گەمە قێزەوەنەکانى پارتى و میتى تورکیا؛ دەیانەوێت خۆپیشاندان لە دژی پەکەکە رێکبخەن

دواى راپەڕینى گەلی شیلادزێ و ئاگرتێبەردانى سەربازگەیەکى تورکەکان، پارتی دیموکراتى کوردستان (پەدەکە) بۆ ئەوەى خۆی لەبەر دڵی ئاکەپە شیرین بکات، هەوڵ دەدات لەگەڵ دەزگای سیخوڕیى میتی تورکەکاندا، لە ناوچەکە رێپێوانێک لە دژی پەکەکە رێکبخات.

هەفتەی رابردوو گەلی شیلادزێ لە دژی سەربازگەیەکى دەوڵەتى تورکی داگیرکەر راپەڕین و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى ناو بنکەکە و چەندین کەرەستەى جۆراجۆری سەربازییان سوتاند. دواى ئەو راپەڕینە پەدەکە بۆ ئەوەى دڵی دەوڵەتى تورک خۆش بکات بە ناوی گەلەوە داواى لێبوردنى لە دەوڵەتى تورک کرد.

سەرباری ئەوەش بەرپرسانى پەدەکە بۆ ئەوەى خۆیان لەبەر دڵی تورکان شیرین بکەن یەک لە دواى یەک لێدوان و راگەیاندراوى ئابڕوبەرانەیان بڵاودەکردەوە. لە دواى ئەو لێدوان و راگەیاندراوە ئابڕوانە دەرووبەری شار و ناوچەکانى شیلادزێ و ئامێدییان گەمارۆدا. بۆ دەستگیرکردنى چالاکوانان دەستیان بە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن کرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە ١٣٠ هاووڵاتییان  دەستگیرکردووە.

لە دواى ئەوەى ئەندامانى یەکێتى و گۆڕان لەلایەن پارتییەوە دەستگیرکران، ئەو حیزبانە لەگەڵ پارتى کەوتنە پەیوەندی و ئەندامەکانیان ئازاد کران. پەدەکە ئەندامانى تەڤگەری ئازادیى، ئازاد نەکردووە و بەردەوامە لە هەڕەشەکردن لە عەشرەتەکانى ئەو ناوچەیە.

پەدەکە دەیەوێت بە زۆرداری و ملهوڕانە کەسە دەستیگرکراوەکان لە دژی تەڤگەری ئازادیى کوردان بهێنێتە قسە و ئەوەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکردەوە، هەر وەک ئەوەى ئاکەپە داوای لێکردووە، دەیەوێت بابەتەکە پێچەوانە و چەواشە بکات.

پەدەکە لەگەڵ میت رێپێوانێک رێکدەخات

پەدەکە و میتى تورکەکان لەو ناوچەیەدا لە هەوڵدان لە دژی بزووتنەوەى ئازادیى کورد گەمەى قێزەون ئەنجام بدەن. بەپێى ئەو زانیارییانەى دەستکەوتوون، پەدەکە و میت لە ناوچەکە سەدان کەسیان دەستگیرکردووە و هەوڵیاندا بە زۆر دانپیاندانیان پێ ئەنجام بدەن.

 دواى ئەوەى ئەو هەوڵەیان سەری نەگرت، ئێستا دەستیان کردووە بە هەڕەشە لە عەشیرەتەکانى شیلادزێ و ئامێدی و دێرەلوک. لە هەڕەشەکارییەکەیاندا گوشاریان خستووەتە سەر عەشیرەتەکان بۆ ئەوەى بەشداری رێپێوانێک بکەن لە دژی گەریلاکانى کوردستان و ئەگەریش بەشداری لەو رێپێوانەدا نەکەن، ئەوا دەستگیر و زیندانییان دەکەن.

