لە ڕاگەیاندراوی هاوبەشی پەژاک و کۆداردا هاتووە، "ڕاپەڕینی ٢٨ی خەرمانان بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد، ئێرانی بە شێوەیەکی بێ وێنە هەژاند و خستییە بزاوتێکی شۆڕشگێڕییەوە، بەڵام ئەوە سنووردار نییە بەم ڕۆژانەی دواییەوە، چونکا پێویستە لە چوارچێوەی گشتی ڕاپەڕین بۆ ئازادیی تەواو بەردەوامیی هەبێت"
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لە ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش دا سەرهەڵدانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان لە ٢٨ی خەرمانان / ١٩ی ئەیلول دا بەخاڵی وەرچەرخان لە مێژووی تێکۆشانی ئازادیخوازانە و دیموکراسیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران دا پێناسەکردووە، کە بە دڵنیاییەوە بە سەرکەوتن دەگات.
دەقی راگەیاندراوەکە:
"بەردەوامیی ٣ ڕۆژ ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی دیموکراتیک و ڕەوای گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بۆ خۆپیشاندانەکانی سەرتاسەری ئێران پێشەنگایەتییان کرد، ڕاپەڕینێکی شکۆمەدانەی ئازادیخوازانە و دیموکراسیخوازانەى هەنگاوێکی دیکە بەرەوە پێش برد. بەم بۆنەیەوە ئێمە وەک "پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و کۆمەڵگەى دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) ناڕەزایەتییە دیموکراتیکە جەماوەری و گەلییەکان، کە دوێنێ ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ / ١٩ی ئەیلولی ٢٠٢٢ گەیشتە لوتکە لە گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و گەلانی چەوساوە و ئازادیخوازانی ئێران پیرۆز دەکەین.
لەم راپەڕینە شکۆمەندانەیەدا شەهیدانی وەک فوئاد قەدیمی، رەزا لوتفی، فەرەیدون ئەحمەدی و موحسین محەمەدی خۆیان بەخشی و چەندین کەسی تر لە ڕۆڵە ئازاکانی گەلەکەمان بریندار بوون. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەى گیانبەختکردوان و گەلەکەمان دەکەین و هیوای هەرچی چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین.
گەلی ئازا و پێشەنگی کورد و گەلانی ئازادیخوازی ئێران
ڕاپەڕینی دوێنێی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئیدانەکردنی کوشتنی "ژینا ئەمینی" لە بنەڕەتدا بەشێکی گەورە لە ڕاپەڕینی ڕیشەیی و شکۆمەندانەى گەلەکەمانە، کە بە ناوی ژنانی ئازادیخوازەوە تۆمار کرا. ئەمڕۆ هێڵی ئازادیی ژنان لە بەرامبەر هێڵی رژێمی دژە ژن و زایەندپەرەست دا سەرکەوت.
بێگومان دەستکەوتەکانی ئەم خۆپیشاندانە دیموکراتیکە بە فیڕۆ ناچێت و لە چوارچێوەی گشتیی ڕاپەڕینی گەورەی گەلان تاوەکو پشکوتنی تەواوەتیی ئازادی بەردەوامیی دەبێت. ڕاپەڕینی ٢٨ی خەرمانان بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد، ئێرانی بە شێوەیەکی بێ وێنە هەژاند و بزاوتێکی شۆڕشگێڕیی خستەڕێ، بەڵام ئەوە سنووردار نییە بەم ڕۆژانەی دواییەوە، چونکا پێویستە لە چوارچێوەی گشتیی ڕاپەڕین بۆ ئازادیی تەواو بەردەوامیی هەبێت.
لە هەناوی ئەم خۆپیشاندانانەدا "نا"یەکی گەورە بە بناغەى ڕژێمی فاشیست و دیکتاتۆریی ئێران وترا، ڕاپەڕینی گەلان سەرلەنوێ هەناسەیەکی بە بەردا هاتەوە و لەسەر ڕەوتی دیموکراسیخوازی، ئازادیخوازی و ئازادیی ژنان نێڵە دەکات. ڕاپەڕینی ئازایانە، کە بەردەوامیی ڕاپەڕینەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بە تایبەتی گەڵاڕێزانی ١٣٩٨ ە و دەستکەوتی گەورەی جەماوەری و گەلیی بەو خەرمانە زیاد کرد.
لە سایەی ئەو ڕاپەڕینەوە بینیمان، کە خوێنی حیکمەت دەمیرەکان، فەرزاد کەمانگەرەکان، شیرین عەلەم هولییەکان، حسێن خزرییەکان، ئیبراهیم لوتفوڵاهییەکان، کیانوش ئاساکان و ژینا ئەمینییەکان هەرگیز بە فیرڕۆ ناچن.
بە تەواوەتی ئاشکرایە، کە یەکێتیی دیموکراتیکی گەلانی ئێران و یەکێتی و یەکگرتوویی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دوێنێ ٢٨ی خەرمانان "لە کوردستان تاوەکو تاران" بەدیهات و بووە نمونەیەکی گەورە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئازاد، کە تەوەرە مانادارەکەى ئەندێشە و هزری "ژن، ژیان، ئازادی" و "تێکۆشانی دیموکراتیکی جەماوەری"یە.
گەلانی ئێران بە پێشەنگایەتیی گەلی کورد ئەمڕۆ سەلماندیان، کە هەر ڕاپەڕینێک بەبێ بایەخدان و لەسەرەوە دانەنانی کێشەى "ئازادیی ژن" ، ناچار بە شکست دەبێت. ئەمڕۆ چەمکە مرۆییەکانی "ئازادیی ژنان و ژیانی ئازادنە" بناغەى ڕاستەقینەکانى ڕاپەڕینەکانی داهاتویان دیاری کردووە. بە وتەى ڕێبەر ئاپۆ، "ژنێک، کە تێدەکۆشێت، ئازاد دەبێت، ئەوەى ئازاد بێت جوان دەبێت".
ئێمە وەک پەژاک و کۆدار ئەوپەڕی ڕێزی خۆمان بەرامبەر بە ڕەنج و زەحمەتە ناکۆتاکانی گەلەکەمان دەردەبڕین و سەرکەوتنی ڕاپەڕینی شکۆمەندانە لە گەلەکەمان و گەلانی ئێران پیرۆز دەکەین.
بەڵێنیش دووبارە دەکەینەوە، کە ڕێگا نادەین دەستکەوتەکانی ڕاپەڕینی گەلەکەمان بە فیڕۆ بڕوات و بە بەرزکردنەوەی ئاستی تێکۆشانی خۆمان ئەو بارە لە ئەستۆ دەگرین و بە مەنزڵی دەگەیەنین.
بێگومان خوێنی شەهیدانی گرانقدەر و بەهادارمان بە فیڕۆ ناچێت و بە پشتیوانیی گەلەکەمان و شانبەشانی یەکتر تێکۆشان تاوەکو ئازادیی تەواوەتی و بەدیهێنانی دیموکراسیی ڕاستەقینە درێژە پێدەدەین. ئەمڕۆ گەلەکەمان هەنگاوێکی دیکە هەموانی لە ئازادی نزیک کردەوە، بۆیە دەبێت بەو پەڕی پێداگرییەوە بە بەدیهێنانی سەرکەوتن پارێزگاری لەم دەستکەوتە بکەین".
ژ.ت