بە هۆی بەڕێوەبەریەکی ئۆتۆریتەر، بێکاری، هەژاری و ناڕۆشنی داهاتووی گەل، خەڵکی باشوری کوردستان ٣٠ ساڵە لەنێو تراژیدیای دواکەوتندایە و زۆر کەسیش بەم هۆیەوە کۆچیان کردووە.
پشت بە وەبەرهێنان نابەسترێت. ٧ ساڵە دەرماڵەی خوێندن کە پارەیەکی کەمیشە بە خوێندکارانی زانکۆ نادرێت. لەگەڵ هەموو هێرش و فشارێک خوێندکاران خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن. موچە بە شێوەیەکی رێک و پێک دابەش ناکرێت.
لەلایەکی دیکەوە بنەماڵەی بارزانی بە ئەندازەی میرنشینەکانی کەنداو لەنێو خۆشی و سەفادان. لە سەرۆکایەتی تا پاراستن، لە سەرۆکوەزیری تا هەواڵگری، لە بەڕێوەبەرایەتی ئابۆریەکان تاوەکو ئاسایش، هەموو چەمکە گرینگەکانی باشوری کوردستان لە دەستی بنەماڵەی بارزانیدایە. جگە لەوە، بەمە تێرنابن، لە دوبەی تاوەکو ئەمریکا، لە ئەستەنبوڵ تاوەکو لەندەن، ماڵ و موڵک دەکڕن و پارەی خەیاڵی کە موڵکی گەلە بۆ بەرژەوەندی و خۆشی خۆیان سەرف دەکەن. ڕۆژنامەی زه ئهمریكان پرۆسپێكت ڕاپۆرتێکی درێژی لەسەر موڵکێکی بارزانیەکان لە ئەمریکا بڵاوکردەوە و تیایدا زۆر وردەکاری ئاشکرا کردووە.
ڕاپۆرتەکە لەژێر ناوی “دەرمانخانەیەكی كاوبۆیی.. پاشماوەی گەندەڵی لەعێراقەوە بۆ ویلایەتی میامی” بوو لە ئامادەکردنی زاک کۆپلینی ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکاری بوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا تەواوی وردەکاریەکانی موڵکەکە باسی لێوەکراوە لێرەدا کورتەی کڕینی موڵکەکە باس دەکەین، کە بۆ شاردنەوەی ناوی سەرۆکی حکومەتی هەرێم چەندین ڕێگا گیراوەتە بەر.
ڕۆژنامە ئەمریکیەکە لەسەرەتای ڕاپۆرتەکەید دەلێت: لە دوورییەكی كەمەوە لە دەریا، لە ناوجەرگەی (ساوس بیچ)ی سەرنجڕاكێش لە میامی، دەرمانخانەیەك هەیە كە لەوانی تر ناچێت، گەشتیاران كە كرێمی دژە خۆرو كڵاوی لەپوش دروستكراو لە دەرمانخانەی (cvs) لە شەقامی واشنتۆن دەكڕن، پارەكەیان بۆ پیاوێكی گەندەڵ دەڕوات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەهای ئەم بینا شوشەییە كە دەرمانخانەكەی تێدایە و روبەرەكەی نزیكەی (12 هەزار) مەتر گۆشەیە بەهاکەی (18 ملیۆنو 300 هەزار) دۆلارە.
ئاماژەی بەوەکردووە کە ساڵی 2019 لەسەر بنەمای تۆماری خانوبەرەی میامی، میدیای لۆكاڵی خاوەندارێتی ئەم بینایەی گەڕاندەوە بۆ كۆمپانیایەكی خانوبەرە لە ڤێرجینیا بەناوی (KLNB)، بەڵام نوێنەری ئەم كۆمپانیایە وتی: ئێمە خاوەنی ئەو بینایە نین و بەشدارن نین لە گرێبەستەكەیدا.
