پەدەکە لە دژی بزووتنەوەى ئازادی گروپێکى نوێى چەتە و جاشی دروستکردووە

 پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر داوای تورکیا لە رێگای چەن کەسایەتییەکی دەڤەری بادینان و برادۆست کار لەسەر دروستکردنی سیستمێکی نوێی جاشایەتی دەکات. ئامانجیشیان سیخوڕیکردنە لەسەر پەکەکە و هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکی داگیرکەرە لە دەڤەری برادۆست.

بەپێى بەدواداچوون و زانیارییەکانى ئاژانسى هەواڵی فورات (ANF) پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) لەسەر داوای دەوڵەتی تورکی داگیرکەر  چەند بەرپرسێکی سیاسی و سەربازیی خۆی ئەرکدار کردوە بۆ دروستکردنی گروپى چەتەى چەکدار و جاش. یەکێک لەو بەرپرسانەی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) شێخ عیمران شوعه‌یب لۆلانی برازای حاجی محه‌مه‌د و شێخ حسێن لۆلانی و ئامۆزای ئەرشەد لۆلانیى ئەندام پارلەمانی پارتییە، کە هەستاوە بە دروستکردنى گروپى جاش و چەتە بۆ سیخوڕیکردن بەسەر پەکەکەوە.

پەدەکە و میت هاوکارییان دەکەن

ئەو شێخ عیمران-ە ئەفسەرە بە پەلەی ڕائید لە سوپای بارزان و  هاوکات ئەندامە لە دەزگای سیخوڕی تورک (میت). هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و تورکیا  ئیماکانییەتێکی زۆری ماددی و تەکنییکییان خستووەتە بەردەست بۆ کۆکردنەوە و خەڵەتاندنی گەنجانی دەڤەری برادۆست، بە مەبەستی بەکارهێنانیان بۆ سیخوڕیکردن لە دژی پەکەکە.

ئەرکیان ئاشکراکردنى شوێنى گەریلایە

 ئەو کەسە بە ناوی زیندوکردنەوەی تەریقەتی سۆفیگەری لە نێو عەشیرەتی برادۆست و هەرکی دا دەگەڕێت. بە ناوی ئیسلام پارە و  خەڵک لە خۆی کۆدەکاتەوە. ئەوانەش بۆ گەڕان و سوڕانەوە لە دەڤەری برادۆست بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی پەکەکە دەکات. لە ڕێی چەند کەسێکی بەناو سۆفی و بەکریگیراوی پاراستن و میتی تورکیا، لەهەر شوێنێک گەریلایەک، یان کەسێک، یان ئۆتۆمبێلێکی پەکەکە ببینن دەستبەجێ پاراستن و قەرەقۆڵ و بنکە سەربازییەکانى تورک لە لێلکان و چیادێڵ و میت ئاگادار دەکەنەوە و فڕۆکەی جەنگیی تورک-یش دەگاتە ئەو شوێنە و بۆردومانی شوێنەکە دەکات.

لە دژی نەریتى باپیری خۆیان وەستاونەتەوە و بوون بە سیخوڕ

جاشایەتی و سیخوڕیکردنی شێخ عیمران بە فیتی پارتی لە کاتێکدایە، کە شێخ رەشید لۆلانی باپیری شێخ حسێن و حاجی محه‌مه‌د هەتا دوا هەناسەیى و کۆچی دوایی، بە هەموو شێوەیەک لە دژی پارتی دێموکراتی کوردستان (پەدەکە) و دەوڵەتی تورک بووە، بەڵام  نەوەکانی شێخ خۆیان و بەشێکی عەشیرەت و تەریقەتەکەیان تەسلیمی پارتی و تورکیا بوون.

ساڵی ڕابردووش ئەرشەد شێخ حسێن جەندرمەکانی تورکە داگیرکەرەکانی لە دەشتی بەرازگر لەگوندی بەرمیزە دەعوەتی نان خواردن کرد.

 هەروەها شێخ حسێن و ئەرشەدی کوڕی لە هەڵبژاردنی دووبارەی شارەوانیى ئەستەمبول دا بەهەموتوانایانەوە کاریان بۆ کاندیدی ئاکەپە دەکرد لە شاری ئەستەمبول.

هاووڵاتییانی هەرێمەکە لە دژیان وەستاونەتەوە

بە ئامانجی کۆکردنەوە خەڵک لە دەوری خۆی بە زۆربەی ناوچەکانی برادۆست دا گەڕاوە و داوای لە خەڵکێکی زۆر کردووە بۆ بەشداریکردن لەو کارە سیخوڕییەدا، بەڵام خەڵکی دەڤەرەکە ڕەتیان کردووەتەوە سیخوڕی و کارێکی لەو شێوەیە لە دژی پەکەکە بکەن. تەنانەت خەڵکێکی زۆر بە توندی وەڵامی عیمرانیان داوەتەوە و رەتیان کردووەتەوە وەک ئەو سیخوڕی بکەن.

پەدەکە لە دروستکردنى گروپی چەتە و جاشدا ئەزموونێکى زۆری هەیە

پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) ئەزموونێکی باشی لە دروستکردنی گروپە چەتە و جاشەکاندا هەیە. پێشتریش چەندینجار جاشی دروستکردووە و لە ژێر چەتری دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستاندا بوون.

هەروەها لە رێی چەتە و جاشەکانییەوە چەندین شۆڕشگێڕی گەورەی باشووری کوردستانی شەهید کردووە. شەهید مامە ریشە، شەهید ئارام و شەهید دکتۆر سیراون چەند نمونەیەکن لەو شۆڕشگێڕە گەورە و کاریگەرانەى باشووری کوردستان کە لەلایەن چەتە و جاشەکانى پەدەکەوە شەهید کراون.

ر.م