چاوەڕوان دەکرێت خۆپیشاندان باشووری کوردستانیش بگرێتەوە

خۆپیشاندان لە عێڕاق فراوانتردەبێت وهێزە ئەمنیەکانیش دەست لە هاوڵاتیان ناپارێزن، شیمانەی ئەوەش دەکرێت خۆپیشاندان لە سەرتاسەری باشووری کوردستان دەستپێبکرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە عێڕاق ڕاگەیەنراوە و لە دەسپێکدا شاری بەغداد ڕاپەڕین و پاشان شارەکانی زیقار، نەجەف، کەربەلاو کەرکووک و چەند شارێکی دیکەی عێڕاقی گرتەوە. خۆپیشاندەران داوای دامەزراندن و هەلی کاردەکەن و لە هەمان کاتدا داوای ڕوخانی ئەم دەسەڵاتەی ئێستای عێڕاق دەکەن.

ئەمڕۆ خۆپیشاندان شاری کەرکووکیشی گرتەوە و خۆپیشاندەران بە دروشمی (شلع قلع کلکم حرامیە) واتا بێ جیاوازی هەرهەمووتان دزن، چالاکیان دەستپێکرد و هێزە ئەمنێکان بە چەکی فرمێسک ڕێژ وڵامی خۆپیشاندەران درایەوە.

لە شاری بەغداد لە چەند ڕۆژی ڕابردودا هێزە ئەمنیەکان وڵامی خۆپیشاندەرانیان بە چەک دایەوە و چەند کوژراو و برینداری زۆری لێکەوتەوە، بەڵام هیچ دەزگایەک ئاماری کوژرا و بریندارەکانی بە فەرمی بڵاو نەکردۆتەوە.

سیستانی و سەدر لە ماوەی ڕابردودا ئەوەیان ئاشکرا کرد ئەگەرحکومەتی عێڕاق لە بڕیاری دروستکردنی هێزی ئاسمانی بۆ حەشدی شەعبی پاشگەز نەبێتەوە، ئەوکات بەر بە ڕوخانی حکومەتی نوێی عێڕاق هەنگاو دەنێن. بۆیە گومان دەکرێت تا ئاستێک ئەم ڕەوشە بەر بە فراوان بون بچێت و لە ماوەی داهاتودا خۆپیشاندانی سەرتاسەری ڕاگەیەنرێت.

سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ بە هۆی ئەو ڕەوشەوە لە سەرتاسەری عێڕاق هێڵی ئەنتەرنێت ڕاگیرا بە هۆکاری ئەوەی بانگەشەی خۆپیشاندان لە توڕە کۆمەڵایەتێکانەوە بڵاو نەبێتەوە.

لەهەمان کاتدا چەند چاودێرێکی سیاسی لە باشووری کوردستان گومان دەکەن کە خۆپیشاندان بگاتە هەرێمی کوردستان و ئەو ڕاپەڕینە شاری هەولێر و سلێمانیش بگرێتەوە. شاسوارعەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بارەی ئەم ڕەوشەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باسی لەوە کرد کە پێویستە خۆپیشاندانەکانی ناوڕاست و باشووری عێڕاق بگەنە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە، پێویستە باشووری کوردستان هەموی بە یەک دەنگ و یەک دەست ڕوبەڕوی ئەم دەسەڵاتە ببینەوە و پێکەوە بڕژێینە سەر شەقامەکان.

ک-ش