بیناكە لەلایەن كۆمپانیایەكی وەهمییەوە لە دیلاوێر كڕدراوە، لە تۆماری دامەزراندنی كۆمپانیاكەدا ناوی خاوەنی راستەقینەی بیناكە كە مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستانە شاردراوەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە بەهۆی نەوت و گەندەڵییەوە، بارزانییەكان بڕێكی زۆر سەروەت و سامانیان كۆكردوەتەوە، بۆ نمونە وەبەرهێنان لە بواری خانوبەرەدا لە كوردستان هی كۆمپانیایەكە كە بەشێوەیەكی نهێنی بەستراوەتەوە بە یەكێك لە براكانی سەرۆك وەزیرانەوە، كە بەهاكەی بە ملیارێكو 27 ملیۆن دۆلار ئەژمار دەكرێت، وەكو ستەمكارەكانی تر، بارزانییەكان پەنایان بۆ پەناگە نهێنییەكان بردووە، لەنمونەی ئەو شوێنانەی كە لە بەڵگەنامەكانی (پەنەما)و (باندۆرا)دا بۆ شاردنەوەی پارە ناویان هێنراوە.
ڕاپۆرتەکە باسی لە زۆر وردەکاری لەسەر بارزانییەکان کردووە و دەشڵێت: لەبری كەناراوەكانی دورگەی كایمان، بارزانییەكان بینای ئۆفێسەكانیان لە دیلاوەر هەڵبژاردووە، كە كۆمپانیای (CT Corporation) خاوەندارێتی دەكات، كە لقی ئەمریكای كۆمپانیایەكی هۆڵەندییە بەناوی (Wolters Kluwer)و تایبەتمەندە لەبواری دروستكردنی كۆمپانیای نادیاردا.
سیستمی نهێنیبوونی كۆمپانیاكان لە ئەمریكا، بە نزیکەیی هاوتایە لەگەڵ ئەوەی كە لە هەر دورگەیەكی كاریبی لەم بوارەدا هەیە، لە زۆرێك لە وڵاتان لەبری ئاشكراكردنی ناوی خاوەنی راستەقینەی موڵكەكان، دەكرێ كەسانی دەوڵەمەند ناوی بریكارو نوێنەری خۆیان بخەنە سەر نوسراوی كۆمپانیاو هەرگیز داوایان لێناكرێت زانیاری لەبارەی خاوەندارێتییەكەیانەوە بدەن، تۆڕێك لە ژمێریارو كۆمپانیای پارێزەرایەتیو راوێژكارەكان لە نمونەی كۆمپانیای (Wolters Kluwer) هەڵدەستن بە دروستكردنی ئەم كۆمپانیا نهێنیانە بۆ هەر كەسێك كە پارەیان پێبدات.
ڕاپۆرتەکە باسی لەوە کردووە کە هەرێمی کوردستان ناوچەیەكی نیمچە سەربەخۆیە لە باكوری عێراق، لە هەموو شتێكدا پادشایەتییەكی پشتاوپشتە تەنیا لە ناوەكەیدا نەبێ، ماوەی چەندین دەیەیە، بنەماڵەی بارزانی هەژمونیان بەسەردا كردووە.
دەشڵێت: سەرمایەگوزاری بنەماڵەی بارزانی لەنمونەی ئەم دەرمانخانەیە لە میامی، نیشانی دەدات بۆچی ئەمریكا بووە بە سیمایەكی سەرەنجڕاكێش بۆ پارە پیسەکان.
پەناگە نهێنییەكان ئەو شوێنانەن كە تێیاندا داوای ئاشكراكردنی ناوی خاوەنو پشكداری كۆمپانیاكان ناكرێت، ئەمە دەرفەت بۆ هەموو جۆرە تاوانێكی دارایی خۆش دەكات، لەوانە هەڵاتن لە پێدانی باج، شتنەوەی پارە، ئاسانكاریكردن بۆ بەرتیلدان، بەڵام بەپێچەوانەی پادشای ئوردنو سەرۆكی پێشووی ئەرژەنتینەوە كە كۆمپانیا نهێنییەكانیان لە بەڵگەنامە دزەپێكراوەكاندا ئاشكرا بوو، سەروەتو سامانی بارزانیو گرێبەستە بازرگانییەكانی لە بەڵگەنامەكانی پەنەماو باندۆرادا ئاشكرا نەكرا.
ڕاپۆرتەکە وتویەتی کە خاوەنداریەتی ئەو موڵکە بەهۆی هەڵەیەکەوە ئاشکرا بووە، دەشلێت هەڵەیەکی هاوشێوە بوو كە كۆشكەكەیانی لە ڤێرجینیا ئاشكرا كرد، كە ساڵی 2010 لەلایەن كۆمپانیایەكی نادیارەوە كڕیبویان.
