت ئەنجامى شەڕەکە بگۆڕێت، بەڵام هەر ئەوەش دەبێتە هۆى ئەوە بە زوویى شوێنى چەکەکە و سەنگەرەکەى ئاشکرا بێت. کاتێکیش شوێنەکەى ئاشکرا بوو، سەنگەرەکەى دەبێتە ئامانجى خێرا و یەکەم هێرشى دوژمن. لە کاتى شەڕدا هەندێکجار دۆخێکى لەو شێوەیە دروست دەبێت، کە هەموو چەکە بەکارهێنراوەکانى شەڕەکە روویان لە تۆ کردووە و لە دژت بەکاردەهێنرێن. هەر وەک  باران تۆپ و هاوەن دەبارێت. لەو دۆخەدا هەم دەبێت خۆت بپارێزیت و هەم بە بەهێزیش شەڕ بکەیت. ئەگەر هەڵەیەک بکەیت ئەگەری ئەوە هەیە ببێتە هۆى تێکچوونى شەڕەکە و لە دەستدانى سەنگەرەکەت.

هەموویان بێ دوودڵی فیداکارى دەکەن

کاتی ئەوە هاتووە، ئێمە لەو گەریلایانە ماڵئاوایى بکەین، کە بۆ خوڵقاندنى داهاتوویەکى ئازاد بە بێ دوو دوڵی فیداکارى دەکەن. هەر یەک لەو گەریلایانە چیرۆکێکیان هەیە. ئەوان لە دژى هێرشى دەوڵەتى تورکیاى داگیرکەر بۆ سەر خواکورک، چیرۆکى قارەمانێتى تۆمار دەکەن.

ر.م