بەپێى ئاماری ناوەندی گشتیى کۆمەڵەى مافی مرۆڤ (ئیهادە) لە زیندانەکانى تورکیا و کوردستاندا ١١٥٣ زیندانیى نەخۆش راگیراون، کە نەخۆشیى ٤٠٢ کەسیان قورسە. یەکێک لەو زیندانیانە، کە نەخۆشیى قورسی هەیە و دۆخی تەندروستیى ناجێگیرە سیسێ بینگۆلیى تەمەن ٨٥ ساڵە. سیسێ بینگۆلی لە زیندانى جۆری تیى ژنان لە تارسوس راگیراوە.
سیسێ بینگۆلی نەخۆشییەکانى گەدە، شەکرە، تەنگیى هەناسە و زەختى هەیە. تواناى ئەوەى نییە بە تەنها کارەکانى ئەنجام بدات و بە تەنها بژی. بە هاوکاریى زیندانییەکانى تر کارەکانى ئەنجام دەدات و خۆی لەسەر پێ راگرتووە.
کاتێک سیسێ بینگۆلی دواى چەندینجار باری تەندروستیى تێکچوو و لە زیندانەوە برابوویە نەخۆشخانەى دەوڵەت لە موش، نەخۆشخانەکەش راپۆرتێکى لەبارەى سیسێ بینگۆلی ئامادە کردبوو و لە راپۆرتەکەیدا هاتووە "بەهۆی کێشەى تەندروستییەوە ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە"، بەڵام سەرباری ئەو راپۆرتە، لە راپۆرتی دەزگاى تەندروستیى ئیستەنبول دا ئیدعای ئەوە کرابوو، کە توانای مانەوەى لە زینداندا هەیە و لەبەر ئەوەش پێویست ناکات ئازاد بکرێت!. لەگەڵ ئەوەشدا دوورخرایەوە بۆ زیندانى تارسوس.
دەریا یڵدرم ئەندامى کۆمسیۆنى زیندانەکان لە ئامەد رایگەیاند، بینگۆل بەهۆی کێشەى تەندروستییەوە ناتوانێت لە زینداندا بمێنێتەوە و دەبێت بە خێرایى ئازاد بکرێت.
دەریا یڵدرم باسی ئەوەیکرد "سیسێ بینگۆل لە دوایین چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ پارێزەرەکەى وتویەتى 'ئەگەر بڕیارە بمرم، ئەوا دەمەوێت لە گوندەکەى خۆم و لەسەر خاکی خۆم بمرم' و پێشێلکردنى مافی ژیانى مرۆڤێکى ئەوەندە بە تەمەن کە چەندین نەخۆشیى قورسی هەیە، نابێت بەردەوامیى هەبێت و نابێت لە زیندانیشدا رابگیرێت".
کەمپەینى ئیمزا کۆکردنەوە بۆ سیسێ بینگۆل
یڵدرم ئاماژەى بەوەکرد، هەندێکجار سیسێ بینگۆل هۆشی خۆی لە دەست دەدات بەو هۆیەوە ناتوانێت منداڵەکانى خۆیشی بناسێتەوە و لە هەوڵدان بۆ ئەوەى سەردانی بینگۆل بکەن.
دەریا یڵدرم ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەوەى سەرنجەکان رابکێشنە سەر دۆخی سیسێ بینگۆل سەردانى دادگاى دەستووری دەکەن و دەستیش دەکەن بە کەمپەینێکى ئیمزا کۆکردنەوەى بۆ سیسێ بینگۆل.
ئەوەشی وت "هۆکارى زیندانییەکردنەکەى هەر چییەک بێت، هەر زیندانییەک کە نەخۆشی قورسی هەبێت لە زینداندا رابگیرێت ئەو پیشێلکردنى مافەکانى مرۆڤ و مافی ژیانە. دەبیت بە هەموو پێوەرێک سیسێ بینگۆل ئازاد بکرێت، بەڵام سەرباری ئەوەش ئازادی ناکەن. پێویستە سیسێ بینگۆل بە خێرایى ئازاد بکرێت".
سیسێ بینگۆل لە ٦ی نیسانی ٢٠١٦ / ١٨ی خاکە لێوە لە گوندەکەى خۆیدا لە گوندی بادانێ لە ناوچەى گمگمی موش لە کاتى هەڵکوتانە سەر ماڵەکەیدا دەستگیرکرا. لەو کاتەوە بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن دا" لە زینداندایە.
ر.م