بانگه‌وازێك له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگاله‌وه‌: بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆتان، پلانه‌كان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه

خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نائاسایی ئه‌نجامدا، ئه‌و دیواره‌ی له‌ شه‌نگال دروست ده‌كرێت، گوشاره‌كانی سه‌ر شه‌نگالییه‌كان له‌ ناو كه‌مپه‌كانی هه‌ڵسه‌نگاند و داوای له‌ خه‌ڵكی ئاواره‌ی شه‌نگال كرد كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان.

خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال له‌باره‌ی هه‌ڵكشانی گوشار و سته‌مكاری له‌سه‌ر شه‌نگال هه‌روه‌ها دروستكردنی دیوار له‌ نێوان شه‌نگال و باكور-رۆژهه‌ڵاتی سوریا به‌ شێوه‌یه‌كی نائاسایی كۆبووه‌وه‌.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ساز كرت.

جێگری هاوسه‌رۆكی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شه‌نگال ئازاد حسێن راگه‌یه‌ننراوی خوێنده‌وه‌ و به‌ بیری هێنایه‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ گوشاری جیاجیا ده‌خرێته‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێزدی به‌تایبه‌تیش خه‌ڵكی شه‌نگال.

ئازاد حسێن باسی له‌وه‌كرد، كه‌ كۆمه‌ڵگای ئێزدی ئاگای له‌ هه‌موو ئه‌و گوشار و سته‌مكاریانه‌ ه‌یه‌ و وتی، "زۆربه‌یان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر و هاوپه‌یمانه‌كه‌ی واته‌ پارتی دیموكراتی كوردستان (په‌ده‌كه‌)ه‌وه‌ زۆر گوشار ده‌خرێته‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێزدی و خه‌ڵكی شه‌نگال.

یه‌كێك له‌و گوشار و زۆرداریانه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تی تورك به‌ هاوكاری په‌ده‌كه‌ ده‌یه‌وێت زۆر هێرش بكاته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌سانه‌ی له‌ فه‌رمانه‌كه‌دا، له‌ نه‌هامه‌تی و ناخۆشیدا به‌هانای ئێزدییه‌كانه‌وه‌ هاتن".

راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ به‌م جۆره‌ به‌رده‌وام بوو:

رێگرییه‌كانی په‌ده‌كه‌ له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی شه‌نگالییه‌كان له‌ كه‌مپه‌كان

"له‌لایه‌كی تره‌وه‌ هه‌موو رۆژێك ده‌بینین كه‌ هێرشی جیاجیا له‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێمه‌ له‌ كه‌مپه‌كان ئه‌نجام ده‌درێن، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ناو هه‌لومه‌رجی دژواری كۆچبه‌ریدان. هه‌موو رۆژێك خێمه‌كانیان ده‌سوتێنرێن، په‌ده‌كه‌ش ناهێڵێت ئه‌و خه‌ڵكه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و موڵكی خۆیان، بگه‌ڕێنه‌ سه‌ر خاكی خۆیان، بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان. په‌ده‌كه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌كان ده‌بێته‌ رێگر له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵگای ئێزدی. ئێمه‌ داوا له‌ كۆمه‌ڵگای خۆمان ده‌كه‌ین كه‌ ئاگاداری ئه‌و خه‌ونه‌بن كه‌ په‌ده‌كه‌ به‌سه‌ر ئه‌وانیدا ده‌سه‌پێنێت. بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر خاكی خۆتان و وڵاتی خۆتان ئاوه‌دان بكه‌نه‌وه‌.

دیواری نێوان شه‌نگال و رۆژئاوا ته‌لبه‌ند ده‌كرێت

هه‌روه‌ها، ئه‌وه‌ ماوه‌یه‌كه‌ حكومه‌تی عێراق به‌ هاوكاری په‌ده‌كه‌ و ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌وێت سنورێك له‌ نێوان ئێمه‌ و رۆژئاوای كوردستان دروست بكات. له‌ رێگه‌ی ئه‌و سنووره‌وه‌ ده‌وڵه‌تی تورك ده‌یه‌وێت هه‌ناسه‌ی نێوان شه‌نگال و رۆژئاوای كوردستان دابخات. با حكومه‌تی عێراق له‌و ناوچانه‌ی مه‌ترسی داعش له‌ ئاراایه‌ ئه‌ركی پاراستنی خۆی جێبه‌جێ بكات. یه‌ك داعشیش له‌ رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ نه‌په‌ڕێوه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌نگال.

'شه‌نگال له‌ عێراق ئارامترین شوێنه‌'

ئارامترین شوێن له‌ عێراق شه‌نگاله‌. ئێمه‌ جارێكی تر داوا له‌ گه‌لی ئێزدیمان ده‌كه‌ین كه‌ وشیار بن، بگه‌ڕێنه‌ سه‌ر خاك و وڵاتی خۆیان.

چوارشه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای نیسان

چوارشه‌ممه‌ی سه‌ره‌تای نیسان ئه‌مساڵ له‌ دۆڵی كه‌رسێ پیرۆز ده‌كرێت. ئێمه‌ داوا له‌ گه‌لی خۆمان ده‌كه‌ین كه‌ بێن ئه‌و رۆژه‌ پێكه‌وه‌ پیرۆز بكه‌ین".

هـ . ب