گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەک دەنگ بۆ پشتگیری ڕۆژئاوا لە سەر شەقام بوون

لە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و بۆسەر ڕۆژئاوا، باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەمڕۆ لەشارەکانی سنە، مەریوان، پیرانشار، بانە و دێولانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقام و هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیان ئیدانەکرد و پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوا دووپاتکردەوە.

ماوەی دووڕۆژە لە شاری دێولانی ناوەندی هەرێمی لەیلاخ گردبوونەوەو ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامی هەیە.

هاوڵاتیان بە دروشم و پانکارتی جیاجیا پشتیوانی خۆیان بۆ بەخۆدانی ڕۆژئاوا نیشان دەدەن .

هەرلە ڕۆژهەلاتی کوردستان ولەشاری سنە بە دروشمی''ڕۆژئاوا تەنیا نییە، سنە پشتیوانیە، کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان'' هاوڵاتیان ڕژانە سەر شەقامەکان و پشتیوانی خۆیان بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دووپاتکردەوە.

لەشاری بانەش، هاوڵاتیان بەتوندی ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکان کرد و ئاڵای تورکیایان لەسەر شەقامەکان سوتاند.

خەڵکی مەریوان سەربە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان و ئیدانەکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک هاتنە سەر سەقامەکان.

خۆپیشاندەران ئاڵای یەپەگەیان بەرزکردووەتەوەو بە وتنەوەی دروشمی "کوردستان کوردستانە، ڕۆژئاوا بەرخۆدانە"، "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" و "بمرێ ئەردوغان" پشتیوانی خۆیان بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕادەگەینن.