گوشارەکانى سەر تەڤگەری ئازادی سوودی بۆ یەکێتی نابێت

بە کورتی و کرمانجی ئەو هەنگاوەى یەکێتى لە دوای پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا هەڵگیراوە. ئەگەر حیزبێک، یان هێزێکى کورد لەسەر داوای هێز و لایەنێک هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت، ئەوا ئیرادەى خۆی لە دەست دەدات.

شێوازی سیاسەتى هێزەکانى باشووری کوردستان بۆ تێگەیشتن دەست نادات. لەلایەک سیاسەتێکى زۆر رۆژانە دەکەن و لەلایەکى تریش رێگا بە هەڵوێستێک نادەن، کە هێزەکانى دەرەوە لەبەرچاو بگرێت. بێگومان ئەوە لە دژی هەموو هێزە سیاسییەکان ئەنجام دەدرێت. بەڵام دەبێت ئامانجی ئەوە بۆ بە هێزکردنی گەلی کورد و کۆمەڵگەى کورد بێت، بەڵام باشووری کوردستان بۆ بەرژەوەندیى رۆژانە و دەرفەتە رەخساوە کاتییەکان و بۆ بەدەستهێنانى مۆڵەتێکى دیاریکراو خۆیان لەو سیاسەتانە دوور دەخەنەوە، کە لە درێژخایەندا گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانى بەهێز دەکات.

دوا بڕیاری یەکێتى بۆ داخستنى تەڤگەری ئازادی نمونەى ئەو سیاسەتەیە. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەى تەڤگەری ئازادی بکرێتە ئامانج تاوەکو یەکێتى ئەو سیاسەتە بگرێتە بەر. بێگومان ئەوە بڕیارێکى تەواو دژە دیموکراتییانەیە. بۆ ئەو بڕیارەیان داوە.؟ ئەگەر ئێوە لە شەقامەکانى سلێمانی دا بە دواى وەڵامى ئەو پرسیارەدا بگەڕێن، ئەوا هاووڵاتییان بە خێرایى دەڵێن، لەبەر تورکیا ئەو بڕیارەى دەرکردووە. ئەگەرێکى زۆر ئەوەیە، کە دەیانەوێت بەو شێوەیە گەشتەکانى فڕۆکەخانەى سلێمانى بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە.

کاتى بڕیارەکەى یەکێتی سەرنجڕاکێشە. گەلی کورد چاوەڕێ بوو یەکێتى بەرامبەر بە بڕیارەکەى ئەمریکا لە دژی ٣ بەڕیوەبەری پەکەکە خاوەن هەڵوێست بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هەستا بڕیاری داخستن و قەدەغەکردنى دەرکرد. ئەوەش رێگا بەڕووی وروژاندنى هەندێک پرسیاردا دەکاتەوە. هەندێک کەس لەو بڕوایەدان و دەڵێن، ئاخۆ یەکێتى بەوشێوەیە بەشداری لە بڕیارەکەى ئەمریکادا دەکات؟

بناغەی قەیرانە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانى باشوور بەهۆی لاوازی و نەبوونی دیموکراسییەوەیە. یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان (یەنەکە) کاتی خۆی وەک ئەڵتەرناتیڤێک لە بەرامبەر شێوازى سیاسەتەکانى گوشارکردن، تاکپەرستی و نا دیموکراسییانەى پارتى دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) دروستبوو. چاوەڕێ دەکرا هەڵوێستێکى دیموکراسییانە و سیاسییانە لە باشووری کوردستاندا بەرەوپێش ببات. تەنانەت یەکێتى لەسەرەتای دامەزراندنیدا داکۆکیى لە هزر و بیری سۆسیالیستیى دەکرد. ئێستا هەڵوێستى نادیموکراسییانەى یەکێتى بەپێچەوانەی شێوەى دروستبوونییەوەیە، کە وەک ئەڵتەرناتیڤی پەدەکە دامەزرا. ئێستا ناکۆکە لەگەڵ هۆکارەکانى دامەزراندنى خۆیدا.

لەبەر ئەوەى یەکێتى نەبووە خاوەن هەڵوێستێکى دیموکراتیک لە ناوچەکانى سۆران و ناوەندی سلێمانی دا، کە لە کۆنەوە حەزی گەشەى دیموکراسیى تیادا کراوەیە، چەندین بزووتنەوەى خاوەن بیرۆکەى دیموکراتیک دروستبوون. ئەو هەڵوێستە بەرامبەر بە تەڤگەری ئازادی تێگەیشتن و روانینی کۆمەڵگە بۆ یەکێتى روو لە خراپتر بوون دەکات و لایەنى خراپی ئەو هەڵوێستە دەردەکەوێت.

