٥ لە گیراوانی بادینان داوای بەهاناوە چوون دەكەن و رایدەگەێنن؛ لەژێر ئەشكەنجەدان

دوای ساڵێك و چەند مانگێك لەدەستگیركردنیان، پێنج لەچالاكوانی بادینان/ شیلادزێ "لەرێگەی نامەیەكەوە داوا لەرای گشتی دەكەن  بەهانایانەوە بچن؛ چونكە لەژێر ئەشكەنجەدان و بەزۆرە ملی كۆمەڵێك بەڵگەیان پێ واژۆكراوە، كە نازانن چیی تێدا نووسراوە ....

دوای ساڵێك و چەند مانگێك لەدەستگیركردنیان، پێنج لەچالاكوانی بادینان/ شیلادزێ "لەرێگەی نامەیەكەوە داوا لەرای گشتی دەكەن  بەهانایانەوە بچن؛ چونكە لەژێر ئەشكەنجەدان و بەزۆرە ملی كۆمەڵێك بەڵگەیان پێ واژۆكراوە، كە نازانن چیی تێدا نووسراوە و داواش دەكەن بەپەلە نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان "یو ئین" و پارێزەرەكانیان ببینن.

مەحمود ناجی سدیق، چالاكوانی شێلادزێ و هەڵسوڕاوی گۆڕان، كوڤان تارق جبرائیل، چالاكوان لە شیلادزێ، یوسف شەریف ئیبراهیم، چالاكوان لە شیلادزێ لە ٩/١٢/٢٠٢٠ دەستگیركران، ئەمجەد یوسف موستەفا، چاكوان لە شیلادزێ و كادری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەكە)، نێچیرڤان بەدیع حاجی، چالاكوان لە شیلادزێ و كادری نەوەی نوێ لە ١٤/١٢/٢٠٢٠ لەلایەن ئاشایشەوە دەستگیركراون.

كەسوكاری ئەو ٥ زینداییەی شیلادزێ نامەیەكی رۆڵە زیندانیكراوەكانیان بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەكەن؛ ماوەی هەفتەیەكە ڕۆڵەكان لەزیندان دەستیان بەمانگرتن لەخواردن كردووە و دۆخیان خراپە، بۆیە روونكردنەوە و داواكاریان لەزنیدانەوە بۆ رای گشتی دەخەنە روو.

لەنامەی زیندانیەكاندا هاتووە؛ لە سەرەتای رفاندنیانەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەكانەوە زۆر بەتوندی ئەشكەنجە دراون و لەژێر هەڕشە و تەعزیبدا دانپێانیان لەسەر هەندێك تاوان پێ كردون و ڤیدیۆمان لێ گیراوە و بڵاویشی دەكەنەوە. جگە لەوەی رێگەمان پێ نەدراوە پارێزەرەكانمان ببینین، شەڕی دەرونیشمان لەسەر بەرێوە دەبەن.

ئەوەشیان راگەیاندوە؛ لەكاتی لێپرسینەوەدا هەموو وتە و ئیفادەكانمانیان گۆڕیوە و بەزۆر پێیان ئێمزا كردووین، كە نەمانزانیووە چی نوسراوە، هەر بۆیەش ماوەی هەفتەیەكە دەستمان بەمانگرتن لەخواردن كردووە.

هەر پێنج زیندانییە مانگرتووەكەی بادینان؛ داواكارن بەزۆترین كات نەتەوە یەكگرتووەكان، رێكخراوە مرۆڤیی ناوخۆ و جیهانیەكانی مافی مرۆڤ، راگەیاندنەكان، پەرلەمانتاران، لایەنە سیاسییەكان و گشت خەڵكی كوردستان بەهانایانەوە بچن و فریایان بكەون و دۆخمان زۆر خراپە.

هاوكات زیندانیەكان داواش دەكەن؛ بەزووترین كات رێگە بدەن چاویان بەپارێزەرەكانیان بكەوێت و رۆژی دادگاییكردنیان دیاری بكرێت، نەتەوە یەكگرتووەكان و یۆنامی لەنزیكەوە چاودێری دۆخیان بكات.

جێگای ئاماژەیە؛ مانگی ئابی ٢٠٢٠ دەست بە دەستگیركردنی چالاكوانان و مامۆستایانی ناڕازیی سنووری باندینان كراوە لەلایەن ئاسایشی پەدەكەوە، ژمارەی دەستگیركراوان گەیشتە زیاتر لە ٨٠كەس، لەماوەی ڕابردوودا بەشێكیان دادگایی كران و سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێندرا، بەڵام تائێستا چارەنووسی بەشێكی زۆریان بە نادیاریی ماوەتەوە.

ژ.ت