ئاشکراشیکردووە کە بەڵگەنامەكان ئەمەیان نیشان نەدا کە خاوەنداریەکەی هی ئەوان بێت تا ئەوكاتەی كەسێك بە هەڵە رێگەی دا بە هەڵوەشاندنەوەی تۆماركردنی كۆمپانیای ڤێرجینیا، نوسراوەكە لەلایەن سەرۆكی گروپی (ستێر)ەوە ئیمزا كرابوو، كە كۆمپانیایەكی كوردییەو بەگوێرەی بروسكەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا كە سایتی (ویكیلیكس) بڵاویكردنەوە “گروپی ستێر لەلایەن ئەندامانی بنەماڵەی بارزانییەوە خاوەندارێتی دەكرێت”.
بارزانییەكان تەنیا بۆ شاردنەوەی پارەكانیان سود لە كۆمپانیا نهێنییەكانی ئەمریكا وەرناگرن، بەڵكو بەكاریشیان دەهێنن بۆ فریودانی ئیدارەی ئەمریكا، هەردوو كۆشكەكەیان لە كالیفۆرنیا پەیوەندیدارن بە فێڵێک كە لە پەنتاگۆن كراوە، ئەم كۆشكانە ساڵی 2018 لەلایەن كۆمپانیا نادیارەكانەوە لە دیلاوێرو ڤێرجینا كڕدراون، لەرێگەی نوێنەرانی كۆمپانیایەكی پارێزەرایەتی بچوك، ئەم كۆشكانە لە گەورەترین پرۆسەی كڕینەكان لە مێژووی (بێڤرلی هێڵز)دا، ئەمەش كاتێك ئاشكرا بوو كە كەرتی خانوبەرە لە (Variety) ناوی كارمەندەكەی بنەماڵەی بارزانی (هەڤاڵ دۆسكی) لەسەر نوسراوی تایبەت بەو موڵكانە ئاشكراكرد.
هەموو ئەمانە ئەو پرسیارە دەوروژێنن: ئایا بارزانییەكان هاوشێوەی ستەمكارەكانی تر چەندێك موڵكو ماڵی شاراوەیان لە ئەمریكادا هەیە؟ پارێزەری كۆمپانیاكان هەڵە دەكەن، بەڵام هەموو جارێك نا، رەنگە زۆریش هەڵە نەكەن.
موڵکێکی دیکەی مەسرور بارزانی لە نزیک کۆشکی سپی ئاشکرادەکرێت
ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایدەکات، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم “جگە لەو موڵکە ١٨ ملیۆن دۆلارییەی کە میدیایەکی ئەمریکیی ئاشکرایکردووە، موڵکێکی دیکەی لەنزیک کۆشکی سپی ئەمریکا هەیە و بەهاکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە.
سەرکەوت شەمسەدین، ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تەلەفزیۆنی عەهدی عێراقیی ڕاگەیاندووە: مەسرور بارزانی موڵکێکی لەنزیک کۆشکی سپی ئەمریکا کڕیوە لە واشنتۆن بەهاکەی ١٠ ملیۆن دۆلارە.
ئاشکراشیکردووە، خزم و نزیکەکانی بارزانیی خاوەنی موڵکێکی زۆرن لە دەرەوەی وڵات، جەختیشیکردووەتەوە: چەندین مومتەلەکاتی جیاواز لە ئەمریکا بە ناوی کەسە نزیکەکانی مەسرور بارزانییەوە تۆمارکراون”.
ئەو پەرلەمانتارەی خولی پێشوو بەپێویستیشی دەزانێت، دەستەی دەستپاکیی عێراق دۆسیە بۆ موڵک و سامانی بنەماڵەی بارزانی لە دەرەوەی وڵات بکاتەوە و سەرمایە داراییەکانیان ئاشکرابکات، ئەوەشی وتووە: پارتی دیموکراتی کوردستان پەرلەمانی کوردستانی کۆنترۆڵ کردووە و ڕێگری لە بەدواداچوونکردن لەبارەی موڵک و سامانی ماڵی بارزانی دەکات.
ف.ق