جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاری وان عەزیم یاجان ڕایگەیاند، دەیانەوێت لە هەڵبژاردنی ٢٤ی حوزەیران / ٣ی پووشپەڕدا هەر ٨ پەرلەمانتارەکەیان لە وان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت و ئاکەپەش دەبێتە حزبێک، کە تەنها ناوەکەی دەمێنێتەوە.
ڕێکخستنی هەدەپە لە شاری وان ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردن لە ناوچە جیاجیاکاندا تەواوکرد و ئێستاش بەردەوامە لە بانگەشەی هەڵبژاردن. جێگری هاوسەرۆکی شاری وان عەزیم یاجان وتی "ئەمجارە هەر ٨ پاڵێوراوەکەمان لە وان، دەنێرینە پەرلەمان".
هەدەپە لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیراندا نزیکەی ٨٠% (سەدا ٨٠ی) دەنگەکانی وان-ی بەدەستهێنابوو و بەوەش بووە حیزبی یەکەم و لە کۆی ٨ پەرلەمانتاری وان، ٧ پەرلەمانتاری هەدەپە سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و چوونە پەرلەمان.
شاری وان یەکێكە لەو شارانەیە، کە بە باری نائاسایی و بەهۆی زۆرداریى دەوڵەتەوە، لەلایەن رژێمی ئاکەپەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تاڵان کراوە. هاوسەرۆک شارەوانیى گەورە شاری وان و ١١ هاوسەرۆک شارەوانیى تری دەبەپە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە دەستگیرکراون. هاوکات لەگەڵ دەستگیرکردن و زیندانیکردنى هاوسەرۆک شارەوانییەکانى پارێزگاى واندا، پەرلەمانتارانى هەدەپەى وانیش لەلایەن دەوڵەتى تورکیاوە دەستگیر و زیندانیکراون.
عەزیم یاجان جێگری هاوسەرۆکی هەدەپە لە شاری وان و بەرپرسی ڕێکخستنەکانی هەدەپە، دەستنیشانی کرد کە سەرەڕای دەستبەسەرکردن و زیندانیکردنى نوێنەرانی گەل، بەڵام گەلی وان بە هۆشیارییەوە بەشداریی کارەکانی هەڵبژاردن و بانگەشەی هەڵبژاردن دەبن.
یاجان وتیشی "لە کاتی کردنەوەی بنکەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەدەپەدا، گەلەکەمان هاوکارییەکی زۆر باشیان کردین، مەراسیمەکانی کردنەوەی بنکەکان وەک میتینگ و کۆبوونەوەی جەماوەرییە. حەز و سەرنجی گەلەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت".
ئاکەپە وای لێدێت، کە تەنها ناوێکى لێدەمێنێتەوە
یاجان ئاماژەی بە ناڕەزایەتیی گەلی وان کرد دژ بە ئاکەپە و قەیوم (بەرپرسە بەزۆر سەپێندراوەکانیانی دەوڵەت) و وتی "هاوکات لەگەڵ باری نائاسایدا پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ زیادیان کرد. بە دیلگرتنی پەرلەمانتارانی هەدەپە و هاوسەرۆک شارەوانییەکانی دەبەپە، دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییەکان لە رێگەی قەیومەوە، دەستگیرکردنی هەزاران ئەندام و بەڕێوەبەری هەدەپە و دەبەپە، لەسەر کار دەرکردنی هەزاران مرۆڤ بە یاسای بارى نائاسایى، لەلایەن گەلەوە قەبوڵ ناکرێت. لەم هەڵبژاردنەدا ئامانجمان ٧ کورسی نییە بەڵکو هەر ٨ کورسییەکە دەبەینەوە. ئێمە هەموو پاڵێوراوەکانی خۆمان دەکەینە پەرلەمانتار. ئاکەپەش دەبێتە حیزبێک، کە تەنها ناوێکى لێ دەمێنێتەوە".
ئامادەکاری و بەڕێکخستنکردنی کارەکانی هەڵبژاردن تەواو بووە
یاجان راشیگەیاند، ئەوان لە ٢٣ی نیسان / ٣ى گوڵانەوە دەستیان بە کاروبارەکانی هەڵبژاردن کردووە و لە ناوەند و ١٣ ناوچەی تردا دەستەى بەڕێوەبردنی هەلبژاردنیان پێکهێناوە. لەژیر چەتری دەستەى بەڕێوەبردنی هەڵبژاردندا، کۆمسیۆنەکانی رێکخستن، تەکنیک، زانیاریی، دەنگدەرانی ناجێگیر، کاروبارى هەڵبژاردن و داراییان پێکهێناوە.
یاجان وتیشی "بەشێکی زۆری کارەکانمان کۆتاییان پێهاتووە. هەروەها کار بۆ دیاریکردنی ئەندامانی دەستەی سندوقەکان بۆ چاودێریکردنى سندوقەکانى هەڵبژاردن دەکەین".
هاوسەرۆکی هەدەپەش پالێوراوی وان'ە
لەناو پاڵێوراوەکانی هەدەپە بۆ شاری وان، هاوسەرۆکی گشتیی هەدەپە سەزای تەمەلی و ڕۆژنامەوان تەیب تەمەل-یش هەن، کە چەندین ساڵە لە ناو میدیا و چاپەمەنیى کورد دا ڕەنج دەدات.
لیستی پاڵێوراوانی شاری وان وەهایە:
١-سەزای تەمەلی
٢-بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان
٣-موراد ساری ساچ
٤-موعەزەز ئۆرهان
٥-تەیب تەمەل
٦-جەنگیز چیچەک
٧-موقەدەس قاراقۆچ
٨-ئاسومان یەلمازەر
ر.م