کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە

کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی زەینەب جەلالیان و زیدانیە سیاسیەکانی کرد کە لە زیندانەکانی ئیراندا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا کراون.

کەمپینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان لە ڕاگەیەنراوەکەدا، داوای لە ئەمێنسێتی ئەنترناشنال، نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان، ئێران و کوردستان و هاوکات سەرجەم چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و راگەیاندنەکان دەکات بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان فشار بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

ڕاگەیەنراوی کەمپینەکە بەم شێوەیەیە:

ئێمە دەنگی زەینەب جەلالیانین

زەینەب جەلالیان زیندانی سیاسی کورد، سالی ١٩٨٢ لە شاری ماکۆ سەر بە رۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) لەدایک بووە. دوایی ماوەیەک کارو چالاکی سیاسی، سالی ٢٠٠٧ لە کرماشان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران-ەوە دەستبەسەر کراوە. لە کاتی دەستبەسەر کردندا رووبەروویی هەڵسوکەوتی نەشیاو و ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بۆتەوە. دوای دەستبەسەر کردنی، ناوبراو بە بێ پارێزەر و تێپەڕاندنی پرۆسەی یاسایی، لە دادگای شۆرشی ئێراندا و لە دۆخێکی ئەمنییەتیدا و بە شێوەی فۆرماڵیتە لە چەند خولەکدا، سزایی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. دوای چوارساڵ پێداگری زەینەب جەلالیان لەسەر رەدکردنەوەی تۆمەتی محاربە و هاوکات دەنگدانەوەی دۆسیەی زەینەب جەلالیان لە ناوەندە جیهانییەکاندا، سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی. جێگای ئاماژەیە زەینەب جەلالیان یەکەم ژنە لە ئێران کە سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپاوە.

بارودۆخی تەندروستی

سێزدە سالە زەینەب جەلالیان لە لایەن دادگای شۆرشی ئیران و سپای پاسدارانەوە لەژێر سەخترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدایە و بەو هۆیەوە ژیان و تەندروستی زەینەب جەلالیان لە مەترسیدایە. هەروەها،  لەبەر ئەشکەنجە و نەبوونی مافی کەڵک وەرگرتن کە پرۆسەی دەرمانی، تا رادەیەکی زۆر چاوەکانی کز بووە و هەویان کردوە. لەم دواییەشدا بە هۆی کەمتەرخەمی بەرپرسانی زیندان، توشی ڤایرۆسی کرۆنا بوە، بەو حاڵەشەوە مافی وەرگرتنی چارەسەری لێ زەوت کراوە. ئەمە سەرەڕای بەردەوامی ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی..

دۆسیەی زەینەب جەلالیان

سەبارەت بە دۆسیە زەینەب جەلالیان سەرەڕای هەوڵدانی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەمنیستی، نەتەوە یەکگرتووەکان، تۆرەکانی مافی مرۆڤی ئێران و کوردستان، چالاکانی سیاسی و مەدەنی...هتد، کۆماری ئیسلامی بەردەوام زەختەکانی بۆ سەر ناوبراو زیاد کردوە.

رۆژی ٢٨ی مانگی رابردوو کە بە بێ ئاگادار کردنەوەی بنەماڵەکەی، ناوبراویان گواستەوە و دوای دەرکەوت کە گواستراوەتەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و لە ئاکامدا توشی کرۆنا بوە و لە پرۆسەی دەرمانیدا، پەراوێز خراوە و ژیانی و گیانی لە مەترسیدایە. بە پێی ئاخرین وتەی باوکی لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان، بە هۆی ڤایرۆسی کرۆناوە، سییەکانی توشی کێشە بوە و لە رەوشێکی توندی ئەمنیدا گواستویانەتەوە بۆ نەخۆشخانە.

هەر بەو بۆنەوە ئێمە وەک کۆمەڵێک لە چالاکوانانی ژن، سیاسی، مەدەنی و کەسایەتییەکان، بۆ پشتیوانی لە زەینەب جەلالیان و سەرجەم زیندانیانی سیاسی، ئەم کەمپیەنەمان راگەیاندوە. لێرەوە داوا لە سەرجەم ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، ژنان و سەرجەم ئازادیخوازان دەکەین بۆ خاوەندارێتی لە چارەنوسی زەینەب جەلالیان و سەرجەم زیندانیان سیاسی، پشتگیری کەمپەینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان بکەن.

داخوازییەکانی کەمپەینەکە

١-  داوایی ئازاد کردنی دەستبەجێی زەینەب جەلالیان.

٢- بە لە بەرچاو گرتنی قەیرانی کرۆنا و توش کردنی زەینەب جەلالیان و هەندێک لە زیندانیانی سیاسی دیکە بە ڤایرۆسی کرۆنا، پێویستە زەخت بخرێتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران بۆ ئەوە پابەند ببن بە مافەکانی مرۆڤ و کۆنوانسیۆنەکان و جاڕنامە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی گیانی زیندانیان.

٣- ئەم کەمپەینە داوا لە ئەمێنسێتی ئەنترناشنال، نەتەوە یەکگرتووەکان، پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتان، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە جیهان، ئێران و کوردستان و هاوکات سەرجەم چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی و راگەیاندنەکان دەکات بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان زەخت بخەنە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

٤- کەمپەین داوای هاوکاری و پشتگیری بۆ بەڕێوەبردنی ئەو چالاکییانە کە دەستنیشان کراون، دەکات. چالاکی لگاڵ و مەیدانی بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان لە وڵاتەکان لەبەردەم سەفارەتی ئێران و ناوەندە پیوەندیدارەکان.

٥- هەرکەس دەتوانێت نوسین، وێنە یا دیمەنی پەیامی پشتگیری بۆ ئەم کەمپەینە بنێریت.

٦- کەمپەین داوا دەکات مافنامەی دیجیتالی بۆ ئازادی زەینەب جەلالیان واژۆ بکرێت. ئەم مافنامە بۆ ئەمێنیستی ئەنترناشنال، نەتەوە یەکگرتووەکان،پەرلەمانی ئەوروپا، ولاتان و ناوەندەکانی ماڤی مرۆڤ، بەڕێ دەکرێت.

"کەمپەینی ئازادی بۆ زەینەب جەلالیان"

#FreedomForZeynabJalalian

ف.ق