هەڕەشە لە عەشرەتى رێکانى دەکرێت

پەدەکە و میتى تورکیا بۆ رێکخستنى رێپێوان لە دژی گەریلاکانى پەکەکە، بەشێوەى ملهوڕانە گوشارێکى زۆریان خستووەتە سەر عەشرەتى رێکانی. ئەو زۆردارییە لە کاتێکدایە ٤ ئەندامى عەشرەتى رێکانى لە بۆردومانى ٢٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ٣ی ریبەندان، فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتى تورکى داگیرکەر لە ناوچەى رەشوا لە دێرەلوک شەهید کرابوون. دواى شەهیدکردنى ئەو هاووڵاتییانە لەلایەن دەوڵەتى تورکەوە، گەلی شیلادزێ لە دژی سەربازگەى دەوڵەتى تورک راپەڕین.

هەڕەشە و گوڕەشەکانى پەدەکە و میت لە دژی عەشرەتى رێکانی هۆکاری مێژوویى هەیە. لە نێوان عەشرەتى رێکانی و بنەماڵەى بارزانیدا لە ساڵی ١٩٦٠ەوە ناکۆکی دروستبووە. لە ساڵی ١٩٦١دا مەلا مستەفای بارزانى لە دژی عەبدولکەریم قاسم پشتیوانیى لە عەبدولسەلام عارف کرد و دەیخواست عەشرەتەکانى تریش دژایەتیى عەبدولکەریم قاسم بکەن، بەڵام عەشرەتى رێکانى نەچووە ژێر بار و لە ئەنجامدا ناکۆکی لە نێوان پەدەکە و رێکانییەکان درروستبوو و پەدەکە هێرشی کردە سەر گوند و زێدی رێکانییەکان.

زیاتر لە ٣٠٠ گوندی عەشرەتى رێکانى لە دێرەلوک، بامەڕنی، شیلادزێ تاوەکو ورمێ و شەمزینان لەلایەن پەدەکەوە هێرشیان کراوەتە سەر و بەهۆی هێرش و دوژمنایەتییەکانی پەدەکە بەرامبەر دانیشتوانى ئەو گوندانە، هاووڵاتییانى ئەو گوندانە ناچار بوون گوند و زێد و حاڵ و ماڵی خۆیان چۆڵ بکەن.

لە دواى ئەو دوژمنکارییەی پەدەکە بەشێک لە عەشرەتى رێکانى چوون بۆ بەغدا، موسڵ و بەسرە و بەشێکیشیان چوون بۆ رۆژهەڵات و باکووری کوردستان. پێش ئەو دوژمنکارییەى پەدەکە، رێکانییەکان چەندین راپەڕینیان لە دژی عوسمانییەکان ئەنجامداوە و پشتیوانیان لە ئیمارەتى بابان و شۆڕشەکەى شێخ مەحمودی حەفید (مەلیکى کوردستان) کردووە و چەندین کەسیان لەسێدارەدراون. شەڕی نێوان پەدەکە و عەشرەتى رێکانی تاوەکو ساڵی ٢٠٠٣ بەردەوامیى هەبوو.

لە ساڵی ٢٠٠٣ دواى دەستێوەرانى ئەمریکا لە عێراق، مەسعود بارزانى لە هەولێر ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونى بەو کەسانە دا، کە پێشتر ناکۆکیى لەگەڵیان هەبوو. یەکێک لەو کەسانە ئەدەهەم بارزانیى ئامۆزای خودی مەسعود بارزانى و یەکێکى تریشیان محەمەد ئاغای کەلح سەرۆک عەشرەتى رێکانى بوو.

هەر چەند بە رواڵەت وا دیارە بنەماڵەى بارزانى و عەشیرەتى رێکانی رێککەوتوون، بەڵام لە دواى راپەڕینەکەى شیلادزێ پەدەکە ئەو عەشرەتەى کردووەتە ئامانج و وادیارە ناکۆکییەکان کۆتاییان پێنەهاتووە.

ر.م