ئایتەن بەچەت لە زیندانى گەبزە بە ئامانجی ئیدانەکردنى گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد چالاکیى فیدایى ئەنجامدا. پۆلیسى تورک لە ئیستەنبول دەستیان بەسەر تەرمەکەدا گرت و خۆیان رەوانەى دیلۆکیان کرد. سەبری بەچەت باوکی ئایتەن بەچەت کاتێک لەوە ئاگادارکرایەوە کە تەرمی کچەکەى رفێنراوە و براوە بۆ دیلۆک چوو بۆ شاری دیلۆک.
کاتێک سەبری بەچەت گەیشتە دیلۆک پۆلیسەکان بە زۆر گرتیان و بردیان بۆ گۆڕستانى یەشیل کەنتى دیلۆک. دواى ئەوەى هاووڵاتییان لەوە ئاگادارکرانەوە کە باوکی ئایتەن بەچەت بە زۆر براوە بۆ گۆڕستان، پەرلەمانتارانی هەدەپە محەمەد تورگول، عایشە سوروجو، عومەر ئۆجالان، فاتمە کورتولان، ردڤان توران، تولای هاتیم ئۆگیولاری، ساڵیحە ئایدەنیز و سەمەرا گیوزەل و فاتمە بەچەت دایکى ئایتەن بەچەت و خزمەکانی بەرەوە گۆڕستان کەوتنەڕێ، بەڵام پۆلیس گەڕەکەکەی گەمارۆدابوو و رێگاى نەدا پەرلەمانتارانى هەدەپە و بنەماڵەى بەچەت و خزمەکانى لە گەڕەکە بڕۆنە دەرەوە و بچنە گۆڕستانەکە و بەشداری لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى ئایتەن بەچەت دا بکەن.
دواى مشتومڕێکى دوور و درێژ پۆلیسی تورک تەنها رێگای بە بنەماڵەی بەچەت دا لە گەڕەکەى بڕۆنە دەرەوە. پەرلەمانتاران و خزمەکانى بەچەت دواتر بە ئۆتۆمبێلەکانى خۆیان روویان لە گۆڕستانەکە کرد.
دووبارە و جارێکیتر پەرلەمانتارانى هەدەپە لەلایەن ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانى سەربازانى تورکەوە رێگرییان لێکرا و رێگایان نەدا بچنە ناو گۆڕستانەکە. لەسەر پێداگریى پەرلەمانتاران فەرماندەى سەربازانى تورک بە پەرلەمانتارانى وت، فەرمانیان پێکراوە رێگە نەدەن پەرلەمانتارەکان بچنە گۆڕستانەکە و بەشداریى مەراسیمى بەخاکسپاردنەکەدا بکەن.
دایک و باوکی بەچەت لەگەڵ ژمارەیەک لە خزمەکانیان کە بەهەموویان دەبوونە ٢٠ کەسێک رێگایان پێدار بچنە گۆڕستانەکە و بە ناچاری بنەماڵە و خزمانى ئایتەن لە شەوەزەنگێکدا کە چاو چاوی نەدەبینى تەرمەکەیان بەخاکسپارد.
هاوکات دەوڵەتى تورک داواى بنەماڵەکەى ئایتەنى بۆ دانانى پرسە لە هۆڵی پرسەکانى شارەوانى، کە لە ژێر دەستى ئاکەپەدایە رەتکردەوە.
ر.م