تەنانەت دەقی نووسراوی تەڤگەری ئازادی لە کۆبوونەوەى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە)دا، ئەگەر رەخنەى زۆر لە رادەبەدەر و بە ئوسڵوبێکى نەگونجاویشی بەرامبەر بە یەکێتی تیادا خرابێتەڕوو، بەڵام دیسانەوە ئەوە نابێتە هۆکار بۆ ئەوەى یەکێتى هەڵوێستی لەو جۆرە لە دژی تەڤگەری ئازادی بگرێتەبەر. مرۆڤ دەتوانێت ئەو بابەتە نووسراوەى تەڤگەری ئازادی وەک رەخنەیەک سەیر بکات و بە پێچەوانەوەى وەرگرتنى هەڵوێست، پێویستە مرۆڤ پێى دڵخۆش بێت، چونکە ئەوە دەچێتە چوارچێوەى بابەتى دیموکراسییەوە، کە لە ئێستا باشوروی کوردستان پێویستى پێیەتى و ئەو رەخنەگرتنەش نیشانەی بەرەوپێشچوونی رادەربڕینە. بەڵام ئەو هەڵوێست و بڕیارانە دەبنە هۆی زۆربوونی ئەو کێشانە، کە بەهۆی لاوازی و کەمیى دیموکراسییەوە دروستبوون.

هەندێک شرۆڤەکاری سیاسی ماوەیەک لەوە پێش دەیانوت، یەکێتى لەسەر داوای تورکیا گوشار دەخاتە سەر تەڤگەری ئازادی و رێکخرا و دامەزراوە دیموکراتیکەکان و گوشاریان لەسەر زیاد دەکات. تەنانەت دەڵێن، دەوڵەتی تورک ناوی هەندێک رێکخرا و کەسی داوە بە یەکێتى و داوای لێکردووە، ئەو رێکخراو و دامەزراوانە دابخات و رێگاش بە کار و چالاکیى ئەو کەسانەش نەدات.

بە کورتی و کرمانجی، ئەو هەنگاوەی یەکێتى لە دواى پەیوەندى لەگەڵ تورکیادا گیرایەبەر. ئەگەر حیزبێک، یان هێزێک خواستى هەڵوێستێکى لەو جۆرە لەسەر داواى دەرەکی بگرێتەبەر ئەوا ئیرادەی خۆی لە دەست دەدات. جا نەخاسمە کاتێک ئەو لایەنە، دەوڵەتی تورک بێت، کە پێشەنگی دوژمنایەتیکردنە لە دژی کوردان. ئەو دۆخە مرۆڤ زیاتر دەخاتە ناو گومان و بیرکردنەوە.

لەلایەکى ترەوە نە داواکانى دەوڵەتى تورک کۆتاییان پێدێت و نە خۆسەپاندنەکانى سنووری دەبێت و لە شوێنێکدا رادەوەسێتێت. نابێت هەڵوێسێتکى لەو جۆرە ببێتە هەڵوێستى حیزبێکى کوردی، یان بۆ رازیکردنى هێزێکی رۆژئاوایى کە پاکتاوکردنی شۆڕش دەسەپێنێت هەڵوێستێکى لەو جۆرە بگیرێتەبەر. لە باکوور گوشار و پاکتاوکاری لە دژی کوردیان زۆر زیادکردووە، نابێت ئەوە ببێتە هەڵوێستى حیزبێکى کورد. نابێت پەیوەندیى لەو جۆرە لەگەڵ دەوڵەتێکدا دروست بکرێت، کە لە رۆژئاوا و باکوور دوژمنایەتیى کوردان دەکات.

هەنگاوی لەو جۆرە نیشانى دەدات، چوارپارچەکردنى کوردستان ئاسایى بووەتەوە و قبوڵکراوە. لەبەر ئەوەش هێزە پاکتاوکارە قڕکەرەکان کە لە پارچەیەکى کوردستاندا، کاتێک ئەشکەنجە و زوڵم لە کوردان دەکەن و هێرشیان دەکەنە سەر، زۆر خەمی حیزبەکانى سیاسییەکانى تری کورد نییە.

سیاسەتکردن بابەتێکە و هاندانی ئەو هێزانەى کە دوژمنى کوردن بابەتێکى ترە. یەکێتى لە بریى ئەوەى بڕیاری لەو شێوەیە بدات، دەبوایە سەرەتا لە دژی ئەو بڕیارە هەڵوێستى وەربگرتایە، کە لە دژی ٣ سیاسەتمەداری پێشەنگی کورد دەرکراوە. ئەگەر هەر ئیلاوبیلا دەبوایە بەڕێوەبەرانى یەکێتى بڕیارێکى لەو جۆرە دەربکەن ئەوا دەبوایە هەندێک چاوەڕێیان بکردایە.

