بە بیانووی دروستکردنی بنکەی سەربازی دارەکانی ناوچەیەکی کوردستان دەبڕێنەوە

لە دەورووبەری گوندی ڕز لە ناوچەی دارا هێنێ-ی سەر بە چەولیگ، دەوڵەتی تورک بە بیانووی دروستکردنی بنکەی سەربازی دارەکانی دارستان دەبڕێتەوە.

دەوڵەتی تورک بۆ دروستکردنی بنکەی سەربازی دارەکان دەبڕێتەوە. هەروەها دەورووبەری ئەو ڕێگایەش کە بۆ ھاتوچۆی بنکەکە دروست دەکرێت، تەلبەند کراوە.

ئەو ھاوڵاتیانەشی دوای سوتانی گوندەکانیان و چۆڵکردنیان لە ساڵانی نەوەدەکاندا، گەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان، لەوبارەیەوە نیگەرانن.

گوندنشینان بە ئاژانسی میزۆپۆتامیایان ڕاگەیاندووە، "ئێمەش هاوڵاتی ئەم وڵاتەین، زیانمان بە کەس نەگەیاندووە، ئەگەر ئێمە لێرە دەمێنینەوە، لەبەر ئەوەیە ناچارین ئاژەڵەکانمان بلەوەڕێنین، ئێواران ئاژەڵەکان پەرش و بڵاو دەبنەوە، دەبێت ئەوان کۆبکەینەوە. پێمان دەڵێن: 'ئاژەڵەکان مەھێنن بۆ ئێرە، مەیانلەوەڕێنن'. لەم بارودۆخەدا ئێمە چۆن دەتوانین لێرە بژین؟".

ژ.ن