لە راگەیێنراوەکەی کەجەدەکە-ئەوروپادا هاتووە:"
"ڕاگەیەندراوێک بۆ گەلی کورد لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات
سەبارەت بە پرۆژەیاسای بەناو "ڕێکخستنی میدیای ئەلەکترۆنی" لەھەرێمی کوردستان، ئێمە (کەجەدەکە-ئەوروپا، بەڕێوەبەرایەتی کۆمسیۆنەکانی باشور) دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ ھەموو دەنگە ئازادیخوازەکان، ڕۆژنامەنوسان و نوسەرانی بوێر و چالاکوانان کە لە دژی بەناو پرۆژەیاسایەک بەو ناوەڕۆکە مەترسیدارەوە، کە سەرتاپای لە خزمەتی چینە باڵادەستەکەی ھەرێمی کوردستانە. ئێمە بە ڕەھایی دژی ڕاوەدونان و دادگاییکردنی دەنگە ئازادەکانین بە یاسا و بەھانەی"تیرۆر"، بەبڕوای ئێمە خودی ئەو یاسایە بریتیە لە تیرۆرکردنی دەنگی ئازاد و زاراوەی (ئۆپۆزسیۆن)بوون پێکهوه.
پرۆژەیاسایەکی لەو چەشنە، وەک ئەمڕۆ لە ھەندێ وڵاتانی تری تۆتالیتار و ئەوتۆکراتدا داڕێژراون، ھیچی تر نیە جگە لە شەرعیەتدان بەنادادپەروەری لە کۆمەڵگادا و پەرلەمانیش دەکات بە دەسکەلا بۆ چەند بنەماڵە و کۆمپانیایەکی بێ ناونیشان، کە ئیدی کێیان بەدڵ نەبوو و چۆنیان بوێت مامەڵەی توندی لەتەکدا بکەن، ئیتر ھیچ بەربەستێک نامێنێتەوە بۆ تەنگ ھەڵچنین بە کەسایەتیە وڵاتپارێزەکان و چالاکوانان و بەناوی ئاسایشی گشتی و ڕێوشوێنی دژەتیرۆرهوه دهسگیربکرێن، ئهوهش تیرۆرکردنی خودی ئازادیه.
لەھەمان کاتدا ئەوە زەنگێکی یەکجار مەترسیدارە بۆ ڕەوەندی کوردی لە دەرەوەی وڵات و بەتایبەتی نوسەرانی بوێر، چالاکوانانی ئازادیخواز، ڕۆژنامەنوسان و وڵاتپارێزان، کە بە خەمی کۆمەڵگاکەی خۆیانەوەن، ھەروەھا ھەموو ئەوانەی کە لە ئەنجامی خراپتربوونی ساڵ لەدووای ساڵی حوکمی بنەماڵەیی و شەڕە ناوخۆییەکان وڵاتیان بەجێ ھێشتووە، ئیتر ناتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، ئەگەر پەرلەمانی کوردستان و دەزگا بەناو حکومیەکان چیدی نەتوانن کاریگەری لە سەرماڵپەڕ و سایتەکانی ئەوان دابنێن، کە لەدەرەوەی وڵات تۆمار کراون، ئەوا بەھانەیەک بە دەست دەخەن بۆ دەستگیرکردن و لێپێچینەوەی نەیارانی نوخبەی دەسەڵاتی ھەرێم (کە لە ژمارەی پەنجەکانی دەستێک تێناپەڕن)،وە لەکاتی سەفەرکردنەوە بۆ وڵات بەھانە دروست دهبێت بۆ ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنیان.
خستنەکاری یاسایەکی لەو چەشنە بریتیە لە دواھەمین تیر لە جەستەی (ئازادی) و ئیتر دهسهڵاتدارانی ههرێم دەیسەلمێنن کە باقی بارستایی خۆیان تەنیا لە دژی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت دەنگە ئازاد و نەیارەکانی خۆیان بەکاردێنن.
ئێمە بانگ لە ھەموو چالاکوانان، ڕۆشنبیران و نوسەران و ھەموو کوردانی وڵاتپارێز دەکەین بە دەم بانگەوازیەکەمانەوە بێن، با ئیتر بێدەنگی بشکێنین و ھێز و تواناکانی خۆمان بکەین بەیەک بۆ بەدەستھێنانی ئازادی و دیموکراسیەت لە کۆمەڵگای کوردیدا.
کۆنگرەی کۆمەڵگای دیموکراتی کورد -ئەوروپا، بەڕێوەبەری کومیسیۆنەکانی باشور"
ز.ش