"بە سزادانی زیندانی هەتاهەتایی تێر نابن و دەیانەوێت دووبارەی سزای تریان بدەنەوە"

پارێزەری ئەکین یەتەر ڕەخنەی لە دووبارە دادگایکردنەوەی زیندانیانی سیاسی گرت، کە سزای زیندانیی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، چونکە بە بیانوی شایەتحاڵی شاراوە سەرلەنوێ سکاڵایان لە دژ تۆمار دەکەن و باسی لە گوشار و زۆردارییەکانی سەر زیندانیان کرد.

حکومەتی ئاکەپە - مەهەپە لە زیندانەکاندا سزادان و داسەپاندنی نوێیان خستووەتە کار. زیندانیانی سیاسی، کە سزای زیندانی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە دووبارە دادگایی دەکرێنەوە تاوەکو بە تێپەڕبوونی کات هیچ دەرفەتێک بۆ ئازادبوونیان نەڕەخسێت.

زیندانیانی سیاسی مەعسوم بیلەن، وەزیر کایا، نەوزاد چاپکن و سەدات ئاکگول، کە لە زیندانی بەشکدوزدا راگیراون. لەلایەن بەرپرسانی زیندانەوە تۆمەتبارکراون بە "بەڕێوەبردنی ڕێکخستن و پێکهاتەکانی و کردنەوەى پەروەردەی رێکخستنی لە زینداندا" و سکاڵای تریان لە دژ کراوەتەوە و دادگایکردنیان بۆ سەپاندنی سزای تر بەسەریاندا بەردەوامە.

مەعسوم بیلەن و وەزیر کایا لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لەلایەن دادگای ئاسایشی دەوڵەتەوە سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنرا. لە ساڵی ٢٠١٩دا لەسەر هەمان ئەو تۆمەتەى سزادرابوون، دووبارە سکاڵایان لە دژ تۆمار کرایەوە. دانیشتنی دادگا لەسەر دۆسیەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە لە لقی دووەمی دادگای سزا قورسەکانی ترابزۆن بەڕێوەدەچێت.

داواکاری گشتی داوایکردووە، ئەو زیندانییە سیاسیانە، کە ٢٨ ساڵە لە زینداندان، ٦ مانگ دیکەش سزای زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنرێت. هۆکاری ئەو داوایەی داواکاری گشتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ماوەی زیندانی هەتاهەتایی ئەو زیندانییە سیاسییانە لە تەواو بووندایە و بۆ ئەوەى دەرفەتی ئازادبوونیان بۆ نەڕەخسێت داوای کردووە، دادگا ئەو سزایەیان بەسەردا بسەپێنێت، بەڵام دادگا بەڵگەی پێویستی بۆ سەپاندنی ئەو سزایە لە بەردەستدا نییە.

ئەکین یەتەر پاریزەری مەعسوم بیلمەز و وەزیر کایا رایگەیاند، دۆسیەیەک، کە پشتبەستووە بە وتەکانی شایەتحاڵێکی نهێنی، دۆسیەکی یاسایی نییە و وتی، "ئەو زیندانییە سیاسییانە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخستن دا سزای زیندانیی هەتاهەتایییان بەسەردا سەپێنراوە، ئیدی نابێت لەسەر هەمان تۆمەت سەرلەنوێ دادگایی بکرێنەوە، یان سزا بدرێنەوە".

پارێزەر ئەکین یەتەر وتی: "موەکیلەکانم ماوەی ٢٨ ساڵە بە تۆمەتی ئەندامبوون لە رێکخستن دا لە زینداندان. شایەتحاڵی نهێنی وتویەتی، 'ڕێکخستنی ناو زیندانن'. تەنها بە هۆی ئەو قسەیە بۆ جاری دووەم سکاڵایان بە تۆمەتی ئەندامێتی لە رێکخستن دا لەسەر تۆمارکراوە. نەتانتوانیوە تا ئێستا لەسەر ئەوتۆمەتە سزایان بدەن، ئەوەش بەهۆی نەبوون و کەمیی بەڵگەوەیە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە. دەیانەوێت بە وتەی شایەتحاڵێکی نهێنی، سەرلەنوێ سزای زیندانی بەسەر ئەو کەسانەدا بسەپێننەوە، کە بە زیندانی هەتاهەتایی سزا دراون. ئەم کەسانە بۆ چەندین مانگ زوڵمیان لێکرا و لە مافەکانیان بێبەشکران و ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر دروستکردن. ئەوەش لە کاتێکدا بوو هیچ بەڵگەیەکی روون و کۆنکرێتی لە گۆڕێدا نەبوو. ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو سیاسەتەدایە، کە لە دژی زیندانیانی سیاسی سیاسەتێک بەئامانجی سەپاندنی گوشار و زۆرداری بەسەریاندا بەڕێوەدەچێت".

ژ.ت