چاک: لەپێش چاوی دونیای بەرژەوەندپه‌رستی سەرمایەداریدا، گەلی عەفرین جینۆساید دەکرێت

ڕێكخراوی چاودێریی کوردۆساید-چاک، لە بەیاننامەیەکدا كه‌ بەبۆنەی یادی ٣٠ ساڵەی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بڵاویكردۆته‌وه‌، جینۆسایدی گەلی عەفرین لە لایەن سوپای تورکیا و چەتەکانی ھاوپەیمانی ئیدانە دەکات.

لە بەیاننامەکەدا ڕێکخراوی چاک ڕوو له‌ حکوومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت: دوای سی ساڵ  ھێشتا حکوومەتی عێراق داوای لێبووردنی نەکردووە لە گەلی کورد، له‌كاتێكدا بەپێی ھەموو یاسایه‌ک جێگرەوەی حکوومەتی پێشووترە. دەبوو قەرەبووی زیانلێكه‌وتوانی کیمیباران، ئەنفال و ھەموو تاوانەکانی دیكه‌ش بگرێتە ئەستۆ ، بەڵام تا ئەم ساتەش حکوومەتی عێراق خۆی دەدزێتەوە.

حکوومەتی ھەرێم نەیتوانیوە کار بۆ ناساندی ئەم کارەساته‌ بکات لە ئاستی جیھاندا

ڕێکخراوەکە ڕەخنە لە حکوومەتی ھەرێمی كوردستان دەگرێت بەوەی نەیتوانیوە لە ئاستی جیھاندا سوود لە کەیسی جینۆسایدی ھەڵەبجە وەرگرێت و دەڵێت: لەسەر ئاستی جیھانیش حکوومەتی ھەرێم نەیتوانیوه‌ ئەو ھەموو کۆمپانیایه‌ په‌لكێشی دادگه‌ بكات كه‌ چه‌كی كیمیاییان به‌ عێراق فرۆشتووه‌. لەکاتێکدا دەکرا لە ڕێگەی کونسوڵخانەکانی عێراقی فیدراڵەوە ئەم کارە بکرێت.

«تا ئێستا کەیسەکانی جینۆساید تەنھا لە دادگه‌ی باڵای تاوانەکانی بەغدا ناسێنراوه‌ و پەرلەمانی هه‌رێمی کوردستان پشتیوانی کردووە و بڕیاری لەسەر داوە. ناساندنی کەیسەکانی جینۆساید گەورەترین پاڵپشتییە بۆ به‌ره‌وپێشبردنی لەسەر ئاستی جیھاندا و ناساندنیان، بەلام نەزانی و کەمتەرخه‌می کورد وای کرد کە له‌ ئێستا و لە داھاتوودا ھەڕەشەی چەند جارەبوونەوەی جینۆسایدمان لێ بكرێت.»

لەپێش چاوی دونیای بەرژەوەندپه‌رستی سەرمایەداریدا، گەلی عەفرین جینۆساید دەکرێت

لە درێژه‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی  ڕێكخراوی چاودێریی کوردۆساید-چاک، هاتووه‌: ھەڵەبجە و شوێنەکانی دیكه‌ی کوردستان بە بەرچاوی دونیاوە خنکێنران و تا ئێستاش ئەم تاوانانە بەرامبەر گەلی کوردی ژێردەستە بەردەوامە.

«ساڵی ٢٠١٤ جینۆسایدی ئێزدییه‌كان كرا، ئێستاش ڕژێمی تورکیا بە بەرچاوی دونیای كه‌ڕوڵاڵ و پەرژەوەندپەرستی سەرمایەداریدا،  ھێرشی دوژمنکارانە ده‌كاته‌ سه‌ر شاری عەفرین. تورکیا دەیەوێت کورد لەو شارەدا بسڕێتەوە بێ ئەوەی ھیچ یەک لە دەزگه‌ نێودەوڵەتی و مرۆڤدۆستەکان بەربەستێک دروست بکەن بۆ وەستاندنی تاوانی دوژمنکارانه‌ و جینۆسایدی گەلی عەفرین.»

ڕێكخراوی چاودێریی کوردۆساید-چاک، ڕێکخراوێکی سیڤیلی قازانجنه‌ویست و سەربەخۆیە، بە پابەندبوون بە پرەنسیپ و پێوەرە دیموکراتییه‌کان کارەکانی خۆی لەسەر پرسەکانی تاوانەکانی جینۆساید، تاوانی جەنگ، تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی و هەموو ئەو پێشێلكارییانه‌ی بەرامبەر مافی مرۆڤی کوردستان کراون و دەکرێن بەڕێوە دەبات. ڕێكخراوه‌كه‌ ٦ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٢  دامه‌زراوه‌ و لە زۆربەی وه‌ڵاتانی ئەورووپا و بەشەکانی کوردستان کۆمیتەی هەیە. پێشتر له‌ژێر ناوی «ناوەندی هەڵەبجە دژ بەئەنفالکردن و جینۆسایدی گەلی کورد-چاک» کاری دەکرد. لە ڕۆژی ٢٤ی كانوونی دووه‌می ٢٠٠٩ناوه‌كه‌ی گۆڕدرا به‌ «ڕێكخراوی چاودێری كوردۆسیاد - چاك» و تا ئێستا پێنج کۆنگرەی بەستووە.

s.m