کوژاندنەوەی ئەم ئاگرە خیانەتە

گەریلا دکتور ڕۆدی ڕۆژ ڕایگەیاند، لەکاتی خۆسووتاندنی هەڤاڵ ڤیان سۆراندا ئەو لەوێ بووە و دەڵێت، "لە جیاتی ئەوەی کە من ئەو ڕزگار بکەم ئەو ئێمەی ڕزگار کرد و ئێمەی لە خەو هەستاند.

بە بۆنەی ساڵڕۆژی شەهیدبوونی ڤیان سۆران (لەیلا وەلی حسێن)، گەریلا دکتۆر ڕۆدی ڕۆژ لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەل ئاژانسەکەمان‌ یادی ڤیان سۆرانی کردەوە.

ڕۆدی ڕۆژ بەم شێوەیە دەستی بە قسەکانی کرد، "لە ساڵی ٢٠٠٥ من لە حەفتانین بووم و کۆتاییەکانی ئەو ساڵە هەڤاڵ ڤیان هاتە حەفتانین. هەڤاڵێکی گەنج و خوێن گەرم بوو و بە گەرم و گوڕی هەڵسوکەوتی دەکرد. من هەڤاڵ ڤیانم بەو شێوەیە ناسی. جاری یەکەم بوو کە هەڤاڵێکی خەڵکی باشور ببینم و خوێن گەرمی و جۆش و خرۆشی و دەم بە خەندەبوونی، سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕادەکێشا. بە تێپەر بوونی کات یەکترمان باشتر ناسی.

ئەو کاتانە تابورا نەمرا(هێزی نەمران) تازە دامەزرابوو و هەڤاڵ ڤیانیش داوای کردبوو بەشداری لەو تابورەدا بکات و بە ئەمە جەسارەت و بوێری خۆی نیشاندەدا. پێنج رۆژ پێش ئەوەی شەهید بکەوێ زۆر بە جۆش و خرۆش بوو و هەلسوکەوتی گۆڕابوو و وا دیار بوو کە دەچێ بۆ جێگایەکی دیکە و جاری دوایی بوو یەکتری دەبینین و هەموو ئەمانە سەرنجی منی زۆر ڕادەکێشا.

ڕۆژ لە بەردەوامی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد: ئەو کاتە گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ قوڕستر دەبوو و دوژمن هێرشی دەکردە سەر گەلی کورد و ئێمە هەستمان بەمانە نەدەکرد، بەڵام هەڤاڵ ڤیان لەم ڕەوشە باش تێگەییشتبوو و ئەمانەی دەبینی و هەستی بەوە دەکرد کە دەبێت وەڵامی ئەم هێرشانە بداتەوە. شەوی ٢ی شوبات بوو، کاتژمێر یەکی شەو هەڤاڵان بانگیان کردم و ووتیان کە هەڤاڵ ڤیان خۆی سوتاندووە. کاتێک چوومە سەر سەری لە ناو بەتانیەیێکیان پێچابوو. ویستم کارێک بکەم کە ڕیگە لە شەهادەتی بگرم بەڵام بەداخەوە نەمتوانی کارێک بۆ ڕزگارکردنی بکەن. جەستەی هەڤاڵ ڤیان لە ئاستێکی زۆردا سوتابوو. بینینی هەڤاڵ ڤیان زۆر کاریگەری لە سەرم دانا. لە جیاتی ئەوەی کە من ئەو ڕزگار بکەم ئەو ئێمەی ڕزگار کرد و ئێمەی لە خەو هەستاند.

هەڤاڵ ڤیان سۆران بۆ شکاندنی بێدەنگی لە بەرامبەر گۆشەگیری لە سەر رێبەر ئاپۆ گیانی کردە کڵپەیەک لە ئاگر و خۆی فیدا کرد و ‌کۆتایی بە غەفلەتی ئێمە هێنا. هەڤاڵ ڤیان بوو بە فیداییێک وەکوو مەزڵوم دۆغان، رەوشان، ڕۆناهی، زیلان و بێریتان بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ. دوواتر نامەی هەڤاڵ ڤیانمان بینی و ئاماژەی بە زۆر خاڵی گرینگ کردبوو و جارێکی دیکە دووبارەی کردەوە کە کەس ناتوانێ رۆژی ئێمە تاریک بکات و کەس ناتوانێ گەلی کورد لە ناو ببات و هەروەها ئەم ئاگرە پێویستە گەش ببێت و کوژانەوەی ئەم ئاگرە خیانەتە. هەروەها لە نامەکەی خۆیدا چەند داواکاری هەبوو کە یەک لەوانە دیسان لەبارەی هەستانەوەی سەر پێی خەڵکی هەرێمی سۆران و باشووری کوردستان و پێشەنگایەتیان لە شۆڕش و ئازادی کوردستاندا بوو.

رۆدی رۆژ بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی ‌هێنا، "جارێکی تر سەروخۆشی خۆم ئاڕاستەی خەڵکی باشووری کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستان دەکەم و سوێندی ئەوە دەخۆین کە هەمیشە ڕێگەی هەڤاڵ ڤیان سۆران بەردەوام بکەین و هەڤاڵ ڤیان بوو بە نمونەی ژنێکی فیدایی بۆ ئەم خاکە.

جێی ئاماژەیە ڤیان سۆران (لەیلا وەلی حسێن) لە ٢ی شوباتی ساڵی ٢٠٠٦دا لە هەرێمی حەفتانین لە بەرامبەر بێدەنگی لە سەرگۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان ڕێبەری گەلی کورد ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و تێکەڵ بە کاروانی نەمران و پاکڕەوانان بوو.