بڕۆكسل؛ کۆمیتەی دیپلۆماسیی لایهنه سیاسییهكان دهربارهی عهفرین کۆبوونهوه
لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئاوارتەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکاندا پشتیوانی لە عەفرین کرا.
لە ئەنجامنامەی کۆبوونەوەی ئاوارتەی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکاندا پشتیوانی لە عەفرین کرا.
دوێنێ، ٢ی شوبات\١٣ی ڕێبهندان لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا، كۆبوونهوهی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبهشی پارتی و لایەنە کوردستانیەکان، لە ناوەندی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان - کەنەکە بەڕێوەچوو. كۆبوونهوه نائاساییهكه، تایبەت بوو بە بارودۆخی عهفرین به مهبهستی ئهنجامدانی کار و هەڵوێستی هاوبەش. لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی سیاسی و دیپلۆماسیی هێزە کوردستانیەکان و رەوشی ناوچەکە و جیهان تاووتوێ کران. له ڕاگهیهندراوی كۆبوونهوهی کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەشی پارت و رێکخراوە سیاسییە کوردستانیەکاندا هاتووه:
هێرشی تورکیا تەنها بۆ سهر عەفرین نییە
سەرەتا نوێنەری رۆژئاوا لەسەر دوابارودۆخی عهفرین، دۆخی خەڵک و ههڵوێستی هێزە خۆجێی و دەرەکیەکان کۆمەڵێک زانیاری و ئاگاداری پێشکەش کرد.
له ڕاگهیهندراوی كۆبوونهوهكهدا هاتووه؛ عهفرین کوردستانە. هێرشی دەوڵەتی تورکیا بە تەنیا لەسەر عهفرین نییە، لەسەر هەموو کوردستانە. دەوڵەتی تورکیا نەیاری سەرەکی گەلی کوردستانە. پێویستە هەموو لایهنه کوردستانیان لە دژی ئەو دوژمنكاری و هێرشانە راوەستن و عهفرین بپارێزن.
سڵاو و ستاییش ئاڕاستەی بەرخۆدانی عەفرین کرا
کۆبوونەوە سڵاوی گەرم بۆ هێزەکانی قەسەدە و هەموو بەرگریکارانی عهفرین کە بەوپەڕی قارەمانێتییەوە بەرگریی دهكهن، دهنێرێت. هەروەها هاوکاری و پشتگیریی خۆی بۆ گەلی عهفرین و هەموو ئەو تێکۆشەرانەی دژی داگیرکاریی لە خەباتدان دووپات کردەوە.
ڕێز لە شەهیدان نرا و سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان کرا
کۆبوونەوە لە کەسێتی شەهیدانی بەرخۆدانی عهفریندا، بەڕێزەوە هەموو شەهیدانی کوردستان بە بیردێنێتەوە. سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان و هەموو گەلی کوردستان دهكات، هیوای هەرچی زووتر چاکبوونەوە بۆ برینداران دهخوازێت.
ستاییشی پشتیوانی گەل لە عەفرین کرا
بە شادمانییەوە ئێمە ئێستا دهبینین کە چۆن گەل و هێزە کوردستانیەکان لە چواردەوری پرسی عهفرین کۆبوونەتەوە. گەلی کوردستان لەسەرانسەری جیهاندا، دژ بە هێرشکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا هاتوونەته سەر شەقام و پشتی عهفرین دهگرن. ئێمە دەستخۆشی لە هەمووان دهكهین. هەمانکات هیواخوازین ئەو هەڵوێست و دۆخە ببێتە بنەما بۆ پێکهێنانی یەکێتییەکی مەزنی نەتەوەیی.
ڕەخنە لە هەڵوێستی دەوڵەتان و لایەنە جیهانیەکان گیرا
کۆبوونەوە هەڵوێستی دەوڵەتی ڕووسیا لە عهفرین شەرمەزار دهكات، ئەو هەڵوێستە بە شایهنی گەلی ڕووسیا نازانێت. داوا لە رێبەرایەتی ڕووسیا دهكات بە زووترین کات ئەو هەڵوێستە نەشیاوەی بگۆڕێت و نەبێتە هاوکاری تورکیا.
کۆبوونەوە هەڵوێستی دەزگا نێونەتەوەییەکانی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان، ناتۆ، ئەمەریکا و وهڵاتانی ئەورووپا لەسەر پرسی عهفرین، بە لاواز و دوور لە پێوان و پرەنسیپە ئەخلاقی و مرۆییەکان دهبینێت. داوا لەو دەزگا و وهڵاتانه دهكات بە راشکاویی دژی ئەو هێرشکارییەی دەوڵەتی تورکیا راوەستن و هێرشەکان رابگرن.
