بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری دانیشتوانی ھەڵەبجە، کەسوكاری قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە، لایهنهسیاسییهكان، بهپرسانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، نوێنهرانی حكوومهتی عێراق و باڵیۆز و كونسوڵی وهڵاتان لە ھۆڵی یاریگهی نێودەوڵەتیی ھەڵەبجە مهڕاسیمی یادی ٣٠ ساڵەی کیمیابارانکردنی ههڵهبجه بهڕێوهچوو.
له مهڕاسیمهكهدا، عهلی عوسمان پارێزگاری ھەڵەبجە وتاری دهستپێكی یادەکەی پێشکەش کرد و ڕایگهیاند: گەلێک کە خواستی ژیانی ئازادی ھەبێت، ھیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت لەناوی ببات. حکوومەتی بەعس ویستی لە ڕێگەی ئەم کارەساتەوە ئیرادەی گەلی ئێمە بشكێنێت و گەلی ئێمە لەناوببات، بەڵام ئەوەتا ھەڵەبجە بەپێوە وەستاوە و بەعسییهکانیش بەناخی زەویدا ڕۆچوون. وتیشی: ھەڵەبجەییەکان تەنھا لە ئاستی کارەساتەکەدا ئازا نەبوون، بەڵکو ئازایانە شارەکەشیان ئاوەدان کردەوە.
پارێزگاری ھەڵەبجە داوای لە حکوومەتی عێراق کرد ھەرچی زووه ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە تەواو بکات و ئەوەی شایستەی ئەم شارەیە بۆی بگەڕێنێتەوە.
هاوكات مەحموود حاجی ساڵح وەزیری شەھیدان و ئهنفالكراوانی حکوومەتی ھەرێم له وتهیهكدا ڕایگهیاند: ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دەستیان سوورە بە خوێنی ڕۆڵەکانی گەلی کورد و دەیان جار ئەم گەلە کۆمەڵکوژ کراوە. دوایین جاریش کۆمەڵکوژیی سەر شەنگال و ئێزدییهكان بوو.
وەزیری شەھیدان خۆشحاڵی خۆی بە سزادانی تاوانبارانی دۆسیەی کیمیابارانی ھەڵەبجە دەربڕی و وتی: ئەوانەی دەیانویست گەلی ئێمە کۆمەڵکوژ بکەن، خۆیان لەناوچوون و نەمان، بەڵام گەلی ئێمه ھەر لە جێگەی خۆیدا دەژی و لەناوناچێت.
ئەو وەزیرەی حکوومەتی ھەرێم گلەیی لە دەسەڵاتدارانی عێراق دەکات و دەڵێت: جێگەی داخە حکوومەتی عێراق نەیتوانیوە وەک پێویست قەرەبووی قوربانیانی ئەو کارەساتە گەورەیە بکاتەوە.
مەھدی عەلاق، نوێنهری سەرۆکوەزیرانی عێراق له مهڕاسیمهكهدا وتهیهكی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: «سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شەھیدانی کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە. ھەڵەبجە کارەساتێکی گەورەیە و نەفرەت لەوانەی ئەم شارەیان شەھید کرد، نەفرەتی خوا لەوانەی ئەم کارەساتەیان خوڵقاند.»
نوێنەری حکوومەتی عێراق باسی لە تێکەڵبوونی خوێنی گەلی کورد و عەرەب لە ڕووبەڕوبونەوەی تێرۆردا کرد و ئەوەشی خستەڕوو کە وەحشیگەریی داعش درێژکراوهی وەحشیگەریی حکوومەتی بەعسە. ھەروەھا ئاماژەی بەو بەرەوپێشچوونانەش کرد كه لە گفتوگۆکانی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمدا ھاتۆتە کایەوە و ڕایگهیاند: «لە چارەسەری سەرجەم گرفتەکان نزیکبووینهتهوه.»
کەسوكاری شەھیدان نیگەرانن
لە مەراسیمەکەدا ھۆشمەند موراد، وتاری كهسوكاری شههیدانی كیمیابارانی ههڵهبجهی پێشکەش کرد و وتی: ھەڵەبجە ھێمای بەرخۆدانە و سەری بۆ ھیچ دوژمنێک دانەنەواندووە. ڕژێمی عێراق ویستی ھەڵەبجە لەسێدارە بدات، بەڵام سەرانی ڕژێم خۆیان لەسێدارە دران.
ناوبراو ڕهخنهی توندی لە حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێم گرت و وتی: حکوومەتی عێراق ڕووخا، ھیوامان بە حکوومەتی نوێ سپارد، بەڵام حکوومەتی نوێش بە ھەمان نەفەسی حکوومەتی پێشوو کار دەكات و کوردستان سزا دەدات. ھەروەھا ڕووی له حکوومەتی ھەرێمیش كرد و وتی: حکوومەتی ھەرێم یاری بە ھەستی قوربانیانی ھەڵەبجە دەکات. جێگای شەرمە تاوەکو ئێستا دەیان کەس لە بریندارانی ئەم دۆسیەیە بەدەست چارەسەرنەکردنی برینەکانیانهوە دەناڵێنن.
لە کۆتایی قسەکانیدا، نوێنهری كهسوكاری شههیدانی كیمیابارانی ههڵهبجه ئاماژهی بۆ ئهوه كرد، دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ھەرێم لەپێناو پارەدا، بههۆی گەندەڵی شکۆی شەھیدانی کیمیاباران و پێشمەرگەشیان شکاندووه.
s.m