لە ڕاگەیەندراوە نوسراوەکەیاندا کە وێنەیەکی دەست ئاژانسەکەمان کەوتووە، کەنەکە ڕایانگەیاندووە "ئەگەرچی ٦ لایەنی سیاسیی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە لەبەرامبەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردندا و داواکاریان پێشکەش کردووە، بەڵام نە لە سلێمانی و نە لە هەولێر وەڵامی داواکاریەکانیان نادرێتەوەو دۆخێک لە بێدەنگیی هەیە بەرامبەر بەو داواکاریانە. ئەوەش جێگەی نیگەرانییە".
دەربارەی چارەسەریش، کەنەکە لە لێدوانە نوسراوەکەیدا ڕایگەیاندووە "لەو پێوەندیەدا هەر جۆرە چارەسەریهک، هەر لە دووبارە ژماردنەوەی دەنگەکانەوە لەو شوێنانەی جێگای گومانن، تا نیشاندانی بەڵگە بۆ دروستیی ههژماردنی دەنگەکان و ڕێککەوتنی دادپەروەریانە کە بە قازانجی خەڵک و کوردستان بێت نەک تاکەکەس و ویستیی حیزبی لەبەر چاو بگیرێت".
لەدرێژەی لێدوانە نوسراوەکەدا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان جەختی کردۆتەوە "ئێمە دەبێت لە باشوور بتوانین رهگ وڕیشه و سنووری حیزبایەتیی بهرتهسك و ناوچەگەریی تێپهڕێنین تاوهكو باشوور بکەین بە قەڵایەکی پتەو و بەهێزی خەباتی نهتهوهیی و نیشتیمانیی کوردستانیی دژ بە داگیرکەران. بە تایبەتیی کە ئێستا گڵۆڵەیان کەوتووەتە لێژیی. هونەری شۆڕشگێڕانه و دیموکراتخوازانه ئەوەیە کە نەکەونە نێو ئەجێندای داگیرکەران".
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان داوایەکی بەم شێوەیەی ئاڕاستەی تاکەکانی کۆمەڵگا و لایەنە سیاسیە کوردیەکان کردووە "داوا لە هەموو تاکێكی كۆمهڵگا و گروپ ولایەنێکی سیاسیی و گشت رێکخراوەی مەدەنیی و ڕۆشنبیریی، نەک هەر لە باشوور، بەڵکو لە تەواوی کوردستانی گهوره دەکەین، کە خۆ لە زمانی ناسیاسیی زبر وزامداركهر، لە زمانی توندوتیژیی و بەتایبەتیی لە کار و کردەوەی توندوتیژیی بە دوور بگرن. بە پێچەوانەوە ئەم دۆخە دژوارەی ئێستا بکەن بە تاقیکردنەوەیەک بۆ نیشاندانی دڵپاکیی، سەرڕاستیی و بە ئەمەک بوون بۆ خوێنی بەخشراوی نەتەوەکەمان و ئاییندەی کوردستان".
لە کۆتایی لێدوانەکەیاندا، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان 'کەنەکە' وەبیریان هێناوەتەوە کە دوای ٣ هەفتەی دیکە، باکووری کوردستان و تورکیاش لهبهردهمیی هەڵبژاردنێکدان و نووسیویانە "باکووری كوردستان لە ژیر فشاری گەورە و گرانی حوكمی نیزامیی و تۆتالیتاریزمی ئەردۆغان و دهوڵهتهكهیدایە. بردنەوەی گرەوی نیشتیمانیانەی باشوور، وەڵامی دروست دەبێت بە سهرانی نادادپهروهری توركیا".
ک-ش