گەل لە ھەڵەبجە و سلێمانی داوای یەک ھەڵوێستی دەکەن
دژی ھێرشە ھەڕەمەکیەکانی سوپای تورکیای داگیرکەر بۆ سەر سنورەکانی ھەرێمی کوردستان، دەربڕینی ناڕەزایەتی بەردەوامە.
ئەمڕۆ ٢٤ مارس لە شاری سلێمانی ژمارەیەک پەرلەمانتارو چالاکی مەدەنی ئاینە جیاوازەکانی ھەرێم، گردبونەوەیەکیان سازداو داوایان کرد: ھەرچی زووە سوپای داگیرکەری تورکیا لەخاکی ھەرێمی کوردستان دەربکرێت و بانگەوازی لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمیشیان کرد، لەبەرامبەر داگیرکاری سوپای تورکیادا، یەک ھەڵوێست بن.
بەشداربوانی گردبونەوەکەی ئەمڕۆی پارکی نالی شاری سلێمانی وێنەی شەھیدەکانی ناوچەی باڵەیانیان ھەڵگرتبو لە دروشمەکانیاندا ئاماژەیەن بە یەکبونی خەباتی باشور –باکور-ڕۆژئاوا-ڕۆژھەڵاتی کوردستان کرد.
لەلایەن بەشداربوانی چالاکیەکەوە بەیاننامەیەک ئاراستەی ھەریەکە لە پەرلەمانی کوردستان وپەرلەمانی عێڕاق کرا، لە بەیاننامەکەدا ھاتوە"تورکیا و عێراق ڕێککەوتوون لەسەر ھاتنەناوەوەی تورکیا بە قوڵایی ٢٠ کم بۆناو خاکی باشور" و داوایان لە پەرلەمانی ھەرێم و پەرلەمانتارانی کورد کرد لە عێراق، کاربکەن بۆ ھەڵوەشانەوەی ئەو ڕێککەوتنە و بەھەر نرخێک بووبێت کاربکەن بۆ وەدەرنانی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی باشور".
ئەو چالاکانە لە پەیامێکدا ووتیان "ئێستا کاتی ناکۆکیی ناوخۆیی نییە و کاتی یەک ھەڵوێستییە دژبە ھەڕەشە و ھێرش و مانەوەی بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە باشوری کوردستان و دەرکردنیان بۆ وڵاتانی خۆیان ئەگەرنا چۆن شاھیدی ئەوە بووین، کە سوپای دەوڵەتی تورکیای فاشیست ھێرشی بۆعەفرین کرد ئاواش ھێرش بۆ قەندیل دەکات".
بە ھەمان مەبەست، ژمارەیەکی بەرچاوی چالاکوانان وھاو وەڵاتیانی ھەڵەبجە گردبونەوەو داوای یەک ھەڵوێستی لایەنە سیاسیەکانی کوردستانیان کرد لەبەرامبەر ھێرشی دڕندانەی سوپای تورکیادا.
پەرلەمانتاران: حکومەتی عێڕاق بەرپرسە لەپاراستنی ھاو وەڵاتیانی ھەرێم
سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێڕاق، ئەمین بەکر، لەگردبونەوەکەی ئەمڕۆی سلێمانیدا ڕایگەیاند: حکومەتی عێڕاق بەرپرسە، لەپاراستنی ھاو وەڵاتیانی ھەرێم. ھیوادارم حکومەتی ھەرێم وحکومەتی عێراق، بەجدی کار لەسەر دەرکدنی سوپای تورکیا لەعێڕاقدا بکەن.
ئەمڕۆ لە کۆنفرانسيكى ڕۆژنامەوانیدا، لەنوسینگەی پەرلەمانی عێڕاق-سلێمانی، ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق لە فراکسیۆنی گۆڕان، ھۆشیار عەدوڵا ئاشکرایکرد: پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، شەڕی تیرۆری دەوڵەتی تورکیا دەکات.
ئەو پەرلەمانتارە، ڕاشیگەیاند: پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە، ھاوکاری دەوڵەتەکەی ئەردۆغانەو بەرپرسیارە لەم دۆخە.
ھۆشیار عەبدوڵا وتیشی: دەبێت دەوڵەتی عێڕاق، واز لە ھەڵوێستی شەرمنانە بھێنێت ولەڕێگەی کەناڵە دبلۆماسیەکانەوە بەجدی کار بۆ وەستانی لە شکرکێشیەکانی تورکیا بکات.
لەلایەکی ترەوە، ئارێز عەبدوڵا، پەرلەمانتاری یەکێتی وسەرۆکە فراکسیۆنی یەنەکە لە پەرلەمانی عێڕاق، لەنوسینگەی پەرلەمانی عێڕاق لەشاری ھەولێر لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، بەرنامەو پلانەکانی دەوڵەتی تورکیای دژ بە گەل وخاکی ھەرێمی کوردستان ئاشکراکرد.
ئارێز عەبدوڵا، ووتی: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت ھەرێمی کوردستان پارچە بکات.سیاسەتی تورکیا لەبەرامبەر ھەرێمی کوردستان وناوچەکە سیاسەتێکی مەترسیدارە.
لە کۆنفڕانسەکەدا ئارێز عەبدوڵا، بانگەوازی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕێگربن لە سیاسەتە دوژمنکارییەکانی تورکیا بەرامبەر بە ھەرێم.
ک-ا
ک-ش