چالاکی پشتیوانی هاووڵاتیانی مەخمور لە بەرخۆدانی عەفرین

دانیشتوانی وارگەی شەهید ڕوستەم جوودی لە مەخمور، بە ئامانجی پشتگیریکردنی بەرخۆدانی عەفرین چالاکییان ئەنجامدا و داوای پشتگیری جیهانییان کرد بۆ عەفرین.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠ هاوڵاتی کەمپی شەهید ڕۆستەم جوودی مەخمور لە بەردەم ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدانی کەمپەکە گردبوونەوە و پشتگیری خۆیان بۆ عەفرین دووپات کردەوە.

گردبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی دەستیپێکرد.

پاشان لەلایەن زوبەیر یامان، هاوسەرۆکی بەشی پەروەردەی کەمپەکەوە ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

لە ڕاگەێندراوەکەدا هاتووە: ئێستا ناوی عەفرین لە هەموو شوێنی جیهاندا بڵاوبووەتەوە، ئەویش بەهۆی بەرخۆدانێک کە لەوێ ئەنجام درا، ئەوە بەو واتایە دێت، کە گەلێک کە بەرخۆدان دەکات هەمە جیهان  ناچار دەکات کە ڕیز لە ئیرادەیان بگرن ، لە ئێستادا ئێمەی کورد لە هەموو شوێنەکانی جیهان پێویستە لە ژێر چەتری فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ دا یەکبگرین.

یامان لە بەردەوامیدا ڕایگەیاند: دەسەڵاتی تورکیا لەو مۆدێلەی ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بەڕێوەدەچێت زۆر دەترسێت، ئاشکرایە، کە کاتێک ئەو مۆدێلە لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست دا بڵاوبێتەوە دەسەڵاتی  فاشیستی تورکیا دەکەوێتە مەترسییەوە.

لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە ، کاتێک سەیری بەرخۆدانی عەفرین دەکەین ، دەبینین کە دەستکەوتی زۆر گەورەی لە بە دوای خۆیدا هێناوە، ئێستا هەموو جیهان باس لە عەفرین دەکات، هەموو جیهان بە چاوی خۆیان بینییان کە دوژمنی کورد تا چ ئاستێک لە هەوڵداندایە بۆ ئەوەی نەتەوەی کورد قڕ بکات ، لە ئێستادا لە هزری هەموو کوردێکدا هزر و بیری  یەکێتی نەتەوەیی ژیاوەتەوە.

 

ک- ش