تا دێت کاردانەوە و ناڕەزایتیەکان لە بەرامبەر هێرشە داگیرکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا و بێدەنگی حکومەتی هەرێم لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، فراونتر دەبیت، لە چوارچێوەی ئەو ناڕەزایەتی و کاردانەوانەدا، دوای نێوەرۆی ئەمرۆ نوێنەری کۆمەڵێک ڕێکخراوی ژنان و پارت و لایەنە سیاسیەکان سەردانی سەیرانگای کونەماسیان کرد کە لە ٢٥ مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا فرۆکەکانی تورکیا تێدا کۆمەڵکوژیان ئەنجامدابوو.
نوێنەری ڕێکخراوەکانی ژنان و پارت و لاینە سیاسیەکان ویستیان لە کونەماسیەوە هەڵوێستی خۆیان لە دژی داگیرکاری ڕابگەینن، بەڵام ڕووبەرووی رێگریەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنیەکانی ناوچەکە بوونەوە، بە بەبیانوی نەبوونی مۆڵەت و رێگەیان پێنەدان لە شوێنی ڕووداوەکە بەیانامەیەک بڵاو بکەنەوە.
دواتر ڕێکخراوەکانی ژنان لەسەر ڕێگای نێوان سلێمانی و شارباژێر بەیانامەکەیان خوێندەوە و قسەیان بۆ ڕاگەیاندنەکان کرد، لەسەر ناوی هەموو ڕێكخراوەکان فایزە فواد قسەی کرد و وتی:" دڵگرانین بە ڕێگریەکانی ئاسایش، چالاکیەکانی ئێمە لە دژی داگیرکاری و هێرشەکانی تورکیایە، بەرانگاربوونەوەی داگیرکاریش مۆڵەتی ناوێت، چونکە کاتێک داگیرکەران هێرش دەکەنە سەرمان مۆڵەت لە کەس وەرناگرن."
هەروەها فایزە فواد وتیشی:" بە هەموو شێوازێک هێرشەکانی تورکیا شەرمەزار دەکەین، هەموو کەسێک هێرشکردنە سەر شەرف و کەرامەتی کوردستان و عێراق دەبینێت، داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین هەرچی زووە بێدەنگیەی لە بەرامبەر داگیرکەران بشکێنی، هاوکات حکومەتی عێراقیش دەبێت ڕێوشوێنی زیاتر بگرێتە بەر و ڕێگا نەدات جارێکیتر تورکیا سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشەل بکات."
ز.ش