کەجەکە: جەژنی قوربان بکەنە هۆکاری گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادی!

کۆمیتەى باوەڕی و گەلانی کەجەکە جەژنی قوربانی لە جیهانی ئیسلامی پیرۆز کرد و هیوای خواست ببێتە هۆکاری نێوان گەلان بۆ برایەتی و پشتیوانیی بەهێز و دیسانەوە ببێتە هۆی گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی.

کۆمیتەى باوەڕ و گەلانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە راگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە. لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "ئێمەی بزووتنەوە، جەژنی قوربان لە گەلانی مسوڵمان پیرۆ دەکەین. ئومێد دەکەین، کە ئەو جەژنە لە پێش هەمو شتێکەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو دونیای ئیسلامی ئاشتی، ئارامی،  دادپەروەری و تەندروستی بهێنێت. لە ناو گەلاندا ببێتە هۆکاری بەهێزکردنی دۆستایەتی، برایەتی، هاوبەشیکردن و پشتیوانیکردن و هەروەها ببێتە هۆی گەورەکردنی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی".

لە راگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە "جەژنی رۆژانی ئاشتی، پشتیوانی و هاوبەشیکردنە. جەژن لە دژی مونافیق، زاڵم و ئەوانەى ماف و هەق قبوڵ ناکەن، نوێنەرایەتی کولتوری تێکۆشانە، بەڵام دەسەڵاتی ئیسلامی ئایین لە ژێر ناوی ئومەتدا بۆ خۆی بەکار دەهێنێت و لەو رێگەیەوە دوورکەوتنەوە لە باوەڕی ئایین دەسەپێنێت. لەو هیوا و بڕوایەداین، کە جەژنی قوربانی ئەمساڵ لە ناو گەل دا هەست و حەزکردن زیاتر گەورەتر بکات".

گەلانی مسوڵمان بەهۆی سیاسەتی نەتەوە – دەوڵەت و حکومەتە فاشیستەکانەوە لە قەیرانی جدیدا دەژین. ئیسلامبوونی تورک و خەونی ئیمپراتۆری و خەلافەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێگای بۆ خوێنڕشتن، هەڵوەشاندنەوە و کاولکردن، هەژاری و تاڵانی کردووەتەوە و بووەتە هۆی گەورەترکردنی کێشەکان. هێرشکاریی تورک لەم دواییانەدا بۆ سەر هەبوونی کورد و عەرەب، کولتور و ناسنامەکان، هەڕەشەی جدیی بە دوای خۆیدا هێناوە. دەوڵەتی تورک بە بەکارهێنانی ئایین دەیەوێت لیبیا تاوەکو عێراق، سوریا تاوەکو یەمەن، عەرەبستانی سعودییەوە تاوەکو باشوور و رۆژئاوای کوردستان داگیر بکات. ئەو هێرشکارییانە وەک لە نمونەى حەفتانین دا دەبینرێت، چووەتە سەر خاکی ئاسووری – سووریانی – کلدانی و گەلانی تر و باوەڕەکانی تر و ژیانیانی خستووەتە مەترسییەوە. دەوڵەتى تورک خۆی بە نەژادپەرەستی دەژییەنێت، جارێکیتر ئەوە دەرکەوت، کە رژێمێکى قڕکەر، داگیرکەر و تاڵانچییە. بە بۆنەی جەژنەوە بانگ لە وڵاتپارێزانی عەرەب، رۆشنبیران، هونەرمەندان و سیاسەتمەدارانی تورک و هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی خاوەن ویژدان و ئەو گەلانەی کە خاوەن کولتور و باوەڕی دێرینن دەکەین، کە لەسەر جوگرافیاکەمان لە دژی فیتنەی ئیسلامیی تورک، کە دەیەوێت گەلان بکات بە گژ یەکتردا، لەگەڵ گەلی کورد پێکەوە تێکۆشانێکى بەهێز بکەن.

دەبێت نەچنە ئەو مزگەوتانە کە خوتبەی دەزگای دیانەتی دەوڵەتی تورکیان تیادا دەخوێنرێتەوە

کوردستانیان و مسوڵمانانی بەرێزی تورکیا؛

رێگای پیرۆزکردنی جەژن بە رۆحی برایەتی، یەکێتیی دیموکراتیکی گەلان، پەیوەستە بە تێکشکاندنی دیکتاتۆریی فاشیستیی ئاکەپە – مەهەپەوە. چەند رۆژ لەوە پێش لە ئایاسۆفیا لە خوتبەى هەینیدا، کە وەک شانۆگەرییەک بەڕێوەیان برد، ئەوە دەرکەوت، کە سەنتزی تورک – ئیسلام دوژمنی گەلان، باوەڕ و ئایین و کولتورەکانە. ئیسلامی تورک، ئیسلامێکە کە خودا، قورئان و سونەت بۆ هەموو جۆرە درۆیەک، فیتنە و فەسادییەک، کە خۆی تیادا بشارێتەوە بەکار دەهێنێت. ئەوانەى لەسەر هێڵی موحەمەد باوەڕیان هێناوە، ئەگەر لە دژی ئەو ئیسلامە نەژادپەرەستە تێکۆشان نەکەن، دەبێت ئەوە بزانرێت کە هەر چی عیبادەت بکرێت هیچی ناگاتە واتای پیرۆزی خۆی. لەبەر ئەوەش دەڵێین، تێکۆشانی مسوڵمانانی تورکیا لە دژی سیاسەتەکانى ئاکەپە – مەهەپە بە ئەندازەی عیبادەت خێرە. لەو بڕوایەداین یەکێک لە ئەرکەکانى مسوڵمانانی کوردستان و تورکیای خاوەن ویژدان ئەوەیە کە نابنە هاوبەشی ئەو هەمو تاوان و گوناحانە کە بە ناوی ئیسلامەوە ئەنجام دەدرێن. لەبەر ئەو هۆکارەش بانگ لە مسوڵمانانی کورد و تورک و گەلانی تری خاوەن ویژدان دەکەین کە نەڕۆن بۆ ئەو مزگەوتانە، کە خوتبەی دیانەت (دەزگای دیانەتی دەوڵەتى تورک)یان تیایدا دەخوێنرێتەوە. بانگتان لێدەکەین بەو بڕوایەوە کە 'هەموو لایەکی دونیا مزگەوتە' نوێژەکانی خۆتان بکەن. ئێمە دەمانەوێت سەرنج راکێشینە سەر ئەو هەڵوێستە موحەمەدییە. هەموو جۆرە هەڵوێستێک و نزیکایەتییەک کە پشتیوانی لە رژێمی ئاکەپە – مەهەپە بکات دژایەتیکردنی موحەمەدی و ئیسلامە.