کاتێک بڕیارێکى وەک بڕیارەکەى ئەمریکا لە بەرامبەر هەر حیزبێکى کورد دەربکرێت، ئەوا دەبێت هەموو حیزبە کوردییەکان لە دژی بن و هەڵوێستیان هەبێت. ئەگەر بزووتنەوە سیاسییە کوردییەکان خاوەنی هەڵوێستى لەوجۆرە نەبن ئەگەری ئەوە هەیە بوار بڕەخسێنرێت بۆ بڕیارى تری لەو شێوەیە و حیزبە کوردییەکانى تر بکەنەوە مەترسییەوە. ئەگەر لە دژ بەڕیوەبەرانى یەکێتى بڕیارێکى لەو جۆرە دەربکرێت ئاخۆ دەبێت هەڵوێستى حیزبە کوردییەکانى تر چی بێت؟ یان نا، گەلۆ حیزبە سیاسییەکانى باشوور ئەگەر ئەمڕۆ بە شوێنپێى دەوڵەتى تورک دا دەڕۆن و وەک دەوڵەتى تورک دەڵێن، کورد بابەتێکە و پەکەکە بابەتێکى ترە! ئەوا با لە کۆڵی سیاسەتمەدارەکانى کورد ببنەوە و لە میللەت ئەو پرسیارە بکەن، کە ئاخۆ پەکەکە و کورد لە یەکتر جیاوازن یان نا؟.

باشە مەگەر "پەکەکە گەلە و گەل لێرەیە" دروشمی سەرەکیى گەلی باکوور نییە؟. باشە حیزبە سیاسییەکانى کورد ئەو راستییە نابینن، کە گەل بینیویەتى؟ یان نایانەوێت بیبینن؟. ئەگەر حیزبێکى سیاسی هەندێک هەڵە و کەموکوڕیشى هەبێت دەبێت لە بەرامبەردا لایەنى یەکگرتن و راستیشی هەبێت.

ئەگەر هێزێکى سیاسی گومانەکان لەسەر خۆی زۆر بکات، ئەوە تاوەکو دەچێت لە وزە و توانایى کەم دەبێتەوە و کاریگەریى نامێنێت. ئەگەر یەکێتى بکەوێتە ناو ئەو سیاسەتەوە، دەیخزێنن و قاچی دەشکێنن و وزە و تواناکەشى لەبارە دەبەن. رەنگە درەنگ تێگەیشتن لە هەڵەیەک سوودی نەبێت.

 خەڵک دەپرسێت، ئەگەر میللەت لە دژی بارەگا سەربازییەکان و داگیرکەری لە باشووری کوردستان راپەڕێت، باشە یەکێتى هەڵوێستێکى چۆنی دەبێت؟ سیاسەت کارێکى رەوابوون و بەها ئەخلاقییەکانە. ئەگەر لایەنێک چەند پارە و هێزی سەربازیی هەبێت، بەڵام ئەگەر بەها ئەخلاقییەکان و رەوابوونی لاواز بێت، ئەوا قورسە ئەو بزووتنەوە سیاسییە خۆی لەسەر پێ رابگرێت.

بۆیە دەبێت یەکێتى نەبێتە خاوەنی هەڵوێستێک کە لەو بەها و پرەنسیبە ئەخلاقیانە دووری بخاتەوە، کە خۆی پێ لەسەر رادەگرێت. بەپێچەوانەوە بە هەڵوێستى دیموکراتیکانە هەم لە ناوی کۆمەڵگە و هەم لە لاى دەورووبەرە سیاسییەکاندا کەرامەتى خۆی دەپارێزێت. کارکردن بەپێى داواکانى تورکیا سوودی بۆ یەکێتى نابێت. هەر هیچ نەبێت پێویستە یەکێتى هەندێک جیاوازیى خۆی لەگەڵ هەندێک لە هێزە سیاسییەکانى تری باشوور نیشان بدات.

ئێمە جارێکیتر بە گرنگییەوە باسی ئەوە دەکەین، کە سەرچاوەى هەموو کێشەکانى باشووری کوردستان بەهۆی کەمیى دیموکراسییەوەیە. چارەسەریش بە پێشخستنى بەها دیموکراتیکەکان بەدی دێت. شێوازی گوشارکردنی هێزە داگیرکەر و چەوسێنەرە پاکتاوکارەکان، کە زوڵم لە کورد دەکەن، هیچ سوودێکى بۆ کورد نابێت. کورد دەبێت باشتر و زیاتر دیموکراسی لە دژی دوژمنانی دیموکراسی و هێزەکانى دژ بە کورد بەرەوپێش ببات.

ئەوەى کورد ئازاد دەکات و دەبێتە هۆی پاراستنى دەستکەوتەکانى و مسۆگەریى بۆ دروست دەکات بە دیموکراسیکردنى وڵاتانى ناوچەکە و هەموو رۆژهەڵاتى ناوەڕاستە. بۆ ئەوەش کورد دەبێت سەرەتا دیموکراتیکبوون لە ژیانى سیاسی و کۆمەڵگەکەى خۆیدا سەربخات و بیچەسپێنێت و مسۆگەری بکات.

سەرچاوە: یەنی ئۆزگیورپۆلیتیکا

ر.م