کەنەکە داواى لە هێزە کوردستانییەکان کرد "یەکبگرن و پلانەکانی دوژمنان تێکبشکێنن"

هاوسەرۆکانی کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سەرکردەکانى هێزە کوردستانییەکان رایگەیاند، کاتێک بابەتەکە دەبێتە بابەتى مان و نەمانی کوردان، دەبێت هەموو هێزە کوردستانییەکان ناکۆکییەکانیان بخەنە لایەکەوە و یەکبگرن.

زەینەب موراد و ئەحمەد کاراموس هاوسەرۆکانى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان نامەیەکی کراوەیان بۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە)، لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە) و بەسێ هۆزات، جەمیل بایک هاوسەرۆکانی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) نووسی.

دەقی نامەکەى کۆنگرەى نەتەوەیی کوردستان

نامەیەکی کراوە بۆ

 بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان

بەڕێزان لاهور شێخ جەنگی، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

بەڕێزان بەسێ هۆزات، جەمیل بایک هاوسەرۆکانی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە

بەڕێزان

لە چەند رۆژی رابردوودا لە زینی وەرتێ کێشەیەکی مەترسیدار لە نێوان هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکیتی نیشتمانی کوردستان درووست بوو. دوای ئەوەش کێشە لە نیوان هێزەکانی هەپەگە و پارتی دیموکراتی کوردستان دەرکەوت. ئەو کێشانە ئەگەر چارەسەر نەکرێن، ئەشێ ببنە هۆکاری پێکدادانی ناوخۆیی.

دوژمنی سەرەکیی کە دەوڵەتی تورکیایە، هەر لە ئێستاوە سوودی لەو دەرفەتە بینیوە. ناوچەکە بۆمباران ئەکات و ناکۆکییەکان قووڵتر ئەکاتەوە. دەوڵەتی تورکیا ماوەیەکی درێژە دەستی خستۆتە باشووری کوردستانەوە. هەر ساڵەی شوێنێکی دی لە خاکی باشوور داگیرئەکات و بنکە سەربازییەکانی خۆی لێ دائەمەزرێنێت. پیلانی تورکیا نەهێشتنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردە. پێویستە هەموو هێزە کوردستانییەکان ئەو راستییە ببینن و لە دژی ئەو داگیرکارییە هەڵوێست بگرن.

بۆ ئەوەی لە ناو کورداندا شەڕێکی ناوخۆیی روونەدات و دەستکەوتەکان لەناونەچن، پێویستە دۆخێکی گرژی لە جۆرە سەرهەڵنەدات. دۆخێکی ئاوەها تەنیا دڵی دوژمنان خۆشئەکات.

پێویستە ئێمە وەک گەل، سیاسەتمەدار، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هونەرمەند، رۆشنبیر و ئەکادیمیکار، خاوەنی بەرپرسیارێتیی مێژووی بین و دەستپێشخەر بین.

هیچ گومان لەوەدا نییە کە پاراستنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان، ئەرک و بەرپرسیارێتی حکومەرتی هەرێمە. پارتە سیاسییەکانی هەموو کوردستانیش، حکومەتی هەرێم بە هی خۆیان ئەزانن. حوکمداری و پاراستنی هەرێمیش بە کارێکی رەوا ئەزانن و پشتگیریی ئەکەن.

ئەمە واتای ئەوەیە کە ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی ئەکەوێتە سەرشانی سەرۆک و حکومەتی هەرێمی کوردستان. پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆما جڤاکێن کوردستان، خۆیان بەرپرسیار ببینن و رێگا لە شەڕێکی ماڵوێرانکەر بگرن. لەو بارەیەوە بۆ ئەوەی بوون و نەبوونی گەلی کورد نەکەوێتە بەر مەترسیی، پێویستە ئەو لایەنانە بەرژەوەندی حزبایەتی و ناکۆکییەکانی خۆیان بخەنە لایەکەوەو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان یەکڕیز بن. بە ستراتیژێکی نەتەوەیی ببنە خاوەن هەڵوێستێکی هاوبەش.

گەڵی کوردستان و دۆست و هاوپەیمانەکانی، داوای یەکێتی و یەکڕیزی لە ئێمە دەکەن. بە هیچ شێوەیەک شەڕێکی ناوخۆیی قبوڵ ناکەن. ناکۆکی و کێشە و شەڕی ناوخۆیی، کارەساتێکی گەورەیە بۆ هەموومان.

ئێمە وەک خەڵکی کوردستان، نابێ سەنگەر لە بەرامبەر یەکتر بگرین. پێویستە ئێمە پێکەوە سەنگەر لە بەرامبەر دوژمنانمان بگرین، تا بتوانین بەرژەوەندی و دەستکەوتەکانمان بپارێزین.

بەر لە هەرشتێک، داواکارین ئەو هێزانەی براونەتە زینی وەرتێ، بکشێنرێنەوە بۆ شوێنەکانی پێشوویان. هەروەها شەڕی میدیایی بەرامبەر یەکتر رابگیرێت. ئێمە بەو هیوایەوە داوا لە حکومەتی هەرێم، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و کۆما جڤاکێن کوردستان ئەکەین، هەرچی زووتر دەست بە دیالۆگ بکەن و کێشەو ئاڵۆزییەکان چارەسەر بکەن.

با ئەم هەڵوێستەیان ببێتە هۆکار بۆ تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆیی. با لە چوارچێوەی ستراتیژێکی نەتەوەییدا هاوهەڵوێست بین. ئێمە تەنیا لەو رێگایەوە ئەتوانین پیلانەکانی دوژمنان پووچەڵ بکەینەوە و دەستکەوتەکانمان بپارێزین.

ژ.ت