بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە وان لافاو دروست بوو

بەهۆی بارینی بارانێکی بەخوڕ لە دوو ناوچەی پارێزگای وان لافاو دروست بوو و لافاوەکە زیانی لێکەوتەوە.

لە ئەنجامی بارینی بارانێکی بەخوڕ لە ناوچەکانی قەلقەلی و سەراوێی سەر بە وان لافاو دروست بوو. بەهۆی لافاوەکەوە خانوویەک داڕماوە و زیان بەر کێڵگە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچانە کەوتووە و مانگایەکیش مردار بووەتەوە.

لافاوەکە بەتایبەتی کاریگەری لەسەر گوندەکانی ئاخروکا جێرێی سەر بە ناوچەی قەلقەلی و خەراپسۆرکی سەر بە ناوچەی سەراو بووە. بەهۆی لافاوەکە لە هەردوو گوندەکە، خەڵکێکی زۆر لە ماڵەکانیاندا گیریان خواردووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان ئەو خانووەی لە ئەنجامی لافاوەکە وێران بووە، دەکەوێتە گوندی خەراپسۆرکەوە.

ژ.ن