٢٥ چەتەی داعش له‌ كه‌ركووك كوژران

فه‌رمانده‌ی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی كەركووك ڕایگه‌یاند، ٢٥ چەتەی داعش لە باكووری ڕۆژئاوای شاری کەرکووک كوژراون.

لیوا مەعن سەعدی فه‌رمانده‌ی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەركووك ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و ئاشكرای كرد، لە ئه‌نجامی دوو بۆردومانی جیای هێزە ئاسمانییەكانی هاوپەیمانان، ٢٥ چەكداری داعش كوژراون و دوو مۆڵگەشیان خاپوور كراوە.

بە گوێره‌ی ڕاگه‌یه‌نراوی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی كەركووك، هەفتەی پێشوو لە نزیك بەرزاییەكانی شارۆچكەی دوبز لە كەركووك، هێزی ئاسمانیی هاوپەیمانان مۆڵگەیەكی چەتەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە، بەهۆیەوە ٦ چەتە كوژراون. هه‌روه‌ها مۆڵگەیەكی دیكەی چەتەكانی داعش بۆردوومان كراوە كە نزیكەی ٥٠٠ مەتر درێژ بووە، بەهۆیەوە ١٩ چەتەی داعش كوژراون و مۆڵگەكەش بەتەواوەتی وێران كراوە.

سه‌رچه‌ته‌كانیش كوژران

به‌ گوته‌ی ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌، له‌و دوو مۆڵگەیه‌دا چەند سەركردەیەكی چەتەكانی داعش هه‌بوون كه‌ پیلانیان دانابوو بۆ ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی لە ناوچە ئازادكراوەكان و ناوەندی شاری كەركووك.

s.m