پڵاتفۆرمی هەورام؛ فەلسەفەی ئۆجالان، سەنگەری تێکۆشانە

پڵاتفۆرمی هەورام، بە ڕاگەیەندراوێک، ١٩یەمین ساڵڕۆژی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی لە دژی گەلی کورد و ڕێبەرەکەی شەرمەزار کرد.

لەسەرەتای ڕاگەیەنراوەکەی پڵاتفۆرمی هەورام‌دا هاتووە: ١٩ساڵ لەمەوبەر دەزگە سیخۆرییەکانی سیستەمی سەرمایەداری بە هاوکاری لەگڵ هاوپەیمانە هەرێمییەکانیان، لە گەلەکۆمێکی نێودەوڵەتیدا، "عبدوڵڵا ئۆجالان" ڕێبەری گەلی کورد و زانای جیهانییان لە دەرەوەی یاسا و ڕێساکانی نێودەوڵەتی ڕفاند. ئەوەی لە ١٥ی شوباتدا ڕوویدا، لاپەڕەیەکی ڕەش بوو لە مێژووی مافەکانی مرۆڤایەتیی بە تایبەتی ئەورووپا لە چارەسەرکردنی دێموکراتییانەی کێشەی کورددا.

ئۆجالان لەماوەی سالانێکی دورودرێژدا بە پێشکەشکردنی دەیان تیۆری و پێش‌بینییەکانی خۆی لە مەڕ داهاتووی هەرێمەکە و جیهان و ڕەخنەگرتن لە بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی پێشوو و لێکۆڵینەوە دەربارەی مێژووی کۆیلەبوونی تاک و گەلان، بەتایبەت پرسی ئازادی ژن و هەروەها چۆنیەتی ژیانی ئاشتییانە وهاوبەشی گەلان، ئازادی تاک و دەستدرێژییەکانی سیستەمی سەرمایەداری لە کۆمەڵگەکان و ژینگە، هیوایەکی لە ناخی تێکۆشانی هاوچەرخی گەلی کورد و نەتەوە بندەستەکانی دیکەدا چاندووە و بە پێشکەش کردنی نەخشەڕێیەکی چارەسەری بۆ قەیرانە هەنووکەییەکان، توانی مۆدێلی سیاسی و کۆمەڵایەتی فەلسەفەکەی خۆی بە ڕێبەرایەتی پەکەکە و شۆڕشی هاوچەرخی ڕۆژاوا، وەکوو ئاڵتێرناتیڤێک بۆ هەموو گەلانی ئازادی‌خوازی جیهان بخاتەڕوو''.

  لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: ''دوای تێپەڕ بوونی ١٩ساڵ لەو ڕووداوە، بەردەوامیدان به سیاسەتی ڕەتکردنەوە و لەناوبردن و دەستدرێژی زلهێزە جیهانیی و هەرێمییەکان لەدژی گەلی کورد، دەرخەری پێشەنگایەتی ئەو گەلەیە لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلاندا''. 

پڵاتفۆرمی هەورام، گۆشەگیری توند لەسەر ئۆجالان، دەستبەسەرکردنی چالاکانی مەدەنی و ژنان، هێرشی سوپای تورکیای داگیرکەر بۆ باکووری سووریا بە هاوکاری گرووپە سەلەفیسەته جیهادییەکان و بێدەنگی وڵاتانی ئێران، ڕووسیا، سووریا و ئامریکا، لە هەمبەر پەلاماری تورکیا بۆ سەر عەفرین، بە بەردەوامی پیلانگێڕیی لەدژی ڕامان و فەلسەفەی ئۆجالان دەزانێت. ئەو ڕێکخراوەیە هێڵی بەرخۆدانیی و تێکۆشان بە ڕێبەرایەتی پەکەکە لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئۆجالان هەروەک ''سەنگەرێک بۆ هەموو ئازادیخوازانی جیهان" دەبینێت.

پلاتفۆڕمی هەورام لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا، بانگی هەموو ئازادیخوازانی جیهان بەتایبەت ئێران و کوردستان دەکات کە بۆ پارێزگاری لە دەسکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژاوا و ئازادی ئۆجالان، بەشداری تێکۆشان ببن.