"با ئەمساڵ بکەینە ساڵی ئازادی فیزیکی رێبەر ئۆجالان"

کۆمیتەی "ئازادی بۆ ئۆجالان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان" پیلانگێڕی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە ئازادیخوازان، لایەنگرانی مافی مرۆڤ، ژنان و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە بەرامبەر ئەو زوڵمەدا بێدەنگ نەبن...

کۆمیتەی "ئازادی بۆ ئۆجالان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان" پیلانگێڕی نێونەتەوەیی شەرمەزار کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە ئازادیخوازان، لایەنگرانی مافی مرۆڤ، ژنان و هێزە دیموکراسیخوازەکان لە بەرامبەر ئەو زوڵمەدا بێدەنگ نەبن و تێکۆشانی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ بەهێز بکەن".

لە ٢٤هەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێونەتەویی دژ بە ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، کۆمیتەی 'ئازادی بۆ ئۆجالان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان' ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و داوای بەهێزکردنی تێکۆشانی ئازادیی جەستەیی بۆ ئۆجالان کرد.

ڕاگەیاندراوەکە بە ناونیشانی ' با ئەمساڵ بکەینە ساڵی ئازادی فیزیکی رێبەر ئۆجالان' بەم شێوەیەیەی خوارەوەیە:

پیلانگێڕی نێونەتەوەیی کە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ی زایینیدا بە سەرەنجام گەیشت و پیلانگێڕان توانیان سەرۆک ئاپۆ بە دیل بگرن، ٢٤ ساڵی تێپەڕ کرد و پێی نایە ناو ٢٥ەمین ساڵی خۆیەوە. ٢٤ ساڵە نامرۆڤانەترین ئەشکەنجەی دەروونی لە دژی رێبەر ئۆجالان بەڕێوە دەچێ بەو هیوا کە بتوانن بەچۆکیدا بهێنن و لە شەخسی ئەودا، بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد، شکست پێبهێنن، بەڵام نەتەنیا بۆیان مەیسەر نەبووە، بەڵکوو بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد بەهێزترە لە هەمیشە و هێزی خۆشی لە ئیرادە و بەرخۆدانی ئیمرالییەوە وەردەگرێت.

ئەمساڵ لە کاتێکدا لە کوردستان و هەموو جیهان ئەو پیلانگێڕییە نێونەتەوەییە شەرمەزار دەکرێت کە دوای ٢٤ ساڵ لە بەند کردنی رێبە ئۆجالان لە دورگەی ئیمرالی، دەنگی ئەو، زایەڵەی فکر و رامانی ئەو، هەموو سنوورەکانی بەزاندوە و بۆتە خاڵی کۆکەرەوەی بەشی هەرەزۆری ئازادیخوازانی دنیا. ئێستا ئایدۆلۆژیا و پارادیگماکانی ئەو، تەنگی بە پیلانگێڕان هەڵچنیوە و ئێستا هەموو شەقامەکانی دنیا پڕ بوونە لە سلۆگانی ژن ژیان ئازادی. لە ئێستادا و دوای ٢٤ ساڵ، نەتەنیا ئیمرالی و هەموو سیستەمی ئەشکەنجە نەیانتوانیوە رێبەرایەتی ئیزۆلە بکەن، بەڵکوو ئێستا دەنگی ئەو لە هەمووان بەرزترە و هەموو ئاستەنگەکان نەیانتوانی بەربە شەپۆلی بەرفراوانی فکر و رامانی ئەو بگرن و ئەو ئێستا لە سەنتەری هەموو کۆڕ و کۆمەڵێکدایە و جارێکی دیکە هەمووان ناچاری ئۆجالان بخوێننەوە. ئێستا ئیتر مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری، گلادیۆی ناتۆ، داگیرکەرانی کوردستان و هەموو هێزە کۆنەپارێزەکان، لە بەرامبەر هێزی ئەندێشەکانیدا بێ چارە ماون.

ئێستا ئیتر ناکرێ باسی ئازادی ژن، رێزگرتن و پاراستنی ژینگە، ئازادی گەلان، مرۆڤی ئازاد، ئازادی، دێمۆکراسی، یەکسانی و ...هتد، بکەیت و ئۆجالان نەخوێنیتەوە. ئێستا ئەو بۆتە مانیفیستۆی ئازادی. هەر بۆیە پرۆمتەئاسا کەوتۆتە بەر غەزەبی دوژمنانی ئازادی و سەربەستی.

ئێستا و دوای ٢٤ ساڵ لە تێپەڕ بوون بەسەر ئەو پیلانگێڕییە شومە، پێویستە هەمووان ئەرکی ئەخلاقی و مرۆیی و ئازادیخوازی خۆیان بەجێ بگەیەنن. کاتی ئەوەیە کە ژنان، گەلانی ئازادیخواز، لایەنگرانی دێمۆکراسی و مافی مرۆڤ، تێکۆشانی خۆیان بەرفراوانتر بکەن و چی دیکە ئەو زوڵمە قبوڵ نەکەن. بەدیل گرتنی رێبەر ئۆجالان، بەدیل گرتنی هەموو ئەو نرخانەیە کە ئەو، هەموو تەمەنی خۆی لە پێناویدا بەخشیوە. بێ رێزییە بە هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ. بۆیە، لێرەوە داوا لە سەرجەم ئازادیخوازان، لایەنگرانی مافی مرۆڤ، ژنان و هێزە دێمۆکراتەکان دەکەین کە چی دیکە لە بەرامبەر ئەو زوڵمەدا بێدنگ نەمێنن و بۆ شەرمەزار کردنی پیلانگێڕان و ئازادی فیزیکی رێبەر ئاپۆ، تێبکۆشن.

ژ.ت