داگیرکەری تورک بە چاوی غەنیمە سەیری خاکی کوردستان دەکات

کوردستانیانی هێژا؛

لە هێرشە قڕکەر و داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک دا زۆرترین زیان بەر گەلی کورد دەکەوێت. لە عەقڵییەتی سەنتەزی ئیسلام تورک دا لە ٢٤ی تەممووزی ٢٠٢٠دا لە ئایاسۆفیا کە سەرۆکی دەزگای دیانەتی تورک لە شانۆگەرییەکدا نوێژی کرد بەو وەزع و خوتبەیەى دای، جارێکیتر ئێمە ئەوەمان بینی کە لە چ ئاستێک و بە چ رادەیەک لە ئیسلام تێگەیشتووە. بۆ سەروەرانی تورک، ئیسلام، مافی شمشێر دەدات و ئایینێکە کە مافی داگیرکەری و غەنیمەیان پێدەبەخشێت. لەبەر ئەوەى سەروەرانی تورک خاوەنی ئەو عەقڵیەتەن کە لە لیبیا، سوریا و کوردستان هێرشی داگیرکەری ئەنجام دەدەن. ئەوان بە چاوی غەنیمە سەیری خاکی کوردستان دەکەن. چەوساندنەوە و دادۆشین و داگیرکەری لە کوردستان بەو عەقڵییەتی ئیسلامەوە بەڕێوەدەچێت. لەبەر ئەوەش دەبێت هەموو کوردانی مسوڵمان و هەموو کوردێک ئەوە بزانێت، کە پشتئەستووریی ئایدۆلۆژیی داگیرکەریی تورک لەو عەقڵییەتە ئیسلامییە تورکییەوە سەرچاوەی گرتووە. بە راگرتنی هەندێک کورد لەلای خۆیان دەیانەوێت ئەو لە رێ دەرچوونەیان رەنگی ئیسلامیی پێوە بلکێنن. ئەوەى موحەمەدی و ئیسلام ئەمڕۆ بەسەر کوردی مسوڵماندا فەرزی دەکات تێکۆشانە لە دژی ئەو مونافیق و زاڵمانە. لە دژی داگیرکەریی تورک لە کوردستان کە دەستدرێژی دەکەنە سەر ژنان، پەلاماریان دەدەن و دەیانکوژن، تێکۆشان نەکرێت ئەوە بەو مانایە دێت، کە لە مانا پیرۆزەکەى خۆیدا عیبادەت ناکرێت.

بانگی گەورەکردنی تێکۆشانی بە رێکخستنکراو دەکەین

مسوڵمانانی رێزداری کوردستان؛

دەبێت ئەم جەژنە لە سەردانی مەزارگەی شەهیدان دا بکەنەوە و قەرزی سەر شانی خۆتان کەم بکەنەوە. سەردانی هاوڕێیانی زیندانی، پشتیوانی لە بنەماڵەکان کولتور و نەریتی جەژنە. پێشنیاز دەکەین، کە خێرەکانی خۆتان بدەن بەو کەس و رێکخراوانە تاوەکو بتوانن بیگەیەننە دەستی موحتاجەکانی کوردستان. لەو بڕوایەداین، کە هاوکاری و خێرەکانتان کە سوود بە کەسەکان و رێکخراوەکانی سەر بە دەوڵەتى تورکی فاشیست بگەیەنێت کە لە ئێستادا لە هەوڵ دان، لە حوزری هەق دا و دەرگای باری تەعالادا وەک خێر نابینرێت.

ئێمە وەک بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان بەو هەست و بیرکردنەوانەوە جارێکیتر جەژنی قوربان لە مسوڵمانانی کوردستان پیرۆز دەکەین. بانگ لە هەمووتان دەکەین کە لە دژی دەوڵەتی تورکی قڕکەر و داگیرکەر تێکۆشانێکى بە رێکخستنکراو بکەن. بە بۆنەی جەژنەوە لە کەسایەتیی هەموو شەهیدانی ئازادیدا و هەروەها رۆستەم جودی کە بە قارەمانی لە حەفتانین بەرەنگاریی کرد و شەهید بوو، یادی هەموو شەهیدانی حەفتانین دەکەینەوە، بەڵێنی پێبەندبوون و پەیوەستبوونی خۆمانیان بۆ دووبارە دەکەینەوە. جەژنی بنەماڵەى شەهیدان پیرۆز دەکەین".

ژ.ت