کارتال: دەبێت حکومەتی سوید داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات

رەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل لە بارەی دۆسیەی کوشتنی ئۆلۆف پالمێ دوای ٣٤ ساڵ، وتی:"دەبێت حکومەتی سوید داوای لێبوردن لە گەلی کورد بکات."

٣٤ ساڵ بەر لە ئێستا لە ٢٨ی شوباتی ١٩٨٦ ئۆلۆف پالمێ سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتەی حکومەتی سوید کوژرا و ئەم رووداوەش خرایە ئەستوی کورد. بەرپرسە ئەمنیەکانی ئەو سەردەمەی سوید، بە بێ هیچ بەڵگەیەک پەکەکەیان تاوانبار کرد و لە سەرتاسەری ئەروپا لە دژی کورد دەست بە کەمپینی پشتگوێخستن کرا.

لەم بارەیەوە رەمزی کارتال هاوسەرۆکی کۆنگرەی گەل وتی، پالمێ یەکێک بوو لە پشتیوانانی گەلی کورد و فەلەستین، بە هۆی ئەوەی پالمێ هەم لایەنگری گەلانی چەوساوە بوو، هەم لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی دژی سیاسەت ئەمپەریالیستەکانی ئەمریکا بوو، کوژرا.

کارتال تیشکی خستە سەر قسەکانی پالمێ کە دەیوت، 'کورد مافی خۆیەتی بگات بە ئازادی' و دەیویست پرسی کورد بە رێگای دیمۆکراتیک و سیاسی چارەسەر بکرێت و داوای یەکێتی کوردی دەکرد و دوای رژێمەکەی ١٢ی ئەیلولی تورکیا، لە دژی فشار و ئەشکەنجە و زیندانیکردنەکانی تورکیا وەستایەوە و پشتیوانی گەلی کورد بوو.

کارتال لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی:" لە ئەوروپا هەر کاتێک سەرکردەیەک خاوەنداری لە پرسی کرد کردبا، دەبووە مەترسی بۆ سەری. تێکۆشانی چەکداری ١٥ی تەباخی ١٩٨٤ بۆ تورکیا و ناتۆی هاوکاری، پرسێکی قوڕس و قبوڵنەکراو بوو، بۆیە کوشتنی پالمێ لە چەندین رووەوە بۆ ئەوان دەبووە دەستکەوتی گەورە."

کارتال راشیگەیاند، بە کوشتنی پالمێ سیناریۆیەکی وەها رێکخرا کە پۆلیسی شاراوەی سوید، لەگەڵ ئەمریکا، ئەلمانیا، بەریتانیا و هێزە تاریکەکانی ناتۆ ئەم پلانگێریەیان ئامادە کرد و خستیانە ئەستوی پەکەکە.

کارتال هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە، هەم لە سوید و هەم لە ئەلمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا لە دژی پەکەکە ئۆپڕاسیۆنی گەورە دەستی پێکرد و وتی:"پەکەکە پشتگوێ خرا و ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کۆنسێپتەکەی تورکیا بە پشتیوانی ناتۆ لە دژی پەکەکە گەورەتر و بەرفراوانتر ببێت. بە کوشتن پالمێ هەم لە ناوچەکە، هەم لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و لەسەر ئاستی نیودەوڵەتیش، لە دژی پەکەکە کەمپینی تیرۆریزەکردن دەستی پێکرد."

لە بارەی دۆسیەی کوشتنی پالمێ، کارتال وتی:" بڵاو کردنەوەی لێدوان لەم بارەیەوە، بە بێ ئەوەی هیچ پەیوەندیەک بە کوردەوە بکرێت، بە بێ ئەوەی لەم بارەیەوە خۆیان رەخنە بکەن و هەڵوێستێکی جیاوازتر بنوێنن و بە تاوانبارکردنی بکوژێک کە مردووە، داخستنی دۆسیەی کوشتنی پالمێ، هەم بۆ رای گشتی سوید، هەم بۆ جیهان و بە تایبەت بە گەلی کورد بارودۆخێکی وەها نیە کە جێگای قبوڵکردن بێت. راستە، هێزە تاریکەکان پالمێیان کوشت و دوای ٣٤ ساڵ ئەم دۆسیەیە داخرا. بەڵام لە دژی ئەمە دەبێت تێکۆشانێکی گەورە و بەرفراوان بەریوە بچێت."

کارتال هەروەها وتی:"حکومەتی سوید لە سەر ئەم دۆسیەیە دەبێت داوای لێبوردن لە کورد بکات و ئەو رووداوانەی روویانداوە، دەبێت ئاشکرای بکات. بۆ ئەم مەبەستە رێکخراوە کوردیەکان دەست بە تیکۆشان دەکەن. لەگەڵ ریکخراوە کوردیەکان، لایەنە پێشکەوتووخواز و دیمۆکراتەکان و ریکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، بزوتنەوەی ژنان و دۆست و هاوڕیانی کوردیش، بە تایبەت لە سوید و بە گشتی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەبێت خەبات و تێکۆشانی گەورە بەڕیوە ببەن و دەبێت فشاریش دروست بکەن. دوای تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر ئەو رووداوە و بڵاوکردنەوە لێدوان بە بێ ئەوەی پەیوەندی بە پەکەکەوە بکریت، جێگای قبوڵکردن نیە و نابێت بەم شێوە سادەیە کوشتنەکە بخەنە ئەستوی کەسێکی تر و دۆسیەکەی دابخرێت. دەبێت داوا لە حکومەتی سوید بکرێت کە لیدوانێکی قبوڵکراو و راست بڵاو بکاتەوە و بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت تێکۆشانێکی بەرفراوان بەڕێوە بچێت."

ز.ش

****

****