بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی ئاراستەی پەیەدەکرد

بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەنەکە بە بۆنەی بەستنی دەیەم کۆنگرەی پەیەدە پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیادا رایگەیاند، "لە هەموو کات زیاتر پێویستمان بە هاوکاریی کاری هاوبەش هەیە"، باسی لەوەشکرد، "تا پرسی کورد چارەسەر نەکرێت ئاشتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی نایەت."

بە بۆنەی بەستنی ١٠یەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەکە، پەیامێکی ئاراستەی پەیەدە کرد.

لەسەرەتای پەیامەکەدا بافڵ تاڵەبانی پیرۆزبایی بەستنی کۆنگرەی لە پەیەدە کردووە و دەڵێت: "بەستنی كۆنگرەكەتان لە هەلومەرجێكی هەستیاردایە كە ناوچەكەمان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووچاری ئاڵنگاریی گەورەبووەتەوە، كە لە هەمووكات زیاتر پێویستمان بە هاریكاریی و كاری هاوبەش هەیە بۆ پارێزگاریكردن لە مافە نەتەوەییەكانمان و ئەو دەستكەوتانەی بەدەستهاتوون."

سەرۆکی یەنەکە دەشڵێت: "ئێمە باوەڕمان وایە هیچ كێشە و ئاریشەیەك نییە كە بە گفتوگۆ چارەسەرنەكرێن، باشترین بژاردەش بۆ ئەم گۆڕانكارییانەی هاتوونەتە پێش چارەسەری ئاشتییانە و پەنابردنە بۆ گفتوگۆ وەك وتوشمانە هەتا پرسی كورد لە ناوچەكەدا چارەسەرنەكرێت سەقامگیریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدینایەت و هیوادارم هەموولایەك بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ باوەڕی تەواومان بە پێكەوەژیان و كاری پێكەوەیی ببینە هاوبەش نەك دوژمنی یەكتری."

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە: "دڵنیام لەم ئەزموونەشتاندا سەركەوتوودەبن، كە چاوەڕوانین ڕاسپاردە و بڕیارەكانتان لە خزمەتی زیاتری ئامانجە باڵاكانی گەلی كورد و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی هەمووگەلان بێت".

لە ٢١ و ٢٢ـی ئەیلوول ١٠ـیەمین کۆنگرەی پارتی یەکێتی دیموکراتی-پەیەدە بە درووشمی “پێکەوە بۆ پێکهێنانی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، چەسپاندنی ئیدارەی خۆبەرێوەبەریی و بنیاتنانی سووریایەکی دیموکرات” لە هۆڵی سەردەم لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو، لە کۆنگرەکەدا هەریەک لە “غەریب حەسۆ و پەروین یوسف” وەک هاوسەرۆکانی نوێی پەیەدە دیاریی کران.