ستایشی ڕای گشتیی نێودەوڵەتی کرا
کۆبوونەوە هەڵوێستی ڕای گشتیی جیهان پۆزەتیڤ دهبینێت. بۆ ئەوەی ئەو هەڵوێستە بەهێزتربێت و کاریگەریی لەسەر دەوڵەتان دابنێت، پێویستە کارو تێکۆشان لەگەڵ دۆستانی بیانی بەردەوام بێت و پەرەی پێبدرێت. بۆ ئەوەش پێویستە تاوانهكانی تورکیا و راستینەی گەلی کوردستان زیاتر بانگهشهی بۆ بکرێت.
هێرشی تورکیا دژی بنەما، یاسا و پەیمانە نێونەتەوەییەکانە. هێرشی تورکیا بۆ سەر عهفرین و تاوانکارییە دڕندانەکانی لەو هەرێمە، پێشێلکردنی بنەما یاساییەکانە و بە تاوانی دژە مرۆڤایەتی دهژمێردرێت. هاوکاریی تورکیا بۆ ئەلقاعیدە و پاشماوەکانی داعش، هەروەها هێرشکردنە سەر عهفرین، تێکۆشان لە دژی داعش لاواز دهكات.
ڕاپۆرتی کار و خەبات پێشکەش کرا
لە کۆبوونەوەدا راپۆرتی کارو چالاکییە دیپلۆماسییەکانی پێشووتر پێشکەش کرا. کۆمەڵێك کاری گرنگ کراون کە کاریگەرییان لەسەر میدیا و ڕای گشتی هەبووە. ئەمەش قۆناغی یەکەمین بوو. لە قۆناغی دووهمیندا پێویستە کارێکی وا بکرێت کە کاریگەریی لەسەر ناوەندەکانی بڕیار دابنێت، دەزگا نێودەوڵەتییەکان و وهڵاتان بە فەرمی هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا بکەن. دواتر پێشنیاز و داخوازی بۆ کار و چالاکیی داهاتوو، بە تایبەتی لەسەر پرسی عهفرین، پێشکەشكرا و لەو چوارچێوەیەدا پلانسازییەك داڕێژرا.
ئهو لایهنانهی كه بهشدارن له كۆمیتهكه بریتین له:
1. كۆمسیۆنی كاری دەرەوەی كهنهكه
2. یەكیەتیی نیشتیمانیی كوردستان
3. پارتی یەكیەتی دیموكراتی ( پ ی د )
4. بزووتنەوەی گۆڕان
5. حزبی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان
6. پارتی ئیسلامی كوردستان
7. كۆنگرەی جڤاتێن دیموكراتیك – ك ج د ئەورۆپا
8. كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان
9. تەڤگەری ژنانی كوردستان – ئەوروپا
10. فیدراسیۆنی ئێزدیانی كوردستان
11. یەكیەتی سوریانیانی ئەوروپا
12. پارتی یەكیەتی سوریانی – رۆژاوا
13. پارتی ژیانی ئازادی كوردستان - پژاك
14. حیزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
15. نوێنەرایەتی ( ھ د پ ) لە ئەوروپا
16. پارتی دیموكراتی كوردی سوریا
17. پارتی چەپی دیموکراتی کورد - سوریا
18. پارتی چەپی کورد - سوریا
19. پارتی دیموکراتی کورد – ئەلپارتی- سوریا
20. پارتی رزگاری کوردستان
21. پارتی سەوزی كوردستان ( رێكخراوی سەوزی ئەوروپی – كوردستانی )
22. ئەنستیتۆی كورد لە برۆكسل
23. رێکخراوی دیموکراتیکی یارسان
24. پارتی یەکێتی نیشیمانی ئازاد - رۆژاوا
25. تەڤگەری ئاوەدانکردنەوەی کوردستان - سوریا.
26. ئەنجومەنی شەنگاڵ لە دەروەی وڵات.
27. پارتی سەربەخۆیی.
28. پارتی کۆمۆنیستی کوردستان.
29. پارتی یەکێتی دیموکراتی کوردستان- الوحدة. (رۆژاڤا)
30. کۆمەڵە – رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.
31. پارتی سەوزی کوردستانی (رۆژاوا)
هـ.هـ