١٠ حزبی سیاسی باشور و ڕۆژهەڵات داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕێبەر ئۆجالان دەکەن

١٠ حزب و لایەنی سیاسیی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا داوای دەستبەجێ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەن و دەڵێن؛ ئازادکردنی بەڕێز ئۆجالان ڕێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی دۆزی کورد دەکاتەوە.

ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا لە بارەگای حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە شاری سلێمانی، ١٠حزب و لایەنی سیاسیی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا و بەیاننامەیەکی هاوبەشیان بۆ داواکردنی دەستەبەجێ ئازادکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ڕاگەیاند.

شۆڕش خدر ئەندامی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان لەسەرەتادا وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: بەدەستپێشخەریی کۆمیتەی ئازادیی ئۆجالان یاداشتێکی داواکاریمان پێشکەشی لایەنە سیاسییەکان کرد، بۆ پرسی ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان، چونکە پرسێکی حزبی و کەسیی نییە، بەڵکو پرسی نەتەوەیەکە، خۆشبەختانە لایەنە سیاسییەکان بەگەرمی پێشوازییان لێکردین و بە پێویستیان زانی کە بۆ ئەم پرسە یەک دەنگ و هاوهەڵوێستبین.

پاشان ئەحمەد خدر، ئەندامی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بەیاننامەکەی خوێندەوە و تێیدا هاتووە: لەماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوودا بەڕێز ئۆجەلان لە دژوارترین دۆخی زیندانییدا ژیانی بەسەربردووە، بەگەلێک شێواز و ڕێگەوە ئەشکەنجە دراوە و گۆشەگیرییەکی تووندی بێوێنەی بەسەردا سەپێنراوە، راپۆرتەکانی “کۆمیتەی پێشگرتن لە ئەشکەنجەی کۆنسەی ئەوروپا”ش ئەو ڕاستییانەی دووپاتکردووەتەوە و دەستنیشانیکردووە، کە دۆخێکی نائاسایی لە زیندانی ئیمراڵیدا هەیە، هەروەها کۆنسەی ئەوروپاش داوای روونکردنەوە و زانیاریی لەسەر دۆخی بەڕێز ئۆجەلان کردووە.

ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە تێکۆشانی ڕێبەر ئۆجەلان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکە لەبنچینەدا تێکۆشانێکی ‘بەرگریی ڕەوا’ بووە و لەپێناو چارەسەرکردنی پرسی کورد بووە، دەشڵێن: بەڕێز ئۆجەلان لەماوەی سی ساڵی رابردوودا چەندین جار پرۆژەی ئاشتی و چارەسەریی دیموکراتییانەی پێشکەش کردووە و چەندین دەستپێشخەریی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیی کردووە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا لەبری وەڵامدانەوەی ئەرێنیی ئەو پرۆژە و دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازانەیە، لەلایەکەوە گۆشەگیرییەکی توندی لە ئیمراڵی سەپاندووە و هەموو مافێکی بەڕێز ئۆجەلانی پێشێل کردووە، لەلایەکی تریشەوە شەڕێکی سەرتاپاگیریی دژ بە گەلی کوردستان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکەی بەرپاکردووە و دەیەوێت لەمیانەی سیاسەتەکانی “نکۆڵیکردن، قڕکردن، تواندنەوە(ئاسمیلاسیۆن)، کۆچبەرکردن و پارچەکردنی گەلی کورد”دا کۆتایی بە گەلی کورد و دۆزە رەواکەی بهێنێت.

هەر لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا ئەو لایەنە سیاسییانە جەخت دەکەنەوە، کە “ئەمڕۆ ئەو راستییە تەواو ئاشکرابووە، کە ئازادکردنی جەستەیی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی دۆزی کورد و بەدیهێنانی ئاشتی و ئارامیی لە تورکیا و ناوچەکە، ئاوێتەی یەکتر بووە و  بووەتە مەرجێکی سەرەکیی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی گەلان، بۆ ئەمەش پێویست دەکات هەموو لایەک هەوڵ و پشتیوانی خۆی بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی بەڕێز ئۆجەلان بدات، لەم ڕووەوە خەڵکی باشوری کوردستان و پارت و لایەنە سیاسییەکان دەتوانن رۆڵێکی گرنگ ببینن لە ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی پرسی کورد.

ئەو پارت و لایەنە سیاسییانەی باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ “ئازادکردنی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان دەرببڕین، کە رێگە لەبەردەم چارەسەرکردنی دۆزی کورد و سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئارامی ناوچەکە دەکاتەوە”.

ناوی پارت و لایەنە سیاسییەکان؛

١- حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان – لقی سلێمانی

٢- حزبی شیوعی کوردستان

٣- بزووتنەوەی گۆڕان

٤- حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

٥- کۆمەڵە، رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران

٦- تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان

٧- پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (PJAK)

٨- پارتی ئازادیی و دیموکراسیی ئێزدییان  (PADÊ)

٩- پارتی سەوزی کوردستان

١٠-پارتی پارێزگارانی کوردستان

ف.ق