گیراوانی سیاسیی دۆسیه‌ی په‌كه‌كه‌ و په‌ژاك له‌ ئێران مانگرتن له‌ خواردنیان ڕاگه‌یاند

گیراوانی سیاسیی دۆسیه‌ی په‌كه‌كه‌ و په‌ژاك له‌ گرتووخانه‌كانی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ مه‌به‌ستی ئیدانه‌كردنی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات له‌ دژی ئۆجالان، مانگرتن له‌ خواردنیان ڕاگه‌یاند.

گیراوانی سیاسیی دۆسیه‌ی پارتیی كرێكارانی كوردستان - په‌كه‌كه‌ و پارتیی ژیانی ئازادی كوردستان - په‌ژاك لە گرتووخانەکانی کۆماری ئیسلام ئێران، بە ڕاگەیەنراوێک، تووڕەیی خۆیان لە به‌رانبه‌ر پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات\٢٦ی ڕێبه‌ندان-ی دژ به‌ ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان و گه‌لی كوردستان، ده‌ربڕی. هاوكات داوایان كرد گه‌لی كورد له‌ ده‌وری فه‌لسه‌فه‌ی ئۆجالان یه‌كگرن و یه‌كێتیی خۆیان بنیات بنێن. 

لە ڕاگەیەنراوه‌كه‌دا کە لە لایەن گیراوانی سیاسیی کورد؛ ئەحمەد تەموویی، کەمال حەسەن ڕەمەزان، ئیبراهیم عیساپوور، سامان نەسیم، تورەج ئیسماعیلی، حەسەن حەسەنزاده‌، کامه‌ران جەعفەری و مستەفا سەبزی لە گرتووخانەی ئوورمییە، عەلی ئەحمەد سولەیمان و یوسف کاکەمەمی لە گرتووخانەی تەورێز، ڕەمەزان ئەحمەد کەمال لە گرتووخانەی قەزوین و شاکر باقی لە گرتووخانەی کاشمەر-ه‌وه‌ نووسراوه‌ و بۆ ده‌ره‌وه‌ی گرتووخانه‌ نێردراوه‌، گیراوان ڕایدەگەیێنن: بەبۆنەی ساڵیادی پیلانگێڕیی ١٥ی شوبات/ ٢٦ی ڕێبەندان، لەم ڕۆژەدا مان لە خواردن  دەگرین.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌: تەنیا ڕێگەی کۆتایی هێنان بە پیلانگێڕیی سەر گەلەکەمان، بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشان و بەرفرەوانکردنیەتی لە نێو چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە و کۆبوونەوە لە دەوری فکر و ڕامانەکانی ڕێبەر ئۆجالان.

 

ش. م