سەرباری کەشی توندی ئەمنی لە دەوروبەری گۆڕستانەکان، بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لە شارە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکوانان و کەسوکاری گیانبەختکردوان سەردانی گڵکۆی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانی ژن ژیان ئازادییان کرد و وێڕای بەرزڕاگرتنی یادی ئەو گیانبەختکردووانە دژی دەسەڵات دروشمیان وتەوە.
دوای ئەوەی لە ١٦ی ئەیلولی ساڵی رابردوودا ژینا ئەمینی کچە کوردی خەڵکی شاری سەقز لە لایەن پۆلیسی ئاکاری تارانەوە بە پاساوی حیجاب کوژرا، سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی سەرتاسەری ئێرانی گرتەوە و تائێستاش بەردەوامە، بە گوێرەی ئاماری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زیاتر لە ٥٠٠ کەس لەو سەرهەڵدانەدا کوژراون کە نزیکەی یەک لە سەر چواریان کوردن.
لە بۆنە و یادە جیاجیاکاندا گڵکۆی ئەو گیانبەختکردووانە دەبێتە مەکۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات و لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە لە شاری سەقز ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان روویان کردە گۆڕستانی ئایجی شارەکە کە گڵکۆی ژینا ئەمینی و ژمارەیەکی دیکە لە گیانبەختکردووانی تێدایە و بە وتنەوەی دروشمەکانی وەک "ژن، ژیان، ئازادی"، "کوردستان گۆڕستانی فاشیستان" و "نەمان بۆ دیکتاتۆر" ناڕەزایەتییان بەرامبەر بە دەسەڵات دەربڕی.
لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا هێزێکی زۆری ئەمنی کۆکرابوە، بەڵام ئەوە رێگریی لە توڕەیی جەماوەرەکە نەکرد و کاردانەوە بەرامبەر بەو هێزانە و دەسەڵات نیشاندرا و چەندین سرودی شۆڕشگێڕی وترانەوە و جەختیان لەسەر درێژەدان بە سەرهەڵدانەکە کردەوە تا گەیشتن بە ئامانجەکانی.
هاوکات لە شاری بۆکانیش کە یەک لە ناوەندە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی بوو ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان روویان کردە گۆڕستانی ئەو شارە و گڵکۆی گیانبەختکردووانی سەرهەڵدانەکەیان بەسەر کردەوە و چەندین دروشم و سرودی شۆڕشگێڕیی وەک ئەی شەهیدانیان وتەوە.
لە شاری مەهابادیش سەدان کەس لە چالاکوانان و بنەماڵەی گیانبەختکردووان روویان کردە گۆڕستانەکان و مەزاری گیانبەختکردووانین بەسەر کردەوە و دروشمەکانی وەک شەهید نامرن و "ژن، ژیان، ئازادی"و سرودی نەتەوەیی "ئەی رەقیب"یان وتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە شارەکانی دیکەی وەک سنە، دیواندەڕە، کامیاران، دێوڵان، مەریوان، جوانڕۆ و چەند شارێکی دیکەی رۆژهەڵاتیش بە بۆنەی جەژنی رەمەزانەوە مەزار و گلکۆی گیانبەختکردوان بەسەر کراوەتەوە.
هـ . ب