بانگەوازی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆ لەسەر مەخموور دەکرێت

دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک، بانگەوازی لە ئەنقەرە، هەولێر و بەغدا کرد کە گەمارۆ و ئابڵۆقە لەسەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور هەڵبگیرێت.

بانگەوازی بۆ مەخموور

دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک لە بەیاننامەیەکدا تیشکی خستەسەر  بارودۆخی کەمپی پەنابەرانی مەخموور کە لە ١٠ـی نیسانەوە گەمارۆیەکی سەختی لەسەرە

فشار و ستەم

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "گەلی کورد بەهۆی سیاسەتیی نەرێنیی دەوڵەتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تاوەکو ئێستا ڕووبەڕووی گەلێک بارودۆخ و هەلومەرجی دژوار بووەتەوە. لە بەشێک لە وڵاتان نکوڵی لە بوونی کورد کرا و لە هەندێکیان دان نەنرا بە مافە سیاسی و کلتوورییەکانیاندا. لە دەرئەنجامی ئەم سیاسەتە دژە دیموکراتییانەدا بە ملیۆنان کچ و کوڕی گەلی کورد یان دەستبەسرکراون یان کوژراون یانیش بێسەروشوێن کراون. یەکێک لە دەرئەنجامەکان بێگومان کەمپی پەنابەرانی مەخموورە. بەداخەوە لە ساڵی ١٩٩٠ لە تورکیا گەلی کورد ڕووبەڕووی ستەم و زۆردارییەکی زۆر بوویەوە. لەبەرئەوەی بۆ کێشەی کورد پشت بە چارەسەری دیموکراتی نەبەسترا، لە هەموو جێیەک سیاسەتی ئەمنی سەپێنران. لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتانەدا بە هەزاران  گوند سوتێنران، چۆڵکران و بە هەزاران کەسیش لە گوندەکانی خۆیان دەرکران. بەو هۆیەوە لە ساڵانی ١٩٩٣-١٩٩٤ـدا بە هەزاران کەس ناچاربوون کە کۆچ بکەن و ڕوویان لە باشووری کوردستان کرد.

ئاوارەیی منداڵ، گەنج و ژنان لە کەمپی جیاوازەوە بەرەو زاخۆ و لەوێشەوە بەرەو مەخموور یەکجار دژوار و ئازاربەخش بوو. هەربۆیە قبووڵکردنیشیان وەک پەنابەری سیاسی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە زۆر جار ڕووبەڕووی هێرش و ئاستەنگ بوویەوە و مخابن ئەم دۆخە نەگۆڕا."

یاسای نێونەتەوەیی پێشێل دەکرێت

لە درێژەدا هاتووە: "مافی پەنابەران کە لەلایەن یاسای نێونەتەوەییەوە دەپارێزرێت، بەتایبەت بەهۆی خەمساردی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە گەلێک جار لەلایەن هێز و دەوڵەتە ناوچەییەکانەوە پێشێل کراون. بەم شیوەیە ژیانی ڕۆژانەی زیاتر لە ١٣ هەزار کەس کە لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور دەمێننەوە، تا دێت زەحمەتتر دەبێت.

ئابڵۆقەیەک کە لە ١٠ـی نیسانەوە بەردەوامیی هەیە

لەم دواییانەدا و حکومەتی عێراق لە ١٠ـی نیسانی ٢٠٢٥ـەوە ئابڵۆقەیەکی قورسی خستووەتە سەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور. لە ئەنجامی ئەم ئابڵۆقەیە، دانیشتووانی کەمپەکە ناتوانن پێداویستییەکانی ڕۆژانەی خۆیان دابین بکەن، خزمەتگوزارییەکان جێبەجێ ناکرێن و ئاستەنگ بۆ مافە تەندروستییەکان دروستدەکرێت. سەرەڕای ئەوەی ١٤ـی ئایار شاندێک تایبەت بە هەڵگرتنی ئەو ئابڵۆقەیەش سەردانی بەغدای کردبوو، شاندەکە لە گەڕانەوەیاندا لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستگیر کراون و تاوەکو ئەمڕۆش ئازاد نەکراون.

پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ بێتە دەنگ

وەک دەستپێشخەریی یەکێتیی دیموکراتیک ڕایدەگەیەنین، ئێمە ئابڵۆقە و گەمارۆی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخموور قبووڵناکەین و بەتوندی ئیدانەی دەکەین. لە هەمان کاتدا نوێنەرانی بەرپرسیاری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە کەمتەرخەم دەزانین بانگەوازیان بۆ دەکەین کە دەمودەست بە ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن. لەو چوارچێوەیەدا پێویستە ئابڵۆقە هەڵبگیرێت، مافەکانی تەندروستی و گەشت و کارکردن دابین بکرێن، ڕێگری لە هێرشی ئاسمانی و گەمارۆ بۆ سەر کەمپەکە بکرێت."

پێویستە دان بە مافی گەلی مەخمووردا بنرێت

لە کۆتاییدا بانگەوازی بۆ هەنگاونان بۆ لابردنی گەمارۆکانی سەر کەمپی مەخبموور کراوە و دەڵێت: "بانگەوازی ئێمە لە حکومەتی بەغدا، هەولێر و ئەنقەرە ئەوەیە کە پێویستە مافی خەڵکی مەدەنیی کەمپی مەخموور دانی پێدا بنرێت و بپارێزرێت. هەربۆیە مەخموور جێگای هەزاران کەسی مەدەنییە و ٣١ ساڵە ژیانێکی مەدەنی هەیە. پێویستە بەهیچ جۆرێک لەبیر نەکرێت کە چیرۆکی گەلی مەخموور، یەکێکە لە چیرۆکەکانی کۆمەڵگەیەک کە لەناو زوڵم و زۆردا دەستی لە شکۆ و بوونی خۆی بەرنەداوە. ئێمە دەزانین کە هۆکاری هێرشیش لەسەر گەلی مەخموور ئەم ڕاستییەیە.

بەهیچ جۆرێک بێدەنگ نابین

ئێمە لە بەرامبەر هێرش و ئابڵۆقەکانی سەر پەنابەرانی مەخموور بەهیچ جۆرێک بێدەنگ نابین و هەمیشە لەگەڵ خوشک و برایانی خۆمانین. هیوا و بانگەوازی ئێمە ئەوەیە کە دەمودەست داواکاریی و پێویستییەکانی پەنابەرانی مەخموور جێبەجێ بکرێن. هەربۆیە سیاسەتەکانی سەر کەمپی مەخموور بەگوێرەی یاساکانی مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی و بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانیش تاوانە و مایەی قبووڵکردن نین."