کەجەدە یادی شەهیدانى ئەنفال-ی بەرز راگرت
کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) یادی شەهیدانى کۆمەڵکوژیى ئەنفالی بەرز راگرت، کە ٣٣ ساڵ لەوە پێش لەلایەن رژێمى سەدام حوسێنەوە تاوانەکانى ئەنفال لە دژی گەلی کورد ئەنجامدران.
کۆنگرەى کۆمەڵگەى دیموکراتیک (کەجەدە) یادی شەهیدانى کۆمەڵکوژیى ئەنفالی بەرز راگرت، کە ٣٣ ساڵ لەوە پێش لەلایەن رژێمى سەدام حوسێنەوە تاوانەکانى ئەنفال لە دژی گەلی کورد ئەنجامدران.
کەجەدە بە بڵاوکردنەوەى راگەیاندراوێک یادى شەهیدانى ئەنفالی بەرز راگرت و سەرنجی خستە سەر ئەو کۆمەڵکوژییانە کە تاوەکو ئێستاش لە کوردستان ئەنجام دەدرێن. راشیگەیاند، دەبێت داگیرکەران و دیکتاتۆرەکان باجی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانە بدەن.
لە راگەیاندراوەکەى کەجەدە دا هاتووە "سەدان ساڵە داگیرکەران و دیکتاتۆرەکان لە کوردستان کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن. دیکتاتۆرەکان ئێستاش سیاسەتى سڕینەوە بەڕێوەدەبەن. کۆمەڵکوژیى ئەنفال، کە وەک پەڵەیەکى رەشە بە نێوچاوانى مرۆڤایەتییەوە ٣٣ ساڵی بەسەردا تێپەڕی.
١٤ی نیسانی ١٩٨٦ / ٢٥ی خاکەلێوە کۆمەڵکوژیى ئەنفال بە فەرمانى سەدام حوسێنى دیکتاتۆر دەستیپێکرد و تاوەکو ساڵی ١٩٨٩ بێ پسانەوە بەردەوامیى هەبوو و تیایدا ١٨٢ هەزار مرۆڤ شەهیدکران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا شاردرانەوە. کاریگەری و زیانەکانى ئەو تاوانە دژ بە مرۆڤایەتییە تاوەکو ئێستاش بەردەوامیى هەیە.
کۆمەڵکوژیى ئەنفال نە یەکەم کۆمەڵکوژى بوو و نە دوا کۆمەڵکوژیش بوو، کە دەوڵەت و داگیرکەرانى کوردستان لە دژی گەلی کورد ئەنجامیان داوە. کۆمەڵکوژییەکانى قۆچگری، ئاگری، زیلان، دێرسیم، مەرەش و چەندین کۆمەڵکوژیى تریان ئەنجامدا و سیاسەتى کۆمەڵکوژیى لە قامیشلۆ، رۆبۆسکی، شەنگال، کۆبانێ، جزیر، سلۆپی، سوور، نسێبین، کەربۆران، گەڤەر و ئەمڕۆ لە عەفرین بە خاپورکردن و تاڵانکردنى شارەکان درێژەیان پێدەدرێت.
دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئەو کۆمەڵکوژییانەیان بە پشتیوانى و هاوکاریى هێزە ئیمپریالیستەکان ئەنجامداوە، بۆیە هێزە نێونەتەوەییەکان هاوبەشی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانەن.
بەڵام راستییەک هەیە، کە گەلەکەمان، گەلانى کوردستانى بەرخودێر و خۆڕاگر، هەرگیز بەرامبەر بە داگیرکەری و زۆرداری ملیان نەچەماندووە و خۆیان رادەست نەکردووە، بەڵکو هەموو کات خۆڕاگری و داکۆکییان کردووە. باجەکەشی هەر چییەک بوو بێت، بەڵام دەستبەرداری ئازادیى خۆیان نەبوون. لێرە دیکتاتۆرەکان و زۆردارەکان بەرامبەر بە مرۆڤایەتى رووڕەش و شەرمەزار بوون و بەرخودان و هەڵوێستى شکۆمەندانەى گەلی کوردستان ئومێد، بڕوا و ئازایەتیى بە هەموو گەلانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەخشیووە و دەستبەرداری ژیانى ئازاد و سەربەخۆییان نەبوون.
ئێمە بەو هەست و بڕوایەوە لە ٣٣هەمین ساڵیادی ئەنفال دا، ئەو کۆمەڵکوژییە بە توندی ئیدانە دەکەین. ئێمە لەو بڕوایەداین، کە هەموو بەرپرسیارانى ناوچەیى و نێونەتەوەیى حسابیان لێوەردەگیرێت و بە دڵنیاییەوە تێکۆشانی ئازادی و رزگاریمان بە سەرکەوتن تاجدار دەکەین و دەینەخشێنین".
ر.م