گەنجانی باشوور: بەڵێنی قاسم ئەنگین بەڵێنی ئێمەیە

گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر لە شاری سلێمانی، لە دژی شەهیدکردنی قاسم ئەنگین و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان، ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵیان ئەنجامدا و تیایدا خیانەتی ناوخۆییان شەرمەزار کرد.

لە دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک لەسەر خاکی باشوری کوردستان و شەهیدکردنی 'قاسم ئەنگین'، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پەکەکە، ئەمشەو لەبەردەم باخی گشتیی شاری سلێمانی، کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێزی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەر ڕێپێوانێکی بە مەشخەڵیان دەستپێکرد تا شەقامی سەهۆڵەکە بەردەوامییان پێدا.

ڕێپێوانەکە بە وتنەوەی دوشمەکانی (شەهید نامرن، یەکە..یەکە..یەکە گەلی کورد یەکە، بژی ڕێبەر ئاپۆ، بمرێ خیانەت) و بەرزکردنەوەی مەشخەڵ و وێنەی شەهید قاسم ئەنگین و ئاڵای پەکەکە و ئاڵای کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە بەردەم باخی گشتییەوە دەستیپێکرد و تا شەقامی سەهۆڵەکە بەردەوامبوو.

لە بەیاننامەکەدا هاتبوو: ئێمە وەک کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و ژنانی گەنجی تێکۆشەر، شۆڕشگێڕی سەردەم و میلیتان و فەرماندار و پارێزەری کورد و کوردستان  شەهید قاسم ئەنگین بە ڕێزەوە بەبیردێنینەوە، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بە هاوکاری خیانەتکارانی ناوخۆ و خۆفرۆشان هێرشی سەر خاک و چیا و دەشت و شارەکانمان دەکەن، ئەنجامی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و خۆفرۆشان لە باشوری کوردستان گەشتووەتە ئاستێک، ڕۆژانە خەڵکی مەدەنی و گەریلای پارێزەری نیشتمانەکەمان و سەرکردەکانمان شەهید دەکرێن.

هەروەها هاتبوو: هەڤاڵ قاسم لە چوارچێوەی ئەو سۆزەی بە ڕێبەر ئاپۆی دابوو کە بە گەنجی دەستمان پێکرد بە گەنجی سەردەکەوین، ٣٥ ساڵ تێکۆشانی ئازادی بە فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و هێڵی شەهیدان بەڕێوەبرد، ئێمەش وەک گەنجانی باشوری کوردستان ئەو سۆزەی شەهید قاسم نوێ دەکەینەوە و سۆزی بەردەوام بونمان لە کار و تێکۆشان دوپات دەکەینەوە.

لە کۆتایی بەیاننامە هاوبەشەکەدا ڕایانگەیاند: ئیمە لێرەوە بە داگیرکەرانی  کوردستان دەڵێین، کە گەنجانی کورد ئەو ئاڵایەی لە عەلی چیچەک، عەلی عەسکەر، دکتۆر سیروان و شەهید ڤیان، شەهید هەڵمەت و لە قاسم ئەنگینەکانیان وەرگرتووە، بەرز ڕادەگرن و دەی شەکێننەوە و لەبەرامبەر هێرشی داگیرکەردا دەوەستینەوە و بە فکرو فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و لەسەر ڕێبازی شەهیدانی شۆڕش ڕووبەڕوی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر دەبینەوە و داگیرکاری تێکدەشکێنین.

ف.ق