پۆلیسی تورک وەک چەتەکانى دەریا تەرمەکەى گەزەنیان فڕاند و بە خاکیان سپارد

زولکوف گەزەن کە لە زیندانى تەکیرداغ لە ئەنجامی چالاکییەکدا شەهید بوو. پۆلیسەکانى تورکیا هەر وەک چەتەکانى دەریان تەرمەکەى گەزەنیان فڕاند و لە گەمارۆیەکى توندی ئەمنیدا خۆیان تەرمەکەیان لە ئامەد خاکسپارد.

 

زولکوف بۆ کۆتایهێنان بە گۆشەگیریى سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە زیندانی ژمارە ٢ی جۆری ئێفی تەکیرداغ چالاکییەکی ئەنجامدا و شەهید بوو.

تەرمی گەزەن برایە فڕۆکەخانەى ئەتاتورک لە ئیستەنبول و چاوەڕێ دەکرا بە فڕۆکەیەک سەرلەبەیانیى ئەمڕۆ لە کاتژمێر ٠٩:٥٠ دا بگاتەوە ئامەد و لە گۆڕستانى یەنی کۆی لە ناوچەى باغلەر بەخاک بسپێردرێت.

بەڵام پۆلیسی تورک تەرمەکەی گەزەنیان لە فڕۆکەخانەى ئەتاتورک لە ئیستەنبول بەبێ ئاگاداریى بنەماڵەکەى بردەوە بۆ ئامەد. پۆلیسەکان کاتژمێر ٠٠:٢٠ لە تەلەفونیان بۆ بنەماڵەى گەزەن لە ئامەد کرد و پێیان راگەیاندن "ئێمە ئەمشەو تەرمەکە بەخاک دەسپێرین. جا ئێوە خۆتان دەزانن، کە دەتانەوێت ئامادە بن و یان ئامادە نەبن".

"هاوشێوەى چەتەکانى دەریا تەرمەکەى گەزەنیان رفاند"

دواى ئەوەى پەرلەمانتارانى هەدەپە لە دۆخەکە ئاگادار کرانەوە بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکەى گەزەن چوون بۆ فڕۆکەخانەى ئامەد، بەڵام پۆلیس رێگرییان لێکردن.

رەمزییە تۆسون پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد رایگەیاند، فڕۆکەخانەکە گەمارۆدراوە و رێگا نادەن ئێمە بڕۆینە ناو فڕۆکەخانەکە.

عایشە ئاجار باشاران پەرلەمانتاری هەدەپەى ئێلح وتى "هەر وەک چەتەکانى دەریا تەرمەکەیان رفاند و هێناویانە بۆ ئامەد. فڕۆکەخانەکەشیان وەک بنکەیەکى سەربازی لێکردووە و رێگا نادەن ئێمە بڕۆینە ناو فڕۆکەخانەکە و تەرمەکە وەربگرینەوە".

هەر یەک لە پەرلەمانتارانى هەدەپە، پەرۆ دوندار، موسا فاریس ئۆگیولاری، رەمزییە تۆسون، نوران ئیمیر، فەلەکناس ئۆجا، سالیحە ئایدەنیز و عایشە ئاجار باشاران بۆ وەرگرتنەوەى تەرمەکەى گەزەن چووبوون بۆ فڕۆکەخانەى ئامەد، بەڵام سەدان پۆلیس و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش فڕۆکەخانەکەیان گەمارۆدابوو و رێگایان نەدا پەرلەمانتارانى هەدەپە بچنە ناو فڕۆکەخانەکە و تەرمەکە وەربگرنەوە.

پۆلیس بە قەڵغانەکانیانەوە پەرلەمانتارانى هەدەپەیان گەمارۆدا و بەڕێوەبەری پۆلیسەکان بە پەرلەمانتارەکانى وت، رێگاتان پێنادەین و وتیشی "من دەوڵەتم، دەوڵەت بڕیاری داوە. ئێوە دەتوانن سەرەخۆشی لە بنەماڵەکە بکەن، بەڵام ناتوانن بەشداری لە شاردنەوەى تەرمەکەی گەزەندا بکەن".

پۆلیسەکان دواتر تەرمەکەى گەزەنیان وەرگرت و بە ئۆتۆمبێلێکى جۆری رانجەر گواستیانەوە بۆ گۆڕستانی یەنی کۆی. پۆلیسی تورک بە ئۆتۆمبێلی زرێپۆش گۆڕستانەکەى گەمارۆدابوو و لەوێش رێگایان نەدا پەرلەمانتارانى هەدەپە بڕۆنە ناو گۆڕستانەکە و بەشداری لە مەراسیمى بەخاکسپاردنى گەزەندا بکەن. تەرمەکە لەلایەن پۆلیسەوە بە خاکسپێردرا و لە کاتى بەخاکسپاردنەکەدا چەند کەسێکیش لە بنەماڵەى گەزەن ئامادە بوون.

ر.م