کەنەکە بۆ ڕۆژئاوا بانگەوازی سەفەربەری و بەرخۆدانی کرد

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە - KNK) ئاماژەی بەوە کرد، هەموو بیانوویەکی دەوڵەتی تورک بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا درۆن و ڕایگەیاند، ڕاستییەکە ئەوەیە دەوڵەتی تورک دوژمنی هەموو کوردە.

دەستەی بەڕێوەبەری کەنەکە لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سنووری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و هەڕەشەی دەوڵەتی تورک بۆ هێرشە داگیرکارییەکان، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا وەبیر هێنرایەوە، دەوڵەتی تورک ماوەیەکی درێژە ئامادەکاریی دەکات بۆ هێرشێکی بەرفراوان لەدژی ڕۆژئاوای کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و وتراوە، بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سنووری ڕۆژئاوا، لەوانەیە لە ماوەیەکی کورتدا دەوڵەتی تورک دەست بە هێرش بکات.

'وێڕای ئەوەی هەتا ئێستا هیچ هەڕەشەیەک لە تورکیا نەکراوە، لە سەرەتاوە دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی کورد دەکات'

کەنەکە ڕایگەیاند، هەتا ئێستا لە ناوچەکە هیچ هێرشێک دژی دەوڵەتی تورک دروست نەبووە، "خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هیچ هەڕەشەیەکیان لە تورکیا نەکردوە. بەو حاڵەشەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی سوریا هەتا ئێستا، دەوڵەتی تورک دوژمنایەتی ئەو خۆبەڕێوەبەرییە دەکات. پشتیوانی هەموو هێزەکانی دوژمنی گەلی کوردی کردووە، هێزەکانی وەکو داعش، ئەلنوسرە و ئەوانی دیکەی خستوەتە گیانی گەلی ڕۆژئاوا. کاتێک ئەو هێزە سەرنەکەوتن، خۆی کەوتە جولە و هێرشی کرد.. ئەو هێرشەی ئێستا لە ڕۆژەڤدایە، وەکو هێرشی سەر کۆبانێ، جەرابلوس و عەفرینە".

'دەوڵەتی تورک لەدژی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە'

دەستەی بەڕێوبەری ڕاشیگەیاند، دەوڵەتی تورک دژی هەموو دەستکەوتێکی کوردە و ئاماژەی بەوەش کرد، "لە هەر کوێیەکی جیهان بێت، دەوڵەتی تورک دەیەوێت دەستکەوتەکانی گەلی کورد لەناو ببات. ئیتر هەموو قسەیەکی دیکە بیانووە. نە ئاسایشی دەوڵەتی تورک کەوتوەتە مەترسی و نە گەڕاندنەوەی پەنابەرانیش خەمی دەوڵەتی تورکە. ئەوانە هەمووی پڕوپاگەندەی درۆ و بێ بنەمان و دروستکردنی بیانووە. ڕاستییەکەی ئەوەیە دەوڵەتی تورک دوژمنی گەلی کوردە و هێرشی سەر کورد و هاوکارەکانی دەکات.

'لە هەر کوێیەک بێت، پێویستە کورد بە ڕۆحی سەفەربەریی خاوەنداری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکات'

ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان لەژێر هێرشێکی مەزن دایە. هێزەکانی ڕۆژئاوا وەکو بەرخۆدانی کۆبانێ و عەفرین بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەموو کوردێک و کوردستانییەک لە هەر کوێیەکی جیهان بێت، بە ڕۆحی سەفەربەریی، بە چالاکی و هەموو دەرفەتەکانی خۆی لەبەرانبەر دەوڵەتی تورک ببێتە یەک، بەرخۆدان بکەن و خاوەنداری لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەن. ئەمڕۆ ڕۆژی بەرخۆدانە. جگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی دیکە نییە. بانگەوازی ئێمە پێش هەمووان بۆ گەنجان و دواتر بۆ هەموو گەلی کوردستانە؛ کات کاتی سەفەربەرییە، لە هەموو شوێن و ناوچەیەک هەستنەسەر پێ.

'کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بڕیارێکی ئەخلاقی نییە'

هەروەها کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر سنوور، ڕێ لەبەردەم هێرشی دەوڵەتی تورک خۆش دەکات و بڕیارێکی ئەخلاقی نییە. هێزەکانی ڕۆژئاوا هاوکاری هاوپەیمانانیان کرد لەدژی دوژمنی مرۆڤایەتییەکانی وەکو داعش شەڕێکی گەورەی کرد و قوربانی گەورەشی دا. دۆخی هێزەکانی هاوپەیمانان ئەمڕۆ، لەسەر هێڵی دۆستایەتی و هاوڕێیەتی نییە. سەرەتا هێزەکانی هاوپەیمانان و هەموو هێزەکانی جیهان، نابێت لەبەرانبەر ئەو هێرشەی دەوڵەتی تورکی بێدەنگ بن و تەماشاچی بن. بانگەوازی بۆ هێزەکانی هاوپەیمانان، نەتەوە یەکگرتووەکان و جیهانی پێشکەوتوو دەکەین کە لە بەرانبەر ئەو هێرشانە بوەستن و گەلانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتەنیا بەجێ نەهێڵن.

'خاوەنداری بەهاکان خۆتان بکەن'

بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە بانگەوازی بۆ هەموو کوردستانیان دەکەین کە خاوەنداری لە بەهاکانی خۆیان بکەن و بە هەموو شێوەیەک بەرخۆدان بکەن".