کەجەکە: نەورۆزی گەلان کۆتایی بە زوحاکەکانی سەردەم دەهێنێت

کەجەکە ڕایگەیاند، کە گەلی کورد هاوشێوەی سەردەمی ماددەکان، شانبەشانی گەلانی ناوچەکە، هەنگاو بۆ بونیادنانی سیستمێکی ئازاد و دیموکرات دەنێت، دەشڵێت: نەورۆزی گەلان کۆتایی بە زوحاکەکانی سەردەم دەهێنێت.

لە میانەی ئاهەنگی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزدا، کە کاتژمێر ١١:٠٠ی ئەمڕۆ لە بناری قەندیل دەستیپێکرد، ڕێوار ئاودانان، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، پەیامی کەجەکەی بەبۆنەی نەورۆزەوە خوێندەوە.

لەسەرەتای پەیامەکەدا، کەجەکە پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردیی ئاراستەی گەلی کوردستان و گەلانی ئازادیخواز و عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پەکەکە و گەلی عەفرین کردووە.

هەر لە پەیامەکەی کەجەکەدا، هاتووە: گەلەکەمان لەم دوو مانگەدا، بە بەرخۆدان و هەڵوێستیان، یەکبوونی نەتەوەیی خۆی سەلماند و هەموو هێزە سیاسییەکانی کوردستانیشی خستە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گرنگەوە.

ئەوەش هاتووە: ئەوەی لەسەر ئێمەیە، ئەوەیە کە داخوازی و هیواکانی گەلەکەمان پێکبهێنین و ئیتر لەچوارچێوەی سەکۆیەکی نەتەوەیی و ستراتیژییەکی نەتەوەییدا تێکۆشان ئەنجام بدەین و هەموومان ئەو ڕاستییە بزانین، کە دۆزی گەلەکەمان و خواستی گەلەکەمان یەکە و چەندە ئێمە وەکو چوار دۆست و چوار هەست هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەین، خۆمان لاواز دەکەین و دوژمنانمان شادومان دەکەین.

کەجەکە، ڕاشیگەیاندووە: دۆستانیشمان لە دوو مانگی ڕابردوودا، بە خاوەنداریکرنیان لە عەفرین، ڕێبەر ئاپۆ، دۆزی ڕەوای گەلەکەمان، بەها مرۆییەکان، یەکێتی و یەکبوونی نەتەوەیی خۆیان سەلماندیان کە ئەوان خاوەنی بەها مرۆییەکانن، بێگومان ئەو هەڵوێستانە لە لاپەڕە پرشنگدارەکانی مێژوودا تۆمار دەکرێت، ئێمەش هەمیشە بەڕێز و ستایشەوە سەیریان دەکەین و یادیان دەکەینەوە.

هەر لە پەیامەکەدا، کەجەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: دەوڵەتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش، بە هەڵوێستیان لەبەرامبەر عەفرین و دۆزی ڕەوای گەلەکەماندا، سەلماندیان کە ئەوان هاوهەڵوێستن بەرامبەر بە دۆزی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە، سەلماندیان کە بەهیچ شێوەیەک ماف و ئازادیی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە پەسەند ناکەن، هەر پرۆژە و هەوڵدانێک لەپێناوی ئازادیی گەلی کورد و گەلانی ناوچەکەدابێت، ئەوان ڕووبەڕووی دەبنەوە و هەموو توانایان دەخەنە گەڕ، بۆ زیندبەچاڵکردنی، بەڵام با باش بزانن، کە خەیاڵیان خاوە و ئیرادەی کوردی ئازاد، هەموو هێرش و پیلانگێڕی و داگیرکارییەکانیان تێکدەشکێنێت، چونکە گەلی کورد بڕیاری شۆڕش و سەرکەوتنی داوە و ئاگری شۆڕش و خەباتمان گەشتر لە هەمیشەیە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەی کەجەکەدا، ڕاگەیەندراوە: گەلی کورد هاوشێوەی سەردەمی ماددەکان، شانبەشانی گەلانی ناوچەکە، هەنگاو بۆ بونیادنانی سیستمێکی ئازاد و دیموکرات دەنێت، سیستمێک کە دوربێت لە ستەم، جیاکاری ڕەگەزی، جیاکاری نەژادی، جیاکاری نەتەوەیی، جیاکاری ئاینی و ئاینزایی، جیاکاری ئایدۆلۆژیی، جیاکاری و چینایەتیی و توێژەکان، نموونەی ئەو سیستمەش لە عەفرین و باکوری سوریا بەرجەستە بووە و هەنگاو بەرەو چەسپاندن دەنێت، ئەمەش هیوای گەلانی بۆ ئازادیی ژیاندووەتەوە و گڕوتینێکی مەزنی داونەتێ.

کەجەکە، دەشڵێت: چۆن لە سروشتدا لەدوای زەحمەتیی زستان، بەهار بەجوانیی و خۆشییەکەیەوە لەدایک دەبێت، بەهاری گەلان و نەورۆزیش، کۆتایی بە ستەم و زۆرداریی زەحاکەکانی سەردەم دەهێنێت و بەهار گەلان هەرد دێت، بە خەبات و ئازایەتیی ڕۆڵەکانی گەل، کۆتایی بە زستانی داگیرکاریی و ستەم دێت و بەهاری ژیانی ئازاد و نەتەوەی دیموکراتیکیی سەردەکەوێت.

لە کۆتایی پەیامەکەی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکەدا، هاتووە: با بە ڕۆحی نەورۆز و بەهاری ئازادیی، هەموو تواناکانمان یەکبخەین و لەبەرامبەر هاوهەڵوێستیی ستەمکارەکاندا ئێمەش وەکو گەلی کورد یەکێتی نەتەوەیی دروستبکەین و لەگەڵ گەلانی کوردستان و ناوچەکە و ئازادیخوازاندا، ڕیزەکانمان باشتر ڕێکبخەین و گوڕ بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەمان بدەین.